له‌فه‌لوجه‌ چێشتخانه‌كان یاپراخ‌ و دۆینه‌و خواردنه‌ كورده‌وارییه‌كان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن

هەواڵی / 2/1/2017 1095 جار بینراوە

ئاواره‌یی‌ بۆ هه‌ندێك بووه‌ نیعمه‌ت
له‌فه‌لوجه‌ چێشتخانه‌كان یاپراخ‌ و دۆینه‌و خواردنه‌ كورده‌وارییه‌كان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن

شه‌ن پرێس : که‌مال عه‌یاش
هه‌ر كه‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی ئه‌نبار له‌داعش سه‌ندرانه‌وه‌، ورده‌ ورده‌ خێزانه‌ ئاواره‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ ماڵ‌و حاڵی‌ خۆیان، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ كۆمه‌ڵێك كارو نه‌ریتیان برده‌وه‌ كه‌ له‌كوردستان له‌سه‌ری‌ راهاتبوون.

شتێكی ئاسان نییه‌ له‌ئه‌نجامی ململانێ سیاسیه‌كاندا ماڵ‌و كاره‌كه‌ت له‌ده‌ست بده‌یت‌و هه‌وڵی گه‌ڕان به‌دوای شوێنێكی ئارامدا بده‌یت، به‌تایبه‌تی كه‌م نین ئه‌و خێزانانه‌ی پارێزگای ئه‌نبار كه‌ رووبه‌ڕووی هه‌مان چاره‌نووس بوونه‌ته‌وه‌، راوه‌ستانیش له‌سه‌ره‌ی رێكخراوه‌ مرۆییه‌كاندا بۆ ده‌ستكه‌وتنی بژێوی ژیان ته‌نیا چاره‌سه‌ر نه‌بوو بۆ زۆربه‌ی ئه‌و خێزانانه‌ی بڕیاریان داوه‌ تێكه‌ڵ به‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ ببن كه‌ پێداویستیه‌ جیاجیاكانی ژیانی بۆ دابین كردوون.

سێ ساڵ له‌ئاواره‌یی له‌هه‌رێمی كوردستان بووه‌ ده‌رفه‌تێكی زێڕین دوای ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئاواره‌كان توانیان بچنه‌ نێو چه‌ند كارو پیشه‌یه‌ك كه‌ بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی بژێویان‌و ناكرێت ده‌ستبه‌رداری ببن، بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌شیان بۆ زێدی خۆیان په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی به‌بڕیاری گواستنه‌وه‌ی ئه‌و كارو پیشانه‌وه‌ هه‌بوو بۆ شاره‌كانیان.

مازن عه‌لوانی (39 ساڵ) كه‌ به‌ر له‌كاروانی ئاواره‌بوونی به‌كرێی رۆژانه‌ له‌چێشتخانه‌یه‌كی خواردنی میللیدا كاری ده‌كرد، بڕیاری داوه‌ به‌شاره‌زایی سێ ساڵه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ شاره‌كه‌ی خۆی كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا توانیویه‌تی كاری تایبه‌ت به‌خۆی دابمه‌زرێنێت‌و بووه‌ته‌ خاوه‌نی چێشتخانه‌و چاوی له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ سه‌ركه‌وتنێكی تر له‌شاره‌كه‌یدا به‌ده‌ست بهێنێت.

عه‌لوانی قسه‌ی بۆ "نیقاش" كردو وتی "تۆزێك دوو دڵ بووم به‌رله‌وه‌ی ده‌ست به‌رێوشوێنه‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ بكه‌م، به‌ڵام خۆم یه‌كلایی كرده‌وه‌و گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌م‌و كاری تێدا ده‌كه‌م له‌ڕێی كردنه‌وه‌ی لقێكی تری چێشتخانه‌ بچووكه‌كه‌م، هه‌وڵی ئه‌وه‌ش ده‌ده‌م ئه‌و لقه‌ مۆركی كوردی پێوه‌ بێت له‌و كه‌ش‌و نه‌ریت‌و خواردنانه‌ی به‌تامه‌كه‌یان راهاتووین".

