جاسوسەکەی ماڵی مام جەلال

وتار/ 16/07/2021 647 جار بینراوە

ئیبراهیم عەباس

جاسوسەکەی ماڵی مام جەلال
ئیبراهیم عەباس


مانۆڕێکی خێرای باڤڵ تاڵەبانی پێش گەیشتنی مەکگۆرک بە بەغداو گەیاندنی پەیامی ئەمریکییەکان بە سەرۆک کۆمار، ئاشکراکردنی جاسوسێک بوو، کە گوایە لە ماڵی مام جەلالدا، بۆ بەرژەوەندی شێخ لاهور جاسوسی بەسەردا کردون. سەلماندن و رەتکردنەوەی ئەم پرسانە کارێکی ئاسان نیەو لە دۆخی دردۆنگیشدا هەرگیز ناتوانرێت راستی دەربکەوێت، بەڵام ئەم پرسە بۆ بابەتێکی هەستیار پەلکێشمان دەکات.
ئەو دۆخەی بۆ کەڵەگایی پارتی لەساحەی سیاسی کوردستان دروستبوو، بەپلەی یەکەم دەزگای جاسوسی پاراستن کردی، کاتێک کەوتنە کڕینی کەسانی ناو یەکێتی و پێشیان وترا لە شوێنی خۆتان بمێننەوە؟! بەڵام چۆن؟
کاتێک بەهۆی پەلکێشی سوپای سەدام بۆ سەر هەولێر، یەکێتی لە هەولێرو دواتر هەموو کوردستان دەرپەڕێندرا، بیرۆکەی زاڵی پارتی لە حوکمڕانی کوردستان، بەهۆی جاسوسییەوە لەناو سەرکردەو کادرو تەنانەت جەماوەری یەکێتی بووە شتێکی ئاسایی، ئاخر تا 31 ی ئاب، یەکێتی ئەوەی لە مێشکی خەڵکی خۆیدا چاندبوو، کە مەسعود بارزانی و بنەماڵەی بارزانی چەند رۆژو مانگێکیان ماوە، یان دەیانێرنەوە بلەو بارزان و بێدەسەڵاتیان دەکەن، یاخود لە ئیبراهیم خەلیلەوە تا ناو تورکیا راویان دەنێن، بەڵام کە بەزەبری دەبابەکانی بەعس پارتی ئەوەی پێچەوانەکردەوەو یەکێتی راوناو بۆ هەمیشەش لە پایتەخت دوری خستنەوە. ئیتر پارتی و پاراستن دەستیان کرد بە کڕینی وەلائی سەرکردەو کادرو جەماوەری یەکێتی، بەتایبەت کەدوا شەڕەکانی پارتی، لەیەک کاتدا لەگەڵ یەکێتی و پەکەکە، لە هاوینی 1997، ئێف شانزەکانی سوپای تورکیا بەسەدان فەرماندەی سەربازی یەکێتیان کەل و پارچەکردو بەهەزاران پێشمەرگەیان کوشت، ئیتر زاڵی، یاخود راستر بڵێین کەڵەگایی پارتی لە بیری سەرکردەکانی یەکێتی بوو بەڕاستی!.
پارتی وبنەماڵەی بارزانی  لەدوای ساڵی 1998ەوە، کە بۆ سوکردنی خیانەتی سەرشانیان لە هەولێر دەستیاندایە هەڵمەتێکی ئاواکاری گەورە، بەو مەبەستەی هەولێری پایتەخت پێش بخەن و خیانەتکاری 31 ی ئاب لە بیری خەڵک بەرنەوە، ئەمە دوا مانۆڕی ئەوسای پارتی بوو بۆ ئەوەی باشتر گەرای خۆفرۆشی لەنزیکەکانی مام جەلال و لەناو یەکێتی دابنێت، ئیتر هەر ئەوەندە توانیان چەند سەرکردەو کادرێک بکڕن و بیانکەن بەجاسوس و لەناو یەکێتی بیانهێڵنەوە، کە ئێستا دەستەواژەی پڕۆ پارتیان بۆ بەکاردەهێنن.
گەرای جاسوسی دەزگای پاراستن بەتەواوی یەکێتی هەڵلوشیووە، بەڵام نە لەسەر دەمی مام  جەلالداو نەدوای ئەویش کەسانێکی ئەوتۆ لەسەر جاسوسیەتی یەکێتیەکان بۆ پارتی و پاراستن سزا نەدراون، ئەگەریش لێرەو لەوێ شتێکی بچوک کرابێت، دژی ئەو کادرە بێکەسانە کراوە، کە کوڕە شێخ و ئاغاو عەشیرەتی گەورەنین.
هێنانەپێشی پرسی جاسوسی کەدوێنی باڤڵ تاڵەبانی باسی کرد، بۆ پەڕوباڵکردنی تەواوەتی شێخ لاهور بوو، بەڵام ئەمریکییەکان و مەکگۆڕک رایان گرت.
پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە، خێرە ماڵی مام جەلال توانیان بەم خێرایە جاسوسێکی لاهور شێخ جەنگی لەناو ماڵی خۆیان دەستگیر بکەن، بەڵام هەرگیز نەیانتوانی جاسوسێکی پارتی و پاراستن لەناو حزبەکەیان دەستگیر بکەن، کە هێندێکیان هێندە ئاشکران، قسەی مەسعود بارزانیان پێ لە کەلامی ربالعالمین گەورەترە؟!.

نوێترین نوسینەکانی ئیبراهیم عەباس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