نه‌ میسی‌ له‌دهۆك بوو نه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌نه‌خۆشخانه‌ بوو وه‌ بێتاوانێكیش كرا به‌تاوانبار

هەواڵی / 30/12/2016 1761 جار بینراوە

ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ میدیایان به‌هه‌ڵه‌دا برد
نه‌ میسی‌ له‌دهۆك بوو نه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌نه‌خۆشخانه‌ و بێتاوانێكیش كرا به‌تاوانبار .

شه‌ن پرێس :
میدیای‌ كوردی‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌زۆر رووداودا بێ لێكۆڵینه‌وه‌ شوێن تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه‌وت، له‌مساڵدا چه‌ندین هه‌واڵی‌ به‌سه‌ردا تێپه‌ڕی‌ كه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی‌ راستیان نه‌بوو.
له‌ماوه‌ی‌ دوانزه‌ مانگی‌ رابردوودا چه‌ندین هه‌واڵی‌ گرنگ هه‌بوون كه‌ له‌ناو میدیای‌ كوردیدا ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی‌ زۆریان هه‌بوو، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت كه‌ هیچ یه‌كێك له‌وانه‌ راست نه‌بوون، كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ رۆژنامه‌نووسان به‌بێ‌ له‌به‌رچاوگرتنی‌ لێكۆڵینه‌وه‌و بنه‌ماكانی‌ ساخكردنه‌وه‌ ئه‌و هه‌واڵانه‌یان بڵاوكردبۆوه‌، تیمی‌ په‌یامنێرانی‌ "نیقاش" گرنگترین ئه‌و هه‌واڵه‌ ناڕاستانه‌ی‌ كۆكرده‌وه‌ كه‌ له‌ساڵی‌ 2016 به‌هه‌ڵه‌ له‌رۆژنامه‌و ته‌له‌فزیۆن‌و وێبسایته‌ كوردییه‌كان بڵاوكرابوونه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌دواداچوونی‌ زیاتریشی‌ بۆ كردن.

نه‌وشیروان مسته‌فا له‌نه‌خۆشخانه‌ نه‌بوو

 پاش ئه‌وه‌ی‌ نه‌وشیروان موسته‌فا رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌مانگی‌ ئه‌یلولی‌ ئه‌مساڵدا چووه‌ وڵاتی‌ به‌ریتانیا (كه‌ به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ پزیشكی‌ سه‌فه‌ری‌ كردبوو) چه‌ند رۆژێك دوای‌ گه‌شته‌كه‌ی‌ وێنه‌یه‌ك له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ وێنه‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فایه‌ له‌یه‌كێك له‌نه‌خۆشخانه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌، به‌دوایدا زۆربه‌ی‌ میدیاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وێنه‌كه‌یان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ دواتر ده‌ركه‌وت  ئه‌و وێنه‌یه‌ به‌فۆتۆشۆپ ده‌ستكاری‌ كراوه‌و له‌بنه‌ڕه‌تدا وێنه‌ی‌ كه‌سێكی‌ تره‌.

 

ده‌نگدانه‌وه‌ی‌ وێنه‌كه‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌و ده‌مه‌دا هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ناكۆكییه‌كی‌ قوڵی‌ سیاسیدا بوو (ئێستاش درێژه‌ی‌ هه‌یه‌) نه‌یاره‌كانی‌ گۆڕان وێنه‌كه‌یان به‌كارده‌هێنا‌و له‌سه‌ری‌ ده‌یاننوسی‌ "نه‌وشیروان مسته‌فا خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ به‌و هه‌موو كێشه‌یه‌وه‌ جێهێشتووه‌و له‌گه‌وره‌ترین نه‌خۆشخانه‌ی‌ به‌ریتانیا به‌پاره‌ی‌ میلله‌ت چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت".
دواتر كۆمه‌ڵێك چالاكوانی‌ سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌واڵه‌كه‌یان راستكرده‌وه‌و به‌شێك له‌میدیاكان داوای‌ لێبوردنیان كردو ئه‌وانی‌ تریش هه‌واڵه‌كه‌یان سڕییه‌وه‌و ته‌نیا بێده‌نگیان هه‌ڵبژارد.
 تیمی‌ "نیقاش" به‌دواداچوونی‌ زیاتر بۆ وێنه‌كه‌ كردو ده‌ریخست وێنه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ هی‌ ناساندنی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ (Royal Marsden)-ه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌ له‌به‌ریتانیاو ئه‌و كه‌سه‌ش كه‌ وێنه‌ی‌ نه‌وشیروان موسته‌فا خراوه‌ته‌ جێگه‌ی‌ كه‌سێكی‌ بیانییه‌.

