گۆڕان هۆشداری توند ئه‌داته‌ پارتی به‌هۆی ڕووداوه‌كانی بازگەی پردێوە .."بەرپرس نابین"

هەواڵی / 11/1/2017 2678 جار بینراوە

گۆڕان هۆشداری توند ئه‌داته‌ پارتی به‌هۆی ڕووداوه‌كانی بازگەی پردێوە .."بەرپرس نابین"
شه‌ن پرێس:
گۆڕان ھۆشداریدەدات لەئەگەر شەڕی ناوخۆ لەھەرێم بەھۆی ڕێگرییەکانی پارتی لەبازگەی پردێ، پەرلەمانتارێکی گۆڕانیش دەڵێت:"خەڵکی کوردستان با شاھید بن، ھەر پەرچەکردارێک ڕوبدات، پارتی بەرپرسە نەک ھیچ کەسێکی تر"، پەرلەمانتارێکی کۆمەڵیش دەڵێت:"ئەگەر ئێمە زاڵنەبویانە بەسەر خۆماندا، دوێنێ شەڕ ڕویدەداو خوێن دەڕژا".

لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەنوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان کە بۆ ھەریەک لەعەلی حەمەساڵح و سۆران عومەرو د. شێرکۆ حەمە ئەمین بەڕێوەچوو، سۆران عومەر وتی:"بەداخەوە چەکدارێکی زۆر خۆی بەستبوو زۆریش کۆببونەوە".
وتیشی:"کاتێک ڕێگەیان لێگرتم، پرسیارم کرد، وتم نامناسن، وتیان نەخێر، تەنھا ئەوەندە دەزانین تۆ ناتوانیت بڕۆیت، بەڵام ناسنامەم پێدا، وتی کاک سۆران دەمدرێژی مەکەو دەمت داخە".
زیاتر لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، "چەکدارێک بۆکسی بۆ ھاویشتم بۆ ناو سەیارەکە، لەکاتێکدا ژن و منداڵمان لەگەڵە، دواتر بەشەق و بۆکس کەوتنە شکاندنی دەرگاو جامی ئۆتۆمبێلەکە، لەکاتێکدا چەندین بەرپرسی سەربازیی لەناو بازگەکەدا ھەبوو".
لەبارەی ئەوەش ئاخۆ وتەی ئاسایشەکانی پارتی چی بوو لەناو بازگەکان، سۆران عومەر وتی:"ئێمە فەرمانی سەروی خۆمان جێبەجێدەکەین، بەشێکیش لەئاسایشەکان داوای لێبوردنیان لێکردین و وتیان زۆر بەداخەوە، بەڵام فەرمانمان جێبەجێکردوە".
لەبارەی ھەڵوێستی بەرپرسی بازگەی پردێ، پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵی ئیسلامی ھێمای بەوەکرد، "بەرپرسی بازگەی پردێ پێیوتین ھەولێر پیسە ئێوە مەچنە ناوەوە، دوای ھەموو قسەو گفتوگۆیەکی بەرپرسانی باڵای گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، سەرەنجام ھەر ڕێگەیان نەدا بچینە ناوەوە".
سەبارەت بەوه‌ی ئاخۆ چ خوێندنەوەیەکتان بۆ ئەو ڕێگریە ھەیە، سۆران عومەر ڕێگریکردنەکەی بەواقیعی دوو ئیدارەیی لەھەرێمی کوردستان ناوبردو وتی:"ئێمە مەسئولانە مامەڵەمان ئەگەرنا خوێن دەڕژا، چونکە منیش چەکدارم لەگەڵ بوو، دوو ئیدارەیی ھەرێمی کوردستان واقیعەو ئەمەشی ڕویدا سەلماندنی ئەو ڕاستیەیە بەداخەوە، ئێمە حەزمان پێنەکردوەو حەزیشی پێناکەین".
لای خۆیشیەوە عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان ھۆشداریداو ڕایگەیاند، "ئەوە ئێمەی پەرلەمانتارانین زاڵین بەسەر خۆمانداو ڕێگە نادەین پاسەوانەکانمان ھیچ پەرچەکردارێکیان ھەبێت".
وتیشی:"خەڵکی کوردستان دەکەین بەشاھید لەئەگەری ڕودانی شەڕی براکوژی بەھۆی پارتی و بازگەی پردێوە، ڕەنگە ئەمە ویستی ھیچ لایەنێک نەبێت جگە لەپارتی، بەڵام لەھەر پەرچە کردارێکیش با خەڵک شاھیدی ئەمە بن".

زۆرترین بینراو