کەڵەشاخ وەک چارەسەر لای یاریزانانی جیهانی

هەواڵی / 6/1/2017 467 جار بینراوە

کەڵەشاخ وەک چارەسەر لای یاریزانانی جیهانی

 

شه‌ن پرێس :

پێش ئەوەی باسی هەواڵەکە بکەین، پێغەمبەری سەروەرمان (صلی اللە علیە وسلم) دەفەرموێت (إنْ كان في شيءٍ مما تداويتم به خيرٌ فالحجامة). بە فەرموودەیەکی تر لە شەوی ئیسرا و میعراجدا بە پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) وترا (ئەی محمد بە ئومەتەکەت بڵێ کە کەڵەشاخ بگرن)، حەدیسی تریش زۆرن لەو بارەیەوە.

بەڵام ئێستا یاریزانانی جیهانی ئەو پرۆسەیە ئەنجام دەدەن بۆئەوەی تەندروستتر بن و دووربن لە نەخۆشی لەکاتی یارییەکاندا.
زۆر لە میدیاکانی جیهان زومی کامێراکانیان خستووەتە سەر نیشانەیەک کە لەسەر لاشەی یاریزانانی ئۆلۆمپیادی ڕیۆ لە بەرازیل دەردەکەوێت، کە شێوەی بازنەییە و سور بووەتەوە.
هەر ئەو میدیا جیهانیانە خۆیان ئاشکرایان کردووە کە زۆربەی یاریزانەکانی ئۆڵۆمپیادی ڕیۆ لە بەرازیل کەڵەشاخ "کەپینگ" دەگرن بۆ ئەوەی تەندروستتر بن.
میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە کە ئەوە یەکەمین جار نییە ئەو نیشانەیە لەسەر لاشەی یاریزانان و وەرزشوانان ببینرێت، پێشتر تەکنیکەکە لەلایەن وانگ کونی مەلەوانی چینییەوە لە ئۆڵۆمپیاتی ٢٠٠٨ی پەکیندا بەکارهاتووە، هەروەها ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە پرۆسەکە (کەڵەشاخ) هەرچەندە ئەو نیشانەیە لەدوای خۆی جێدێڵێت بەڵام پرۆسەیەکی بێ ئازارە.
وەرزشوانان دەڵێن کە ئەو پرۆسەیە بۆئەوە ئەنجام دەدەن بۆئەوەی ئازاریان نەمێنێت. هەرچەندە تەکنیکی تر زۆرن بۆ شکاندنی ئازار بەڵام ئەلێکس نادۆر جیمناستی ئەمریکی بە یو ئێس ئەی تودەیی وتووە کە کەڵەشاخ "باشترە لەو هەموو چارەسەرەی تر کە بە پارەیەکی زۆر وەریان دەگرم''.
لێکۆڵینەوەیەکیش کە لەساڵی ٢٠١٢ دا ئەنجامدراوە لەلایەن ناوەندی "جۆرناڵ پی ئێڵ ئۆ ئێس"ەوە، دەری خستووە کە پرۆسەکە کاریگەری لەسەر هەندێک حاڵەتی تەندروستی هەیە و سودبەخشە.
هەر لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لە ٢٠١٢ لەسەر ٦١ کەس ئەنجامدراوە کە ئازاری درێژخایەنی ملیان هەبووە،  نیوەیان کەڵەشاخیان گرتووە و نیوەیان تەکنیکی "پی ئێم ئاڕ"یان بەکارهێناوە کە تەکنیکێکە بۆ ئیسراحەتدان بە ماسولکەکان. دوای ١٢ هەفتە لە وەرگرتنی چارەسەر دەرکەوتووە کە ئەو نەخۆشانەی کە کەڵەشاخیان گرتووە تەندروستییان بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو باش بووە و کەمتر هەستیان بە ئازار کردووە، بەڵام تەکنیکەکەی تر گۆڕانێکی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینیوە کە شایەنی باسبێت.
لێکۆڵینەوەیەکی تر لەسەر ٤٠ نەخۆشی تر کراوە کە کێشەیان لە ئەژنۆیاندا هەبووە و دەرکەوتووە ئەوانەیەکان کە کەڵەشاخیان گرتووە ئازارەکەیان دوای چوار مانگ بە نزیکەیی نەماوە.


زۆرترین بینراو