چاوەکانی سەر یەکێتی

وتار/ 05/09/2021 281 جار بینراوە

ئیبراهیم عەباس

چاوەکانی سەر یەکێتی

ئیبراهیم عەباس
دواجار حەزبکەن، یان نیگەران بن، چاوەکان هەمووی کەوتونەتە سەر یەکێتی، ئەو حزبەی ئاشبەتاڵی شۆرشی ئەیلول داینەمۆی دامەزراندنی بوو، لێ گروتینی خەباتیان بووە سەلوای راپەرینی خەڵکی کوردو حوکمڕانی کورد لە هەرێمی کوردستان.
بەڵام لە ئێستادا حزبەکە خزاوەتە ململانێکی خۆخنکێنەر، تا ئەو جێگایەی هەڵسوڕێنەرانی باڵای حزبەکە سەرمەستی پۆست و پلەو پارە بەجۆرێک بەرچاوی گرتن قەقنەس ئاسا لە مەرگی جەماوەری خۆیان بێ باکن.
رەگی کێشەی یەکێتی بەو قوڵیەی ئێستا بۆ رێکەوتنی ستراتیژی دەگەڕێتەوە،  رێکەوتن و نزیکبوونەوەی زیاد لە پێوستی مام جەلال لە پارتی کەلێنێکی خوڵقاند دووبەرەکی لە هەناوی یەکێتی لێ بکەوێتەوە، پۆستی سەرۆککۆماریش کەبەرهەمە گەورەکەی رێککەوتنە ستراتیژیەکە بوو،  هەر سەری تاڵەبانی نەخوارد، کە هیلاکەتی زۆر جەڵدەی مێشکی بۆ خوڵقاند، بەڵکو نەوشیروان مستەفای لە حزبەکە دابڕی.
سەیر ئەوەیە کێشەی د.بەرهەم ساڵح هەرپەیوەست بوو بە پلەی وەرگرتنی سەرۆک کۆمار، کاتێک هەڵپەی زۆری ناوبراو ماڵی تاڵەبانی هاندا بەرهەم ساڵح فڕێبدەنە دەرەوەی حزب، بەڵام پێداگری ئەمریکییەکان بۆ یەکلابوونەوەی پۆستەکە بۆ بەرهەم ساڵح، ماڵی تاڵەبانی ناچار بەگەڕانەوەی ناوبراو بۆ ناوحزبەکەیان کردو بەیەکێتی بوونەوە، بووە سەرۆک کۆمار.
هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن، خاڵی جەوهەری کێشەی ئێستای ئاوتکردنی لاهوری شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکەمی حزبەکەیان، هێندەی پەیوەست بە کورسی سەرۆک کۆماری عێراقەوە بێت، هێندە پەیوەست بە ململانی دەسەڵات، هێز، پارەوەوە نەبێت، ئەکرێت ئەم رەگەزانە پلەی دووەمیان وەرگرتبێت، ئاخر ئەوانەی دارێژەری پیلانی دەرکردن و دەرپەڕاندنی شێخ لاهورن و ئەو دەستانەی لەسەری رەش و هەولێرەوە پاڵنەریانن، هەموویان بە یەکێتی و بەپارتیشەوە، مرخیان لە پۆستی سەرۆک کۆمار، یاخود خانمی یەکەمی عێراق خۆشکردووە، ئەو پۆستەی شێخ لاهور بێ ترسان لە کاردانەوەی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، ئیبراهیم ئەحمەدو مەلا بەختیار سەرەتای ئەمساڵ وتی تاکە کاندیدی داهاتوومان بۆ ئەو پۆستە هەر بەرهەم ساڵح دەبێت.
ئەو روژگارەی تاڵەبانی وەکو خەونێکی سیاسی و حەزێکی تێکۆشانی دوورو درێژی ژیانی، دەیەویست ببێتە یەکەم کورد کە لە مێژوودا ناوی بەسەرۆک کۆماری عێراق بمێنتەوە، لە هەموو ویستەگەکان ئەو پۆستە، بە لێزانی رکابەرە شەیتانیەکەیان، بووەتە سەرەتانی نەخۆشبوونی یەکێتی، نەخۆشییەک ئەگەر ئەمجارە و بۆماوەیەک یەکێتی ئیفلیج نەکات، هەرگیز هەستانەوە بەخۆیەوە نابینێت.

نوێترین نوسینەکانی ئیبراهیم عەباس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