#پرسی ریفراندۆمی هەرێم

ناڕه‌زایی‌ سه‌د رۆژه‌ی‌ مامۆستایان به‌ره‌و خامۆشبوون ده‌ڕوات

هەواڵی / 11/1/2017 228 جار بینراوە

چاره‌نووسی‌ نا رۆشنی‌ خوێندن
ناڕه‌زایی‌ سه‌د رۆژه‌ی‌ مامۆستایان به‌ره‌و خامۆشبوون ده‌ڕوات

شه‌ن پرێس :
نیقاش - جوانڕۆ محه‌مه‌د
مانگرتنی‌ سێ‌ مانگه‌ی‌ مامۆستایان له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بێ‌ ئه‌نجامێكی‌ ئه‌وتۆ به‌ره‌و كۆتایی‌ ده‌چێت‌و ناڕه‌زاییه‌كان له‌سه‌ر شه‌قامه‌وه‌ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ ناو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.

رۆژی‌ 27ی‌ ئه‌یلولی‌ ساڵی‌ رابردوو كاتێك وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان زه‌نگی‌ ده‌ستپێكردنی‌ ساڵی‌ نوێی‌ خوێندنی‌ لێدا، به‌هه‌زاران مامۆستا له‌پارێزگاكانی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌كانی‌ گه‌رمیان‌و راپه‌ڕین دژی‌ بڕیاره‌كه‌ وه‌ستانه‌وه‌و رایانگه‌یاند پابه‌ندنابن به‌ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ خوێندنه‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ شایسته‌ داراییه‌كانی‌ خۆیان پێده‌درێت، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ هۆڵه‌كانی‌ خوێندن هه‌ر له‌قۆناغی‌ سه‌ره‌تاییه‌وه‌ تا زانكۆ چۆڵ بوون.

كێشه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ مامۆستایان په‌یوه‌سته‌ به‌پێنه‌دانی‌ موچه‌كانیان له‌كاتی‌ خۆیاندا، چونكه‌ مامۆستایان رایده‌گه‌یه‌نن كه‌ سێ‌ موچه‌و نیوی‌ ساڵی‌ 2015و دوو موچه‌ی‌ ساڵی‌ پاریان پێنه‌دراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌مانگی‌ شوباتی‌ 2016ه‌وه‌ به‌بڕیاری‌ حكومه‌ت بۆ به‌رگرتن له‌ته‌شه‌نه‌كردنی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ سیسته‌می‌ پاشه‌كه‌وت راگه‌یه‌ندراوه‌و مامۆستایان نیوه‌ یان چاره‌كی‌ موچه‌كه‌یان پێده‌درێت (به‌پێی‌ بڕی‌ موچه‌كان هه‌ر مامۆستایه‌ك به‌شێكی‌ موچه‌كه‌ی‌ بۆ پاشه‌كه‌وت ده‌كرێت‌و ده‌بێته‌ قه‌رز لای‌ حكومه‌ت).

جگه‌ له‌وه‌ی‌ بایكۆتی‌ هۆڵه‌كانی‌ خوێندنیان كرد، هه‌فتانه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌رۆژانی‌ شه‌ممه‌و یه‌كشه‌مماندا له‌شوێنه‌ دیارو هه‌ستیاره‌كانی‌ ناوچه‌كانی‌ خۆیاندا به‌هه‌زاران مامۆستا ده‌چوونه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان‌و رێی‌ هاتوچۆیان داده‌خست، چه‌ندین رێپێوانیشیان ئه‌نجامدا بۆ به‌رده‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی‌ په‌روه‌رده‌و پارێزگاو نوسینگه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و عێراق‌و دادگاكان‌و باره‌گای‌ ژماره‌یه‌ك له‌حیزبه‌كان.

بۆ رێكخستنی‌ داواكارییه‌كانیان له‌هه‌موو ناوچه‌كان مامۆستایان ده‌سته‌ی‌ تایبه‌تیان پێكهێنا كه‌ به‌ناوی‌ ئه‌وانه‌وه‌ قسه‌ی‌ ده‌كردو داواكانی‌ ده‌خسته‌ روو.