وتیشی‌ "دانیشتووانی ئێره‌ تامه‌زرۆن بۆ بوونی ئه‌و چێشتخانانه‌ی بایه‌خ به‌خواردنی میللی ده‌ده‌ن به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستان پێی راهاتوون له‌وانه‌ش نانی به‌رچایی به‌یانیان (دۆینه‌)و یاپراخ كه‌ تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌دۆڵمه‌ ده‌چێت كه‌ خواردنێكی به‌ناوبانگی عێراقیه‌، ئه‌وه‌ی ئه‌و خواردنانه‌ش جیاده‌كاته‌وه‌ به‌هاراته‌ شاخاویه‌كانه‌ كه‌ تام‌و چێژێكی تایبه‌تیان پێ ده‌به‌خشێت‌و ده‌یانكاته‌ خواردنێكی ئاره‌زووكراوو جیاواز".

عه‌لوانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ "دروستكردنی چێشتخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ سه‌ركێشیه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ شاره‌كه‌ هێشتا له‌كاریگه‌ری ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌كان‌و ده‌رئه‌نجامه‌كانیان ده‌ربازی نه‌بووه‌ كه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنیان له‌سه‌ر ئاستی ئابووری له‌ناو شاره‌كه‌ هه‌بووه‌، بۆ پارێزگاریكردنیش له‌كڕیاره‌كان‌و كاره‌كه‌شم، خۆم‌و ژنه‌كه‌شم بڕیارمان داوه‌ كار له‌ئاماده‌كردنی ئه‌و خواردنانه‌دا بكه‌ین كه‌ تام‌و چێژی شاخاویان هه‌یه‌و خواستی كڕیاره‌كانیشمان جێبه‌جێ ده‌كات له‌ڕێی خزمه‌تگوزاری گه‌یاندنی داواكاریه‌كان له‌ناو ماڵه‌كه‌ی خۆمه‌وه‌".

هه‌روه‌ها ئه‌مجه‌د كوبه‌یسی (39 ساڵ)یش له‌وباره‌یه‌وه‌ قسه‌ی بۆ "نیقاش" كردو وتی "له‌مڕۆ به‌دواوه‌ ئه‌گه‌ر بڕیارمدا ژه‌مه‌ خواردنێك به‌تام‌و چێژی كوردی بخۆم، ناچار نابم ماوه‌یه‌كی دوورو درێژ ببڕم بۆ كوردستان، چونكه‌ ئێستا ده‌رفه‌تی شادبوون به‌ژه‌مێكی به‌له‌زه‌ت به‌تام‌و چێژی شاخاویه‌وه‌ له‌به‌رده‌ستماندایه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌وانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بڕیاریانداوه‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستان فێریان بوون‌و له‌گه‌ڵیاندا ژیاون، بگوازنه‌وه‌ بۆ فه‌لوجه‌".

وتیشی: "بوونی خواردنی كوردی له‌سه‌ر سفره‌ی عه‌ره‌بی له‌شاری فه‌لوجه‌ ته‌نیا گۆڕانكاری نییه‌ كه‌ دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ به‌خۆیانه‌وه‌ بینیوه‌،  به‌ڵكو ئێستا دیمه‌نی بازرگانی هاوبه‌شیش به‌رچاو ده‌كه‌وێت له‌بواری ئه‌و قوماشانه‌ی جلوبه‌رگی كوردیان پێ جیاده‌كرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ره‌سات‌و كه‌لوپه‌لی نوێ‌و به‌كارهاتووی ناو ماڵ‌و نووسینگه‌كان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌بازرگانی گژوگیای شاخاوی كه‌ بووه‌ته‌ تاموچێژێكی ئاره‌زووكراوو داواكراو له‌سه‌ر سفره‌ی عه‌ره‌بی".

له‌گه‌ڵ به‌رفراوانبوونی پانتایی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان‌و ئاساییبوونه‌وه‌ی ورده‌ ورده‌ی ژیاندا، دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ ده‌ست به‌هه‌ندێك داب‌و نه‌ریته‌وه‌ ده‌گرن كه‌ لایه‌نێكی جوانی دیكه‌یان تێدا ده‌بینن بۆ هه‌مه‌ڕه‌نگكردنی ژیانیان له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ شاره‌كانیان‌و ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ش ته‌نیا خواردنه‌ كوردیه‌كان له‌سه‌ر سفره‌ی عه‌ره‌بی نه‌گرێته‌وه‌.

ئه‌یهه‌م عه‌بده‌لی (45 ساڵ) ئه‌وه‌ی نه‌شارده‌وه‌ كه‌ خوازیاره‌ گازینۆیه‌كی خێزانی وه‌ك ئه‌وانه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستان بینیونی دروست بكات، ئه‌و خه‌ونیش به‌وه‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ دانه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی ئه‌و گازینۆیانه‌ له‌شاره‌كه‌یدا هه‌بێت ئه‌و خێزانانه‌ كۆبكاته‌وه‌ كه‌ شوێنێك بۆ پشوودانی خێزان له‌ناو شاره‌كه‌دا شك نابه‌ن.

