#عه‌بدولستار مه‌جید #كۆمه‌ڵی دادگه‌ری #ئەحمەدی حاجی رەشید #سۆران عومه‌ر

پارتى و یەکێتى یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە نەگەڕاندنەوەى داهات بۆ خەزێنەى حکومەت

هەواڵی / 29/5/2021 509 جار بینراوە

پارتى و یەکێتى یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە نەگەڕاندنەوەى داهات بۆ خەزێنەى حکومەت

 

فەرەیدون بێوار
ماوەى شەش ساڵە حکومەتى هەرێم بە پاشەکەوت و لێبڕینەوە موچە دابەش دەکات و زۆرینەى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و پێشینەکانى هاوسەرگیری و خانووبەرە و بازرگانیش راگیراون بەبیانووى قەیرانى دارایی و نەبوونى پارە.
سەرباری بەرزبوونەوەى نرخی نەوت و دابەزینی بەهاى دینار بەرامبەر بەدۆلار و زیادبوونى داهاتەناوخۆییەکان، کەچی هێشتا قەیرانى دارایی و لێبڕینی موچە بەردەوامە وبەرپرسان وپەرلەمانتارانى یەکێتى و پارتی یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە نەگەڕاندنەوەى داهاتى خاڵەسنوورەکەیان بۆ خەزێنەى حکومەت.

پێشەوا هەورامانى وتەبێژی فراکسیۆنى پارتى لەپەرلەمانى کوردستان، رایدەگەیەنێت، هەموو داهاتی سنووری سلێمانى ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەى حکومەت. هێڤیدار ئەحمەدیش پەرلەمانتاری هەمان فراکسیۆن ئاشکراى دەکات، کە یەکێتى بەفەرمى بەسەرۆکى حکومەتیان وتووە، ناتوانن هەموو ٣٠ رۆژێک جارێ داهات رادەست بکەن.
ئەوە هەر بەرپرس وپەرلەمانتارانى پارتى نین کە یەکێتى بە نەگەڕاندنەوەى داهات تۆمەتبار دەکەن

بەڵکو کاروان گەزنەیی پەرلەمانتاری یەکێتى لەپەرلەمانى کوردستان ئاشکراى دەکات، بەشێکی زۆری داهاتى ئیبراهیم و خەلیل و حاجى ئۆمەران ناگەڕێتەوە بۆ حکومەت، بەتایبەتى لە ٧٠%ی داهاتی دەروازەى سنووریی ئیبراهیم خەلیل ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەى حکومەت.

هاوکات عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان، جەخت لەوەدەکاتەوە، لەهەردوو زۆنی زەرد و سەوز بەملیۆنان دۆلاری خاڵە سنورییەکان ناگەڕێنەوە بۆ خەزێنەى حکومەت و دەچێتە گیرفانى حزب و چەند بەرپرسێکی یەکێتى و پارتى و کۆمپانیا حزبییەکانیان.

یەکتر تۆمەتبارکردنى یەکێتى و پارتى بەنەگەڕاندنەوەى داهاتى خاڵەسنوورییەکان بۆ حکومەت، لەکاتێکدایە کە سەرۆکى حکومەت لەپارتى و جێگرەکەى لەیەکێتییە و زۆرینەى جومگە گرنگ و هەستیارەکانى حکومەت بەدەست ئەو دوو حزبەوەیە و هێشتا نەیانتوانیوە خاڵە سنورییەکان کۆنتڕۆڵ بکەن و رێگری لەقاچاخچێتی بکەن و پەرلەمان و تەنانەت وەزارەتەکانى دارایی و سامانە سروشتییەکان بەوردی ئاگاداری داهاتى ئەو خاڵە سنورییانە نین، کە بەملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرێت.
لەدواى ساڵی ٢٠١٤ەوەو سەرهەڵدانى قەیرانى دارایی، حکومەت تووشی چەندین کێشە و گرفتى دارایی بووەتەوە

بەڵام هەتاوەکو ئێستا یەکێتى و پارتى وەک حزب تووشی قەیرانى دارایی نەبوون و مەڵبەند ولقێکی ئەو دوو حزبە دانەخراون

کەناڵێکی راگەیاندنی ئەو دوو حزبە رانەگیراوەو بەرپرسێکیان موچەبڕ و دەرنەکراوە بەهۆی بێ پارەیی و چالاکییە حزبەکانیان هەر بەردەوامن.
ئێستا حەقی خۆیەتى بپرسین: ئەرێ پارە و داهاتى ئەم وڵاتە لای حزبە یان حکومەت؟
ئەى کێ بەرپرسیارە لەم دۆخە؟
 دیپلۆماتیك 

 

 


خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