 


 
به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ میدیاكان كه‌وتنه‌ هه‌ڵه‌ی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ وێنه‌كه‌ له‌نێویشیاندا گه‌وره‌ترین میدیاكان له‌نموونه‌ی‌ (روداو) به‌ڵام هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ وردنه‌بوونه‌وه‌و باوه‌ڕكردن به‌وێنه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ له‌په‌یجی‌ (عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح) به‌ناوبانگترین په‌رله‌مانتاری‌ گۆڕان بۆ یه‌كه‌مجار بڵاوكرابۆوه‌، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ زۆرجاری‌ تر میدیاكان پشتیان به‌زانیارییه‌كانی‌ به‌ستووه‌و زۆربه‌یان پێیان وایه‌ زانیارییه‌كانی‌ راستن.
 كه‌ناڵی‌ روداو كه‌ وێنه‌ نا راسته‌كه‌ی‌ بڵاوكرده‌وه‌  دواتر له‌رونكردنه‌وه‌یه‌كدا  ده‌ڵێت "عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح، په‌رله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و هه‌ڵسوڕاوی دیاری ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌، له‌په‌یجی تایبه‌تی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك وێنه‌كه‌ی بڵاوكردبووه‌وه‌، پۆرتاڵی رووداویش به‌پشتبه‌ستن به‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وێنه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه‌".
 
سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ نزیك له‌عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ گۆڕان ئه‌و وێنه‌یه‌ی‌ له‌ئه‌كاونتی‌ فه‌یسبووكی‌ كوڕێكی‌ نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ وه‌رگرتووه‌، نه‌یزانیوه‌ چه‌ند رۆژێك پێشتر ئه‌و ئه‌كاونته‌ هاككراوه‌.

  بێتاوان كرا به‌تاوانبار

یه‌كێك له‌رووداوه‌ ئه‌منییه‌ گرنگه‌كانی‌ ئه‌مساڵ كوشتنی‌ د.وشیار ئیسماعیل مامۆستای‌ ئاینی‌‌و به‌رپرس له‌یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان بوو له‌شاری‌ هه‌ولێر رۆژی‌ 22ی‌ تشرینی‌ دووه‌م، ئه‌م رووداوه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان‌و به‌شێك له‌میدیا كوردیه‌كانی‌ به‌دوای‌ خۆیدا په‌لكێش كرد بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ وێنه‌كه‌ی‌ كه‌سانێك كه‌ ده‌ركه‌وت په‌یوه‌ندیان به‌ڕووداوه‌كه‌وه‌ نییه‌.
 
له‌ 27 تشرینی دووه‌می 2016 دا ئاسایشی گشتی هه‌ولێر ڕایگه‌یاند دوو كه‌س به‌ تۆمه‌تی "تیرۆركردنی" ئه‌و مامۆستا ئاینیه‌ ده‌ستگیركراوه‌، یه‌كێك له‌تۆمه‌تباره‌كان ناوی‌ (س.س)ه‌، به‌شێك له‌میدیاكان له‌هه‌ولێر كه‌وتبوونه‌ سۆراخی‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌سه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ی‌ تیایدا ده‌ژی‌‌و له‌فه‌یسبووكه‌كه‌ی‌ وێنه‌یه‌كیان ده‌رهێنابوو له‌رۆژی‌ 28ی‌ تشرینی‌ دووه‌م بڵاویانكرده‌وه‌، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت ئه‌وه‌ وێنه‌ی‌ برا دوانه‌كه‌یه‌تی‌ (ش.س) نه‌ك وێنه‌ی‌ تۆمه‌تباره‌كه‌.