عه‌بده‌لی به‌"نیقاش"ی‌ وت "پاش ئه‌وه‌ی ناچاری ئاواره‌یی بووین، ئاڕاسته‌كه‌مان پارێزگای سلێمانی بوو، ئه‌و گه‌شه‌كردنه‌ به‌لامه‌وه‌ چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو كه‌ شوێنی نوێ‌و گه‌وره‌ی بۆ خێزانه‌ عێراقیه‌كان فه‌راهه‌م كرد، ئه‌و كاته‌ بڕیارمدا كه‌ بیرۆكه‌ی پرۆژه‌یه‌كی هاوشێوه‌ گه‌ڵاڵه‌ بكه‌م كه‌ شوێنێكی شارستانیانه‌ی پشوودان بۆ دانیشتوانی شاری فه‌لوجه‌ ده‌سته‌به‌ر بكات‌و مۆركی كوردی له‌خۆی بگرێت له‌رووكاری چایخانه‌كه‌وه‌ ده‌ست پێبكات ته‌نیا به‌و خواردن‌و خواردنه‌وانه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستێت كه‌ پێشكه‌شیان ده‌كات".

وتیشی "ره‌نگه‌ ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ نامۆ بێت به‌داب‌و نه‌ریته‌كانی شاره‌كه‌ كه‌ مۆركێكی عه‌شایری هه‌یه‌ پابه‌ندبوونی ئایینی سه‌پاندوویه‌تی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هانیدام ئه‌م پرۆژه‌یه‌ جێبه‌جێ بكه‌م بینینی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی خێزانه‌كان بوو كه‌ ده‌چنه‌ ئه‌و گازینۆ خێزانیانه‌ی شوێنی گونجاویان بۆ خۆیان‌و منداڵه‌كانیان دابین كردووه‌ بۆ به‌سه‌ربردنی كاتێكی خۆش‌و ئاسوده‌".

عومه‌ر جومه‌یلی (35 ساڵ)یش یه‌كێكه‌ له‌دانیشتووانی شاری فه‌لوجه‌و به‌م دواییانه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌ی، كاتێ پرسیارمان لێكرد سه‌باره‌ت به‌بۆچوونی به‌رامبه‌ر به‌ بینینی ئه‌و گۆڕانكاریه‌ی دانیشتووانی شاری فه‌لوجه‌ گواستویانه‌ته‌وه‌ له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ شاره‌كه‌، به‌"نیقاش"ی وت "شتێكی جوانه‌ له‌شاره‌كه‌مدا ئه‌و دیمه‌نانه‌ ببینم كه‌ له‌ماوه‌ی مانه‌وه‌مان له‌هه‌رێمی كوردستان به‌بینینیان راهاتبووین، ئه‌و دیمه‌نانه‌ له‌خه‌یاڵمان ده‌رناچن پاش ئه‌وه‌ی به‌هۆی به‌رزی‌و به‌ڕێزیانه‌وه‌ بوونه‌ به‌شێكی سه‌ره‌كی جومگه‌كانی ژیانی رۆژانه‌مان".

هه‌روه‌ها وتیشی "ئه‌وه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستان له‌و خێزانانه‌ی چاوه‌ڕوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شاره‌كانیان بیستم كاتێك باسی خه‌ون‌و خواستی خۆیان ده‌كرد كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان، وام لێده‌كات دڵنیابم له‌وه‌ی ئه‌و قسانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌باره‌ی هه‌ندێك پرۆژه‌و داب و نه‌ریته‌وه‌ ده‌كرێن، دڵۆپێكه‌ له‌ده‌ریایه‌ك‌و ئه‌وه‌ش كه‌ به‌ڕێوه‌یه‌ وێنه‌یه‌كی هاوشێوه‌ ده‌بێت كه‌ ته‌نیا خواردن ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو زیاتر له‌وه‌ش ده‌گاته‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاساو رێسایانه‌ی پارێزگاكانی هه‌رێم له‌پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق جیاده‌كه‌نه‌وه‌".


خێزان

ژنان هیچ شاره‌زاییه‌كیان ده‌رباره‌ی (كۆندۆمی مێینه‌) نییه‌

كۆندۆمی ژنانه‌ چییه‌و چۆن به‌كارده‌هێنرێ‌؟

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

زۆرترین بینراو