#مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز

پێويسته‌ موسڵمانان له‌ پێشوازی مانگی ره‌مه‌زانی پيرۆزدا ره‌چاوی ئه‌م خاڵانه‌ بكه‌ن

هەواڵی / 18/3/2023 238 جار بینراوە

پێويسته‌ موسڵمانان له‌ پێشوازی مانگی ره‌مه‌زانی پيرۆزدا ره‌چاوی ئه‌م خاڵانه‌ بكه‌ن

د.جه‌ميل سورچی
له‌ گه‌ڵ هاتني مانگي پڕ خێرو به‌ره‌كه‌ت پێويسته‌ له‌ سه‌رمان وه‌ك موسڵمان ره‌چاوي ئه‌م خاڵانه‌ي خواره‌وه‌ بكه‌ين، بۆ ئه‌وه‌ي سوودمه‌ندبين له‌ خێرو بێره‌كاني و دواتر په‌شيمان نه‌بين له‌ له‌ده‌ست داني ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ خوداييه‌ كه‌ به‌ به‌نده‌كاني ده‌دات له‌م مانگه‌ پيرۆزه‌:
1 – به‌ڕۆژووبووني گشت ڕۆژه‌كاني و له‌ ده‌ست نه‌داني ڕۆژووي هيچ ڕۆژێكي به‌ بێ هۆي شه‌رعي، چونكه‌ ئه‌م خێره‌ زۆره‌ي كه‌ له‌ به‌رۆژوو بووني ئه‌م مانگه‌ به‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت له‌ رۆژي مانگه‌كان و رۆژه‌كانيتر ناتوانيت به‌ده‌ستي بهێنيت له‌ رێگاي قه‌زاكردنه‌وه‌.
2 – هه‌وڵ بده‌ به‌ڕۆژوو بوونت ته‌نها خۆ برسيكردن و تێنوو كردن نه‌بێت، به‌ڵكو له‌ گه‌ڵ ئه‌مه‌ش با هه‌موو ئه‌نداماكاني له‌شت به‌ ڕۆژووبن له‌ گوناهو تاوان.
3 – تێبكۆشه‌ بۆ ئه‌وه‌ي ره‌مه‌زان گۆڕانكاريت به‌سه‌ردابێنێت له‌ رووي ته‌عامول و هه‌ڵسوكه‌وتت له‌ گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ي حيكمه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ي رۆژوو له‌ خۆمان به‌دي بكه‌ين و فێري سه‌برو ئارامگرتن و دان به‌خۆداگرتن ببين له‌م مانگه‌دا.
4 – هه‌ست كردن به‌ پێداويستي فه‌قيرو هه‌ژارو لێقه‌وماوان له‌م مانگه‌دا، به‌هاناوه‌ چوونيان و درێژكردني ده‌ستي يارمه‌تي بۆيان.
5 – نواندني سه‌خاوه‌ت و يارمه‌تيداني فه‌قيران.
6 – ده‌ركردني زه‌كات له‌ ماڵ و سه‌روه‌ت و سامانمان به‌ ته‌واوي و گه‌ياندني به‌ ده‌ستي ئه‌و كه‌سانه‌ي كه‌ زه‌كاتيان پێده‌شێت.
7 – مننه‌ت نه‌كردن له‌ خێركردن و زه‌كات دان، چونكه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ مايه‌ي پوچه‌ڵ بوونه‌وه‌ي خێرو سه‌ده‌قات.
8 – ئه‌نجامداني نوێژه‌كان به‌ كۆمه‌ڵ له‌ مزگه‌وت، ئه‌گه‌ر نه‌كرا ده‌كرێت له‌ ماڵه‌وه‌ به‌ كۆمه‌ڵ بيكه‌ن، به‌ هه‌مان شێواز نوێژي ته‌راويح.
9 – زۆر دوعاكردن و پاڕانه‌وه‌ له‌ كاتي به‌رۆژوو بونت به‌ تايبه‌تيش له‌ كاتي رۆژوو شكاندن و فتاركردنه‌وه‌.
10 – جێبه‌جێكردني نوێژه‌ سونه‌ته‌كان له‌ مانگي ره‌مه‌زان، چونكه‌ خێر له‌ مانگي ره‌مه‌زان چه‌ندانه‌ ده‌بێته‌وه‌و زۆرتره‌.
11 – زۆركردني زيكرو يادي خوا له‌ شه‌وو رۆژه‌كاني.
12 – دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ هه‌موو گوناهو تاوانێك و ئاگاداربوون له‌وه‌ي كه‌ خێري رۆژوه‌كانمان بفه‌وتێنين به‌ غه‌يبه‌ت كردن يان هه‌ر گوناهێكيتر.