 

له‌پاش ئه‌وه‌ی‌  زۆربه‌ی‌ میدیاكان‌و تۆڕه‌كانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ وێنه‌ی‌ (ش.س)یان بڵاو كرده‌وه‌ ناوبراو به‌رونكردنه‌وه‌یه‌ك ورده‌كاری‌ وێنه‌كه‌ی‌ بۆ میدیاكان راست كرده‌وه‌.
 (ش. س) له‌و رونكردنه‌وه‌یه‌دا كه‌ له‌ئه‌كاونتی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك بڵاویكرده‌وه‌ ده‌ڵێت "ئه‌و تاوانه‌ی ئه‌نجام دراوه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌منه‌وه‌ نییه‌ په‌یج‌و سایته‌ سێبه‌ره‌كان ئه‌و بوختانه‌یان بۆ كردووم‌و منیش به‌پێی توانا داوای یاساییان له‌سه‌ر تۆمار ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر داوای لێبوردن نه‌كه‌ن، دوور یان نزیك من یه‌كجار مامۆستا وشیارم له‌تیڤی بینیوه‌ هه‌ر نایناسم".

 

 له‌پاش بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و رونكردنه‌وه‌یه‌ میدیا ئه‌له‌كترۆنیه‌كان لینكی‌ هه‌واڵی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ وێنه‌كه‌یان سڕیه‌وه‌و به‌شێكیشیان داوای‌ لێبوردنیان كرد.
 په‌له‌كردنی‌ میدیاكان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ وێنه‌ی‌ تۆمه‌تبارانی‌ ئه‌و روداوی‌ كوشتنه‌ وای‌ لێكردن له‌وردبینیكردنی‌ زانیاریه‌كان دوور بكه‌ونه‌وه‌ كه‌ كێشه‌ی‌ بۆ برای‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ دروستكرد.
 ئه‌و كه‌سه‌ی‌ به‌تۆمه‌تباری‌ رووداوه‌كه‌ ناسێنرابوو لای‌ میدیاكان له‌فه‌یسبووكه‌كه‌ی‌ خۆی‌ نوسیوێتی‌ "خۆزگه‌ بمردبامایه‌ ئه‌م رۆژه‌م نه‌بینی بایه‌. تاوانبار بكرێیت به‌تاوانێكی گه‌وره‌، به‌ڵام تۆ نه‌تكردبێت، هه‌زاران خه‌ڵك چۆن تی بگه‌ێنم كه‌ من نیم، (۱۲۳۰) نامه‌ی هه‌ڕه‌شه‌م بۆ هاتووه‌ ئه‌ڵێن تۆڵه‌ت لێ ئه‌كه‌ینه‌وه‌".

 بووه‌ به‌باو له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا هه‌ر كاتێك هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ناوی‌ كه‌سێك وه‌ك تۆمه‌تبار بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، خه‌ڵكی‌ ده‌چن له‌ئه‌كاونته‌كانی‌ فه‌یسبووك به‌دوای‌ ئه‌و ناوه‌دا ده‌گه‌ڕێن‌و وێنه‌و زانیاری‌ له‌سه‌ر بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، زۆرجار ئه‌و زانیارییانه‌ راست نین، به‌ڵام كێشه‌ گه‌وره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌بێ‌ ساخكردنه‌وه‌ میدیاكان دوای‌ ئه‌و زانیارییانه‌ ده‌كه‌ون‌و دووباره‌ بڵاویده‌كه‌نه‌وه‌.

