ھەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و خوێندنی باڵا ڕێکەوتنەکەیان کارا دەکەن

هەواڵی / 11/1/2017 204 جار بینراوە

تەرخانکردنی کورسی خوێندنی دکتۆرا و ماستەر
ھەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و خوێندنی باڵا ڕێکەوتنەکەیان کارا دەکەن
شه‌ن پرێس:

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لیژنەی ھەماھەنگیی نێوان ھەردوو وەزارەتی (کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو) و (خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی) کرد.
کۆبوونەوەکە تایبەت بە پیادەکردنی ئەو ڕێکەوتننامە ھاوبەشەی ھەردوو وەزارەت کە لە ساڵی ٢٠١٦ واژۆیان کرد و تایبەت بوو بە ھەماھەنگی نێوان ھەردوو وەزارەت بەمەبەستی بە زانستی کردنی وەبەرھێنانی کشتوکاڵیی و سود وەرگرتنی خوێندکارانی زانکۆ لە تاقیگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ .
عەبدولستار مەجید وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە نزیکەوە گوێی لە بۆچوون و ھەنگاوەکانی لیژنەکە گرت بە ئاراستەی جێبەجێکردنی بڕگەو ناوەڕۆکی رێکەوتننامەکە، بە تایبەتیش سیاسەتی وەزارەت کە لەگەڵ ناوەندە زانستییەکان و سەرچاوەکانی زانیاریی زانستی پەیڕەوی دەکات بۆ ئەوەی سێکتەری کشتوکاڵ ببێتە ئەولەویەت لە قۆناغی پەرەپێدان و بەھێزکردنی بنەماکانی ئابووری.
ھاوکات ئەو بڕگەیەی کە پەیوەستە بە تەرخانکردنی کورسیی خوێندن بۆ ماستەر و دکتۆرا لە پسپۆڕییە جیاجیاکانی کشتوکاڵ بۆ کارمەندانی وەزارەت یەکێکی دیکە بوو لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە.
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا خاڵە گرنگ و سەرەکییەکانی کە تایبەتە بە توێژینەوەی زانستی و ئاوێتەکردن و سوودوەرگرتن لە تواناکانی پسپۆڕانی خوێندنی باڵا بۆ سەنتەرەکانی توێژینەوەی کشتوکاڵی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو گفتوگۆی جدی لەبارەوە کرا
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کە لیژنەی ھەماھەنگیی نێوان ھەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی تایبەت بە پیادەکردنی رێکەوتننامە ھاوبەشەکەی نێوان ھەردوولا لە کۆبوونەوەکانیان بەردەوام بێت تاکو بتوانرێت ئامانجەکانی ئەو رێکەوتننامەیە بپێکرێت بۆ بووژانەوەی زیاتری سێکتەری کشتوکاڵ کە بنەمای سەرکیی ئابووریی ھەرێمی کوردستانە.

زۆرترین بینراو