 


دڵشاد میرانی‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌33 ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ ده‌سته‌ی‌ ناره‌زایه‌تی‌ مامۆستایان له‌سلێمانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ناره‌زایه‌تی‌ مامۆستایان ته‌نها له‌سه‌ر موچه‌ نییه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت وانه‌ی‌ نیشتیمانپه‌روه‌ری‌ به‌ده‌سه‌ڵاتێك بڵێینه‌وه‌ كه‌ هیچ خه‌می‌ هه‌رێمه‌كه‌ی‌ نییه‌".

ده‌شڵێت "شانازی‌ گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێستاشی‌ له‌گه‌ڵدا بێت سه‌ره‌ڕای‌ هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی‌ له‌دژمان درا نه‌مانهێشت خۆپیشاندان توندوتیژی‌ لێبكه‌وێته‌وه‌".

ئه‌مه‌ ئه‌و به‌شه‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌یه‌ كه‌ وه‌ك به‌رهه‌م مسته‌فا ئه‌ندامی‌ سكرتاریه‌تی‌ یه‌كێتی‌ مامۆستایان ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات، بۆ هه‌موو مامۆستایان مایه‌ی‌ شانازییه‌، ئه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌م خۆپیشاندانه‌ی‌ مامۆستایان ده‌رئه‌نجامی‌ ئه‌و هه‌مو ناعه‌داله‌تیه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌یكات‌و هۆكاری‌ سه‌ره‌كیش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م وڵاته‌ پیاوی‌ ده‌وڵه‌تمه‌داری‌ تیا نییه‌".

ده‌شڵێت "خۆپیشاندانه‌كه‌مان مۆدێلێكی‌ نوێ‌ بوو به‌وه‌ی‌ به‌رده‌وامین‌و كۆڵناده‌ین‌و كۆكین له‌سه‌ر داواكانمان به‌وشێوازه‌ سه‌رده‌میانه‌یه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌و نه‌شمانهێشتوه‌ زیان بگات به‌یه‌ك شوێنی‌ حكومی‌‌و شه‌قامه‌كانیش، به‌ڵكو خۆمان به‌پارێزه‌ریان ده‌زانین نه‌ك حكومه‌ت".

هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌زموونێكی‌ تاڵی‌ له‌خۆپیشاندانی‌ پڕ توندوتیژی‌ هه‌یه‌، زیندوترین نموونه‌ش خۆپیشاندانی‌ شه‌ست رۆژه‌ی‌ شوبات بۆ نیسانی‌ 2011 بوو كاتێك له‌سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ دژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم خۆپیشاندان به‌ڕێوه‌چوو، به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ ده‌ كه‌س كوژران‌و به‌سه‌دانیش بریندار بوون.

مامۆستایان ئێستا شانازی‌ به‌وه‌وه‌ ده‌كه‌ن زیاتر له‌سه‌د رۆژ درێژه‌یان به‌ناڕه‌زایه‌تی‌ داوه‌و "درێژترین ماوه‌ی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌"یان به‌ڕێوه‌بردووه‌و نه‌یانهێشتووه‌ ئاراسته‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ بۆ توندوتیژی‌ بگۆڕێت، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌و ئاڕاسته‌یه‌ هاندراون.

 


دره‌نگانێكی‌ شه‌وی‌ 27 كانوونی‌ یه‌كه‌م، ئۆتۆمبێلی‌ دوو مامۆستا له‌ئه‌ندامانی‌ ده‌سته‌ی‌ ناڕازی‌ له‌به‌رده‌م ماڵه‌كانی‌ خۆیان له‌سلێمانی‌ سوتێندران‌و چه‌ند رۆژێك دواتر بۆ ماوه‌یه‌ك هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ژماره‌یه‌ك مامۆستایان ده‌ستگیركردو دواتر ئازادیان كردن، هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ له‌لایه‌ن مامۆستایانه‌وه‌ وا لێكدرایه‌وه‌ كه‌ بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ كاردانه‌وه‌ بنوێنن، به‌ڵام دانیان به‌خۆیاندا گرتووه‌، ئه‌وكات چه‌ند لایه‌نێكی‌ سیاسیان به‌سوتاندنی‌ ئۆتۆمبێله‌كان تۆمه‌تباركرد، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ دادگاو هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئه‌و راستیه‌ بسه‌لمێنن.

