بۆچی یادی له‌دایك بوونی پێغه‌مبه‌ر [درودی خوای لێبێ] ده‌كه‌ینه‌وه‌؟

هەواڵی / 548 جار بینراوە

بۆچی یادی له‌دایك بوونی پێغه‌مبه‌ر [درودی خوای لێبێ] ده‌كه‌ینه‌وه‌؟ .

مامۆستا مه‌لا یاسین عبدالله وه‌رتی
مامۆستای ئاینی و بانگخوازی ئیسلامی .

 شتێكی ئاشكرایه‌ یادكردنه‌وه‌ی له‌دایك بوونی پێغه‌مبه‌ر [درودی خوای لێبێ] له‌سه‌رده‌می هاوه‌ڵان [الصحابه‌] و شوێن كه‌وتوانی ئه‌وان [التابعین] دا نه‌بووه‌و نه‌كراوه‌ ، هه‌ربۆیه‌ به‌شێك له‌زانایان به‌ داهێنراو [بدعه‌] ی ده‌زانن و ئه‌و یادكردنه‌وه‌یه‌ به‌شه‌رعی نازانن ، به‌شه‌كه‌ی تری زانایانیش پێیان وایه‌ ئه‌و یادو بۆنانه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌شی هه‌ڵس و كه‌وته‌كان[معاملات] ه‌وه‌ ، بۆیه‌ داهێنان و یادكرنه‌وه‌ی به‌ كارێكی باش و ڕه‌وا ده‌زانن ، دیاره‌ ئێمه‌ لێره‌دا نامانه‌وێ له‌و لایه‌نه‌ بكۆڵینه‌وه‌ چونكه‌ بابه‌تێكی فراوان و سه‌ربه‌خۆیه‌ ، به‌شی هه‌ره‌ زۆری موسلمانانی ئێستاش به‌ره‌وای ده‌زانن و نیمچه‌ یه‌كده‌نگیه‌كی له‌سه‌ر دروست بووه‌ له‌ولاتی ئێمه‌دا ، له‌زۆربه‌ی شارو شارۆچكه‌ و ناوچه‌كانی كوردستاندا ئه‌و یاده‌ زیندوو ده‌كرێته‌وه‌ و موسلمانان به‌ شه‌وق و زه‌وقێكی بێ وێنه‌وه‌ به‌شداری كۆرو ئاهه‌نگی مه‌ولود خوێندنه‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌لام ئایا تاچه‌ند توانراوه‌ ئه‌و ئاهه‌نگ و مه‌ولود خوێندنه‌وانه‌ بۆ قازانجی ئیسلام و بوژاندنه‌وه‌ی ریبازو سوننه‌ته‌كانی پێغه‌مبه‌ر درودی خوای لی بێ سودیان لێ وه‌ربگیرێت ؟ ئه‌وه‌یان جێی له‌سه‌ر وه‌ستانه‌ .
هه‌روه‌ك رۆژانی هه‌ینی مزگه‌وته‌كانمان پڕن له‌خه‌ڵك و جێگا نابێته‌وه‌ ، به‌لام له‌ هه‌ڵس و كه‌وتی رۆژانه‌دا ، له‌مامه‌ڵه‌و بازرگانی دا ، له‌ ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا ، هه‌ر هه‌مان ئه‌و خه‌ڵكه‌ زۆربه‌یان په‌یڕه‌وی ڕه‌شت و ئاكاره‌ جوانه‌كانی پێغه‌مبه‌ر ناكه‌ن و زوڵم و سته‌م له‌یه‌ك ده‌كه‌ن ، به‌زه‌ییان به‌یه‌كتر دا نایه‌ته‌وه‌ ، ماڵی حه‌رام ده‌خۆن و بێ ویژدانن له‌ مامه‌له‌و بازرگانی دا ، به‌هه‌مان شێوه‌ زۆر له‌و موسڵمانه‌ به‌رێزانه‌ی ماڵی خۆیان سه‌رف ده‌كه‌ن بۆ یادی مه‌ولودو خه‌ڵك بانگ ده‌كه‌ن بۆنان خواردن ، به‌داخه‌وه‌ هیچ له‌ سیره‌و ژیانی پێغه‌مبه‌ر نازانن و به‌لاشیانه‌وه‌ گرنگ نیه‌ بیزانن ، ته‌نانه‌ت مه‌و لود خوێنه‌كانیش ئه‌وانه‌ی وه‌كو پیشه‌ ئه‌وكاره‌ ده‌كه‌ن جگه‌ له‌چه‌ند شیعرو مه‌دح و پێدا هه‌ڵدانێك كه‌ هه‌موو جار دووباره‌ ده‌كرێنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێك ڕووداوو موعجیزات شتێكی زیاتر نازانن یا نایڵێن ، له‌گه‌ڵ رێزم