  " میسی بچوك" له‌دهۆك نه‌بوو

له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵدا وێنه‌ی‌ منداڵێك  بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ درێسێكی‌ به‌نایلۆن دروستكراوی‌ له‌به‌ردا بوو كه‌ ناوی‌ لیۆنێل میسی ئه‌ستێره‌ی‌ ناوداری‌ جیهانی‌‌و یانه‌ی‌ به‌رشه‌لۆنه‌ی‌ ئیسپانی‌ له‌سه‌ر نوسرابوو، هه‌ر زوو له‌تۆڕه‌كانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ وێنه‌كه‌ گه‌یشته‌ میدیاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌شێوه‌یه‌ك ناسنامه‌ی‌ ئه‌و منداڵه‌یان وا بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ دانیشتوی‌ شاری‌ دهۆكی‌ هه‌رێمه‌.

 
یه‌كێك له‌كه‌ناڵه‌ به‌ناوبانگه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ كه‌ناڵی‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ كوردستان 24ه‌ راپۆرتێكی‌ له‌سه‌ر منداڵێك بڵاوكرده‌وه‌ كه‌  گوایه‌ خاوه‌نی‌ ئه‌و وێنه‌یه‌ ناوی‌ هومه‌ن عه‌لی ئه‌حمه‌ده‌و ته‌مه‌نی‌ (10) ساڵه‌و له‌گوندێكی‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ دهۆك ده‌ژی، به‌ڵام زۆری‌ نه‌برد ده‌ركه‌وت منداڵه‌ راسته‌قینه‌كه‌ ئه‌فغانییه‌.

 ئه‌و كه‌ناڵه‌ له‌ژێر ڤیدیۆكه‌یدا نوسیبووی‌ "كوردستان 24 توانی‌ میسی‌ كوردی‌ بدۆزێته‌وه‌"‌و گوایه‌ دووساڵ له‌وه‌وبه‌ر ئه‌و وێنه‌یه‌ی‌ گرتووه‌.



 خاوه‌نی‌ راسته‌قینه‌ی‌ ئه‌و وێنه‌یه‌ ناوی‌ مورته‌زا ئه‌حمه‌دیه‌و  ته‌مه‌نی‌ 5سالاَنه‌، به‌پێی‌ ته‌مه‌ن‌و باڵا ئه‌و منداڵه‌ی‌ شاری‌ دهۆك له‌روخسارو باڵادا زۆر له‌و منداڵه‌ گه‌روه‌تربوو كه‌ له‌وێنه‌كه‌ ده‌ركه‌وتبوو، هه‌روه‌ها له‌بانگراوندی‌ وێنه‌كه‌ واته‌ له‌ئه‌و شوێنه‌ی‌ كه‌ وێنه‌كه‌ تێدا گیرابوو له‌كوردستان نه‌ده‌چوو.
 له‌رێگه‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌ركه‌وت ئه‌و وێنه‌یه‌ له‌ساڵی‌ 2016دا بڵاوكراته‌وه‌ نه‌ك دووساڵ له‌مه‌وبه‌ر وه‌ك كه‌ناڵی‌ كوردستان  24 له‌راپۆرته‌كه‌یدا باسی لێوه‌ كردووه‌ كه‌ وێنه‌كه‌ هی‌ دووساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌و كه‌ناڵه‌، به‌ڵكو به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ میدیای‌ كوردی كه‌وتنه‌ هه‌ڵه‌وه‌و هه‌مان زانیارییان بڵاوكرده‌وه‌.
 یه‌كه‌م وێنه‌ی‌ مورته‌زا له‌رۆژی‌ 10ی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 2016 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن برایه‌كیه‌وه‌ به‌ناوی‌ (هۆمایۆن)، ئه‌و له‌ئه‌كاونته‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌فه‌یسبووك وێنه‌كه‌ی‌ داناوه‌و نوسیوێتی‌ كه‌ خۆی‌ وێنه‌كه‌ی‌ گرتووه‌.
  تیمی‌ "نیقاش" له‌رێی‌ كه‌ره‌سته‌كانی‌ ساخكردنه‌وه‌وه‌ ورده‌كاری‌ زیاتری‌ بۆ وێنه‌كان كردو ده‌ركه‌وت ئه‌و منداڵه‌ی‌ له‌پارێزگای‌ دهۆك پیشاندراوه‌ پێشتر هیچ وێنه‌یه‌كی‌ به‌درێسی‌ میسییه‌وه‌ نه‌بووه‌.
 هاوكات كه‌ناڵی‌ بی‌ بی‌ سی‌ له‌26ی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ ئه‌مساڵ‌ هه‌واڵه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی‌ بۆ میدیا كوردییه‌كان ساخكرده‌وه‌، ئه‌و هه‌واڵه‌ی‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر بووبووه‌ گرنگترین رووداو به‌لای‌ خه‌ڵكییه‌وه‌.
 مانگی‌ رابردوو  مورته‌زا به‌شداری‌ كرد له‌یاریه‌كی‌ دۆستانه‌ی‌ یانه‌ی‌ به‌رشه‌لۆنه‌‌و یانه‌ی‌ ئه‌هلی له‌وڵاتی‌ قه‌ته‌رو له‌وێ له‌گه‌ڵ میسی‌ ده‌ركه‌وت.
 