چه‌ند جارێك ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم داوایان له‌مامۆستایان كرد له‌پێناو نه‌فه‌وتانی‌ چاره‌نووسی‌ ده‌یان هه‌زار خوێندكار پرۆسه‌ی‌ خوێندن په‌ك نه‌خه‌ن، چونكه‌ خوێندن له‌پارێزگاكانی‌ هه‌ولێرو دهۆك به‌ئاسایی‌ به‌ڕێوه‌ده‌چوو، به‌ڵام مامۆستایان به‌ده‌م ئه‌و داواكارییه‌وه‌ نه‌چوون‌و رایانگه‌یاند نه‌ ئه‌وان‌و نه‌ خوێندكاران ناتوانن له‌سایه‌ی‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌دا درێژه‌ به‌خوێندن بده‌ن.

محه‌مه‌د قادر باوكی‌ سێ‌ خوێندكاره‌و ناوه‌ ناوه‌ وه‌ك هاوڵاتییه‌ك به‌شداری‌ خۆپیشاندانی‌ مامۆستایانی‌ ده‌كرد، به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌م مامۆستایانیش بایكۆت بشكێنن من به‌م دۆخه‌مه‌وه‌ منداڵه‌كانم نانێرمه‌وه‌ بۆ خوێندن، چونكه‌ ناتوانم مه‌سره‌فیان بكه‌م، ئه‌و پاره‌ كه‌مه‌ی‌ له‌كرێكاری‌ ده‌ستم ده‌كه‌وێت به‌ش ناكات".

له‌هه‌فته‌ی‌ كۆتایی‌ ساڵی‌ رابردوو دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ مامۆستایان بێهیوابوون له‌وه‌ی‌ حكومه‌ت داواكارییه‌كانی‌ بۆ جێبه‌جێ‌ بكرێت، چونه‌وه‌ خوێندنگاكان، به‌ڵام ئێستاش ژماره‌یه‌ك مامۆستا هه‌ن هێشتا هه‌ر به‌رده‌وامن له‌خۆپیشاندان‌و بایكۆت‌و دووشه‌ممه‌ی‌ رابردوو خۆپیشاندانێكی‌ تریان به‌ڕێوه‌برد، به‌ڵام به‌ژماره‌یه‌كی‌ كه‌متر له‌وه‌ی‌ جاران.

ناسك عوسمان كه‌ دایكی‌ خوێندكارێكی‌ ئاماده‌ییه‌ له‌باره‌ی‌ بایكۆتی‌ مامۆستایانه‌وه‌ ده‌ڵێت "ئه‌وان بایكۆتیانكرد ئێمه‌ له‌پشتیانبوین، به‌ڵام ئه‌واتا ئێستا چونه‌ته‌وه‌ قوتابخانه‌كانیان‌و هیچ ده‌ستكه‌وتێكیان نه‌بوو ته‌نها خوێندنی‌ چه‌ند مانگێكی‌ قوتابیه‌كانی‌ ئێمه‌یان دواخست".

كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ خوێندنی‌ خوێندكارانی‌ پۆله‌كانی‌ 9و 12 به‌ئاسانی‌ قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه‌، چونكه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م دوو قۆناغه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ كوردستان سه‌رتاسه‌رییه‌و ده‌بێت هه‌موو پارێزگاكانی‌ هه‌رێم پێكه‌وه‌ پرۆگرامیان ته‌واو كردبێت.

د.شێركۆ حه‌مه‌ ئه‌مین ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ په‌روه‌رده‌و خوێندنی‌ باڵا له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان سه‌باره‌ت به‌قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ی‌ له‌خوێندن فه‌وتاوه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "گوێمان له‌وته‌ی‌ خوێندكاران گرتووه‌و پێشنیاره‌كانیانمان وه‌رگرتوه‌ كه‌ داوای‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ مه‌نهه‌ج ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌كرا ره‌نگه‌ یه‌كێك له‌بژارده‌كانی‌ تر درێژكردنه‌وه‌ی‌ ماوه‌ی‌ خوێندن بێت".