بۆیان ، بێگومان ئه‌وه‌ش مانای وانیه‌ بڵێین با ئه‌و یاده‌ نه‌كرێته‌وه‌ یاخود ئه‌و خه‌ڵكه‌ واز له‌مه‌ولود وێندنه‌وه‌ بێنن .. نه‌خێر به‌پێچه‌وانه‌وه‌ من داوا ده‌كه‌م گرنگی زیاتری پێ بدرێ به‌لام گۆرانكاری و تازه‌گه‌ری تێدا په‌یڕه‌و بكرێ ، له‌هه‌مان كاتدا ببێته‌ هۆكارێك بۆ زیندوو كردنه‌وه‌ی ڕێبازی ئه‌و خۆشه‌ویسته‌ له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیانماندا ، پێویسته‌ ره‌فتاری ڕۆژانه‌مان له‌ ماڵه‌وه‌و له‌گه‌ل ده‌وروبه‌رو له‌ناو بازارو له‌گه‌ڵ دۆست و دوژمن و چاك و خراب به‌و جۆره‌بێ كه‌ پیغه‌مبه‌ری خوا له‌ رێ ی فه‌رمووده‌كانی و له‌ژیاننامه‌ پڕ سه‌روه‌ریه‌كه‌یدا بۆی به‌جێ هێشتووین .
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ مه‌رج نیه‌ ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی بۆ پێغه‌مبه‌ر ته‌نها هه‌ر به‌ شیرینی دابه‌ش كردن و مه‌ولود خوێندنه‌وه‌ بێ ، ده‌كرێ موسڵمانان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی خوا پێیداون چه‌ن نوسخه‌یه‌ك له‌ كتێبه‌كانی ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ر درودی خوای لێبێ بكڕن و به‌ هه‌دیه‌ پێشكه‌شی قوتابی و خوێنده‌وارانی بكه‌ن و بلاوی بكه‌نه‌وه‌ ، باله‌جیاتی ئه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی شێوێنراوی حه‌زره‌تی عیساو رۆمانی بێ بنه‌ماو پووچ بخوێننه‌وه‌ ، به‌ژیاننامه‌ی پڕنورو به‌ره‌كه‌تی پێغه‌مبه‌رو یارانی و كه‌ڵه‌ پیاوانی مێّژووی ئیسلام گۆش بكرێن ، ئه‌و كات هه‌م رۆڵه‌كانمان سودی لێ وه‌رده‌گرن و به‌په‌روه‌رده‌یه‌كی راست دروست په‌روه‌رده‌ ده‌بن هه‌م خاوه‌نی پاره‌كه‌ش سه‌ده‌قه‌ی به‌رده‌وام [جاریه‌]ی ده‌ست ده‌كه‌وێ چونكه‌ زانستێكی شه‌رعی و به‌سودی بلاو كردۆته‌وه‌ و خزمه‌تی پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستی كردووه‌ . زۆر نه‌نگی و حه‌یفه‌ ماڵه‌كانمان لانی كه‌م دانه‌یه‌ك له‌ ژیانی پێغه‌مبه‌ری خوای تێدا نه‌بێ ، له‌كاتێكدا ئه‌و رێبه‌رو ڕێنیشانده‌ری دنیاو دواڕۆژمانه‌ و كرداره‌كانی بۆئێمه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی سه‌رمه‌شقی ، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی موسڵمان نه‌وه‌یه‌كی گۆشكراو به‌ رێبازی پێغه‌مبه‌رمان په‌روه‌رده‌ كرد به‌هه‌موو مانایه‌كانیه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ باشترین وه‌لامو به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ مان ئاراسته‌ی دوژمنانی ئیسلام و په‌یامه‌كه‌ی و ئه‌وانه‌ی سوكایه‌تی به‌ خۆشه‌ویستمان محمد ده‌كه‌ن [درودی خوای لێبێ] كردووه‌ .

[email protected]
 

زۆرترین بینراو