یەکێتی و پارتی: كۆبوونه‌وه‌كانى نێوانمان به‌رده‌وام ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ى به‌ زوویى بگه‌ینه‌ ڕێككه‌وتنێك

هەواڵی / 11/1/2017 153 جار بینراوە

یەکێتی و پارتی: كۆبوونه‌وه‌كانى نێوانمان به‌رده‌وام ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ى به‌ زوویى بگه‌ینه‌ ڕێككه‌وتنێك
شه‌ن پرێس
یەکێتی و پارتی ئەمڕۆ کۆبوونەوە و تاوتوێی دۆزینەوەی ڕێوشوێنی گونجاویان کردبۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکانی هەرێم.

ئەمڕۆ ١١ی کانونی دووەمی ٢٠١٧، یەکێتی و پارتی لە هەولێر لە مەکتەبی سیاسی پارتی کۆبوونەوە و دواتر ڕاگەیەندراوێکیان لەسەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا چارەسەری قەیرانی دارایی و کێشە بنەڕەتییەکانی تری هەرێم بە تایبەت کاراکردنەوەی پەرلەمان تاوتوێ کراوە.

ئەوەش هاتووە، هەر لە کۆبوونەوەکدا هەوڵدان بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکانی هێزە سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و ڕێزگرتن لە سەروەری یاسا و دەستوەرنەدان لە کاروباری یەکتر تاوتوێ کراوە.

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا یەکێتی و پارتی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان تاوتوێ کردووە بەجۆرێک کە لە ئاست گۆڕانکارییەکانی ئێستای ناوچەکە و لە بەرژەوەندی گەلی کوردستاندا بێت.

لە ڕاگەیەندراوەکە ئەوەش هاتووە "کۆبوونەوەکانی هەردوولا بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی بەزوویی بگەنە ڕێککەوتنێک کە سەرەنجام بتوانین چارەسەری گونجاو بۆ کۆی کێشەکان دابنێین".

دەقی ڕاگه‌یه‌نراوى كۆبوونه‌وه‌ى هه‌ردوو مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان:


له‌ ڕوانگه‌ى هه‌ستكردن به‌ ئه‌ركه‌ مێژووییه‌كانى هه‌ردوو حیزب له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ى كه‌ هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ پێیدا تێده‌په‌ڕێت و پاراستنى به‌رژوه‌ندییه‌ باڵاكانى نه‌ته‌وه‌كه‌مان و ده‌ستكه‌وته‌كانى دواى ڕاپه‌رین كه‌ به‌ خوێن و خه‌بات به‌ ده‌ست هاتوون و له‌ ئاكامى كارى هاوبه‌ش و ته‌بایى و یه‌كڕیزیى نێوماڵى كوردستانى بووه‌، ئه‌مڕۆ شاندى مه‌كته‌بى سیاسیى هه‌ردوولا له‌ شارى هه‌ولێرى پایته‌خت كۆبوونه‌وه‌ و ئه‌م بابه‌تانه‌یان خسته‌ به‌ر باس و گفتوگۆ:

یه‌كه‌م: پێوه‌ندیى نێوان هه‌روولا: بۆ زیاتر پته‌وكردن و په‌ره‌پێدان و گونجاندنى پێوه‌ندییه‌كان به‌پێى ئه‌ركه‌كان و هه‌لومه‌رجى نوێ، به‌تایبه‌تى له‌ بوارى حوكمڕانى و په‌یوه‌ندییه‌ كوردستانییه‌كان و په‌یوه‌ندیى هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدرال و وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و جیهاندا، كه‌ له‌ ئاست گۆڕانكارییه‌ خێرا و زۆره‌كانى ئه‌م قۆناغه‌دا بێت و له‌ به‌رژوه‌ندیى گه‌لى كوردستاندا بێت.

دووه‌م: هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ریى كێشه‌ و گرفته‌كانى هێزه‌ سیاسییه‌كانى پارچه‌كانى دیكه‌ى كوردستان و ڕێزگرتن له‌ سه‌روه‌ریى یاسا و ده‌ستوه‌رنه‌دان له‌ كاروبارى یه‌كتر.

سێیه‌م: چۆنیه‌تیى چاره‌كردنى قه‌یرانى دارایى كه‌ به‌رۆكى خه‌ڵكى كوردستان به‌گشتىی و مووچه‌خۆرانى به‌تایبه‌تى گرتووه‌، بۆیه‌ هه‌ردوولا پاڵپشت و هاوكار بین بۆ حكوومه‌تى هه‌رێم و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ دۆزینه‌وه‌ى ڕێگاى چاره‌كردن و ئه‌نجامدانى چاكسازى له‌و بوارانه‌ى پێویستن كه‌ ببێته‌ مایه‌ى دابینكردنى بژێویى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك و دابینكردنى مووچه‌ بۆ مووچه‌خۆران و گرنگیدان به‌ بوارى نه‌وت و گاز و دابینكردنى شه‌فافیه‌تى زیاتر و پێویست.

چواره‌م: دانانى ڕێوشوێنى گونجاو بۆ چاره‌سه‌ریى كێشه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان.

پێنجه‌م: دانانى كۆمیته‌یه‌كى هاوبه‌ش كه‌ نوێنه‌رایه‌تیى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌خۆ بگرێت، به‌مه‌به‌ستى گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عیراق و هه‌ر لایه‌نێكى په‌یوه‌ندار بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پرسى ناوچه‌كانى مادده‌ى140 له‌ ئاینده‌یه‌كى دیاریكراودا، ئینجا ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییى كوردستان.

شه‌شه‌م: كۆبوونه‌وه‌كانى نێوان هه‌ردوولا به‌رده‌وام ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ى به‌ زوویى بگه‌ینه‌ ڕێككه‌وتنێك كه‌ سه‌ره‌نجام بتوانین كۆى كێشه‌كان چاره‌سه‌رى گونجاوى بۆ دابنێین.

مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتیى نێشتمانیى كوردستان.
مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى دیموكراتى كوردستان. ‌
11/1/2017

زۆرترین بینراو