13 – پارێزگاريكردنمان له‌ سه‌ر كات له‌م مانگه‌ پيرۆزه‌و به‌ فيڕۆ نه‌داني به‌ شتي بێسوودو كه‌ڵك و دووركه‌وتنه‌وه‌مان له‌ هه‌موو ئه‌و به‌رنامه‌ ته‌له‌فزيۆنيانه‌ي كه‌ سوودمان پێناگه‌يه‌نن، به‌ڵكو مايه‌ي زه‌روو زيانين بۆ تاك و كۆمه‌ڵگا.
14 – گرنگي دان به‌ خوێندنه‌وه‌ي قوڕئان له‌م مانگه‌دا كه‌ مانگي هاتنه‌خواره‌وه‌يه‌تي، وه‌ به‌سه‌ربردني زۆربه‌ي كاته‌كان له‌ خزمه‌تي به‌ خوێندنه‌وه‌و تێگه‌يشتني و كارپێكردني.
15 – خزمه‌تكردني دايك و باوك و جێبه‌جێكردني سيله‌ي ره‌حم و ئاشتبوونه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ كه‌س و كارو خه‌ڵكانيتر نواندني بورين لێيان، بۆ ئه‌وه‌ي عه‌فوي خوا به‌ده‌ست بێنين.
16 – جێبه‌جێكردني سونه‌ته‌كاني رۆژوو له‌ پارشيو خواردن و زوو فتاركردنه‌وه‌ له‌ دواي بووني نوێژي مه‌غريب، به‌ربانگ كردنه‌وه‌ به‌ خورماو دوعاكردن له‌ دواي فتاركرنه‌وه‌.
17 – نييه‌ت هێنان له‌ سه‌ره‌تاي ره‌مه‌زان بۆ به‌ رۆژوو بووني هه‌موو رۆژه‌كان و داواكردني يارمه‌تي له‌ خوا بۆ ئه‌وه‌ي بتوانێت به‌ ته‌واوي مانگه‌كه‌ به‌ رۆژووبێت.
18 – وه‌رگرتني ئه‌م مانگه‌ وه‌ك ده‌رفه‌تێك بۆ ئامۆژگاري كه‌س و كاري به‌ تايبه‌ت كه‌ سفره‌ي ره‌مه‌زان هه‌موو ئه‌ندامه‌كاني خێزان رۆژانه‌ كۆده‌كاته‌وه.
19 – يارمه‌تيدان له‌ نێو ئه‌نداماني خێزان بۆ رايكردني كارو باري نێو ماڵ و پاراستني خۆشه‌ويستي و ئاشتي له‌نێو گشت ئه‌ندامه‌كان.
20 – له‌ بير نه‌كردني فه‌قيرو بێنازو يه‌تيم له‌ يارمه‌تيدان و خواردني به‌ربانگ.
21 – خۆپارێزي له‌م نه‌خۆشي و ڤايرۆسه‌ و دوعاكردني هه‌موو لايه‌ك بۆ ئه‌وه‌ي خواي گه‌وره‌ له‌ سه‌ر هه‌موو لايه‌كمان لايببات به‌ ره‌حم  وسۆزي خۆي.
22 – دوور كه‌وتنه‌وه‌ي تاوانباران له‌ تاوانه‌كانيان و رووكردنيان له‌ خێرو چاكه‌.
23 – مانه‌وه‌ي زۆر له‌ مزگه‌وت به‌ مه‌به‌ستي (اعتكاف) وخوا په‌رستي به‌ تايبه‌تي له‌ ده‌ شه‌وو رۆژي كۆتايي مانگي ره‌مه‌زان.
24 – زيندووكردنه‌وه‌ي شه‌واني مانگي ره‌مه‌زان به‌ عيباده‌ت و خودا په‌رستي و خێرو چاكه‌ كردن به‌ گشتي و به‌ تايبه‌تيش ده‌ شه‌وي كۆتايي به‌ مه‌به‌ستي گه‌يشتن به‌ شه‌وي قه‌در كه‌ خێرو خودا په‌رستي تێيدا خێري زياتره‌ له‌ هه‌زار مانگ
25 – دوور كه‌وتنه‌وه‌ي ده‌زگاكاني راگه‌ياندن له‌ هه‌موو ئه‌و به‌رنامانه‌ي كه‌ هه‌ستي موسڵمانان بريندار ده‌كه‌ن و خزمه‌ت به‌ بيروباوه‌ري ئيسلام ناكه‌ن و زه‌ره‌رو زيان له‌ تاك و كۆمه‌ڵگامان ده‌ده‌ن له‌ رووي ئه‌خلاق و عه‌قيده‌وه‌.
26 – تاجيره‌كان با ئه‌م مانگه‌ به‌ ده‌رفه‌ت وه‌رگرن بۆ به‌ ده‌ستهێناني ره‌زامه‌ندي خوا به‌ دروستكردني هه‌رزاني و داشكاندني نرخه‌كان بۆ ئه‌وه‌ي له‌م رێگه‌وه‌ رێز له‌م مانگه‌ بگرن و يارمه‌تي فه‌قيرو هه‌ژاران بده‌ن.
له‌ گه‌ڵ رێزو خۆشه‌ويستيم بۆ هه‌موو لايه‌ك خواي گه‌وره‌ يارمه‌تي هه‌موو لايه‌كمان بدات و لێماني قه‌بول بكات .

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