ئاری هه‌رسین توره‌یه‌ له‌ هه‌ڵسوكه‌وتی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی پارتی،داوای لێكۆڵینه‌وه‌ ئه‌كات

هەواڵی / 11/1/2017 481 جار بینراوە

ئاری هه‌رسین توره‌یه‌ له‌ هه‌ڵسوكه‌وتی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی پارتی ، داوای لێكۆڵینه‌وه‌ ئه‌كات .
تاپۆی هه‌ولێر لەسەر هیچ لایەنێكمان نیە بە تەنیا

شه‌ن پرێس :
دوای ڕێگری كردن له‌ دوو په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ بازگه‌ی پردێ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشی پارتی ، پەرلەمانتارێكی پارتیش داوی لێكۆڵینه‌وه‌ ئه‌كات له‌و رووداوه‌ .

ئاری هەرسین پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لەلاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی:" بە توندی ڕێگریكردن لە هەردوو پارلەمانتاری (سۆران عومەر و عەلی حەمە ساڵح) دوێنێ ئێوارە لە بازگەی پردێ مەحكوم دەكەم و هەولێر پایتەختی هەرێمی كوردستانە و تاپۆكەی لەسەر هیچ لایەنێكمان نیە بە تەنیا".

هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد: ئەم كردەوەیە ڕوخسارێكی زۆر ناشارستانی پێوە دیارە وسنوردار كردنی ژیانی شەخسیە و، هەروەها ناشرینكردنی ڕوی گەشی كارمەندانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانە كە بە شەو و بەڕۆژ و بە سەرماو گەرما پارێزەری ئاسایشی سەرو ماڵی هاوڵاتیانن.

ئاری هەرسین داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات لێكۆڵینەوەی پێویست لەسەر ئەم ڕوداوە نەخوازراوە بكەن و هەر كارمەندێكیش كە لەم سەرپێچیەوە گلابێت ڕوبەڕوی دادگا بكرێتەوە.

زۆرترین بینراو