هه‌ڕه‌شه‌كی‌ گه‌رمكراوه‌ی‌ دووساڵ پێشتر

مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ ئه‌مساڵ، له‌سه‌روبه‌ندی‌ دووساڵه‌ی‌ هێرشی‌ چه‌كدارانی‌ داعش بۆ عێراق‌و كۆنتڕۆڵكردنی‌ موسڵ، گرته‌یه‌كی‌ ڤیدیۆیی (رافیع رفاعی‌) موفتی‌ دیاری‌ سووننه‌كانی‌ عێراق له‌به‌شێكی‌ زۆر له‌میدیا كوردی‌‌و عێراقییه‌كان بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ تیایدا گوایه‌ كۆنتڕۆڵكردنی‌ موسڵ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی‌ داعشه‌وه‌ به‌"شۆرش" ناوده‌بات‌و ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات كه‌ئه‌و هه‌نگاوه‌ كاردانه‌وه‌ بووه‌ دژ به‌لێدانی‌ دانیشتوانی‌ شاره‌كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌.
 
ئه‌و لێدوانانه‌ی‌ رافع رفاعی به‌پاڵپشتی‌ چه‌كدارانی‌ داعش هه‌ژمار كراو له‌لایه‌ن زۆرێك له‌میدیاكانی‌  هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌و كاردانه‌وه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ لێكه‌وته‌وه‌، تا ئه‌و راده‌یه‌ی‌ خه‌ریكبوو خۆپیشاندانی‌ جه‌ماوه‌ری‌ رووبدات به‌و پێیه‌ی‌ "رفاعی‌ له‌هه‌ولێره‌وه‌ پشتگیری‌ داعشی‌ كردووه‌".

دواتر ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و لێدوانه‌ی‌ بۆ كه‌ناڵی‌ (ئه‌لعه‌ره‌بییه‌ حه‌ده‌س) به‌ر له‌دووساڵ‌و له‌ساڵی‌ 2014دا بووه‌ كه‌ تازه‌ چه‌ند رۆژێك بووه‌ داعش هێرشی‌ كردووه‌ته‌ سه‌ر موسڵ‌و به‌دیاریكراوی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ 16ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2014.