هیچ یه‌كێك له‌و بژاردانه‌ بڕیاری‌ كۆتایی‌ له‌باره‌وه‌ نه‌دراوه‌‌و چاره‌نووسی‌ ئه‌و مامۆستایانه‌ش نادیاره‌ كه‌ هێشتا درێژه‌یان به‌بایكۆت داوه‌، چونكه‌ ئه‌وان ده‌ڵێن سوورن له‌سه‌ر داواكانیان‌و وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ش ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی‌ ئاماده‌نه‌بێت له‌هۆڵه‌كانی‌ خوێندن رێوشوێنی‌ یاسایی‌ له‌به‌رامبه‌ردا ده‌گیرێته‌ به‌ر.

شۆڕش غه‌فوری‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ڕاگه‌یاندنی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ داواكاری‌ مامۆستایان به‌ڕه‌وا ده‌بینێت، به‌ڵام به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌ئێستادا زۆرێك له‌مامۆستایان چونه‌ته‌وه‌ هۆڵه‌كانی‌ خوێندن‌و له‌مانگی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌مه‌وه‌ ئاماده‌نه‌بوون وه‌رگیراوه‌، ئه‌و مامۆستا هۆشیارانه‌ی‌ هه‌ستیان به‌مه‌ترسی‌ دۆخه‌كه‌ كردوه‌ چونه‌ته‌وه‌ هۆڵه‌كانی‌ خوێندن".

وتیشی‌ "بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ موچه‌ی‌ مانگی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌مدا 150 هه‌زار بۆ مامۆستایانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شارو 100 هه‌زار بۆ مامۆستایانی‌ ناوشار سه‌رفبكرێت به‌هاوكاری‌ رێكخراوێكی‌ خێرخواز".

ئه‌و مه‌یدانه‌ی‌ زۆربه‌ی جار مامۆستایان له‌به‌رده‌م په‌روه‌رده‌ی‌ سلێمانی‌ لێی‌ كۆده‌بوونه‌وه‌ ئێستا یان چۆڵه‌ یاخود ژماره‌یه‌كی‌ كه‌می‌ مامۆستا ناڕه‌زایه‌تی‌ لێ ده‌بینرێت، كامه‌ران قه‌ره‌داغی‌ یه‌كێكه‌ له‌مامۆستایانی‌ ناڕازی‌‌و له‌ڕۆژانی‌ خۆپیشاندانه‌كاندا له‌ڕێگه‌ی‌ وێنه‌كێشانه‌وه‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ناڕه‌زای‌ مامۆستایان ده‌خاته‌ به‌رچاوی‌ به‌رپرسان بۆ "نیقاش" وتی‌ "له‌ئێستادا خۆپیشاندانه‌كان گڕوتینی‌ پێشوی‌ نه‌ماوه‌ به‌هۆی‌ به‌شدارینه‌كردنی‌ هاوڵاتیانه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ فراوان‌و نه‌گۆڕینی‌ شێوازی‌ به‌یاننامه‌كانی‌ مامۆستایانه‌وه‌".

ده‌شڵێت "به‌رده‌وامیمان له‌بایكۆت چاره‌نوسی‌ نادیاره‌ به‌هۆی‌ بێباكی‌ حكومه‌ت‌و پشتگیرینه‌كردنی‌ به‌رفراوانی‌ مامۆستایان".

له‌كۆی‌ زیاتر له‌ 35 هه‌زار مامۆستا كه‌ به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ ده‌سته‌ی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ مامۆستایان به‌شداری‌ بایكۆتیان كردووه‌، ئێستا به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆریان چوونه‌ته‌وه‌ هۆڵه‌كانی‌ خوێندن، به‌ڵام له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ هێشتا توڕه‌یی‌ به‌رده‌وامه‌و له‌یه‌كێك له‌په‌یجه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌مامۆستایانی‌ ناڕازی‌ نوسرابوو "گیرفان به‌تاڵ‌و دڵمان پڕه‌، ئه‌مڕۆش بایكۆت بشكێت رۆژێك دێت به‌گوڕوتینێكی‌ به‌هێزتره‌وه‌ سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه‌".

زۆرترین بینراو