 

"باوه‌ڕ به‌راستگۆترین شایه‌تحاڵیش مه‌كه‌"

یه‌كێك له‌گرنگترین بنه‌ماكانی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌راست‌و دروستی‌ وێنه‌و زانیاریه‌ك، گومانبردنه‌، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ئه‌و رێسا به‌ناوبانگه‌ دێته‌ ئاراوه‌ كه‌ ده‌ڵێت "باوه‌ڕ به‌راستگۆترین شایه‌تحاڵیش مه‌كه‌" به‌و مانایه‌ی‌ هه‌میشه‌ بوارێك بۆ گومان بهێڵدرێته‌وه‌‌و هه‌وڵی‌ ساخكردنه‌وه‌ی‌ زانیارییه‌كان بدرێت.
 شاره‌زایانی‌ بواری‌ میدیا پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌نووسان بڕێك زیاتر خۆیان ماندوو بكه‌ن‌و په‌له‌ی‌ سه‌بقیان نه‌بێت‌و گومان به‌زانیارییه‌كان ببه‌ن، ئه‌وا زۆر پارێزراو ده‌بن له‌رووی‌ هه‌ڵه‌كردنه‌وه‌.
 د. ئیبراهیم سه‌عید پسپۆڕی‌ میدیایی‌‌و مامۆستای‌ كۆلێژی‌ راگه‌یاندنی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ به‌هه‌ڵه‌داچونی‌ میداكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ وێنه‌و ڤیدیۆی‌ ناڕاست ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌بێ ئاگایی‌ رۆژنامه‌نوس له‌ئیتیكی‌ كاری‌ رۆژنامه‌وانی‌‌و به‌كارنه‌هێنانی‌ ئه‌و فلته‌ره‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ بابه‌ته‌كان به‌ر له‌بڵاوكردنه‌وه‌یان، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ پێی‌ وایه‌ به‌شێكی‌ په‌یوه‌سته‌ به‌كاریگه‌ری‌  ئایدلۆژیا له‌سه‌ر رۆژنامه‌نوسه‌كه‌، چونكه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌زانێت ئه‌و وێنه‌یه‌ ناڕاسته‌، به‌ڵام بڵاویده‌كاته‌وه‌ به‌و پێیه‌ی‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ تێروانینه‌كه‌یه‌تی‌.
 د. ئیبراهیم سه‌عید به‌"نیقاش"ی‌ وت "رۆژنامه‌نوس له‌مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه‌دا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كه‌وێته‌ به‌رداشی‌ نێوان سه‌بق‌و پرۆفیشناڵبون كه‌ زۆرجار یه‌كه‌میان هه‌ڵده‌بژیرێت ئه‌وه‌ نه‌ك كێشه‌ بۆ میدیاكه‌ی‌ دروست ده‌كات، به‌ڵكو هه‌ندێكجار كێشه‌ بۆ كۆمه‌ڵگاو كه‌سه‌كانیش دروست ده‌كات كه‌ په‌یوه‌نیدارن به‌و وێنه‌و ڤیدیۆیانه‌ی‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌".
 
باشییه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌دوای‌ ئه‌و چه‌ند نموونه‌ زه‌قه‌وه‌ كه‌ میدیاكانی‌ خسته‌ هه‌ڵه‌ی‌ گه‌وره‌وه‌، ئێستا میدیا كوردییه‌كان وردتر له‌زانیارییه‌كان ده‌كۆڵنه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ مانای‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ رووداوی‌ له‌و شێوه‌یه‌ دووباره‌ نه‌بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ده‌نگدانه‌وه‌ی‌ كه‌متری‌ هه‌ڵگرتووه‌و زوو ساخكراونه‌ته‌وه‌، هه‌رچی‌ ئه‌م چه‌ند نموونه‌یه‌یه‌ له‌كوردستاندا زۆرترین ده‌نگدانه‌وه‌یان هه‌بووه‌.
 
ئاماده‌كراوه‌ له‌لایه‌ن په‌یامنێرانی‌ نیقاش: هه‌ستیار قادر – هونه‌ر حه‌مه‌ ره‌شید – شاڵاو محه‌مه‌د – سه‌لام هانه‌دنی‌ له‌هه‌ولێرو سلێمانی‌‌و كه‌ركوك‌و هه‌ڵه‌بجه‌.

زۆرترین بینراو