#دەستگیركراوانی بادینان

🔹ئەو پرسیارەی هاوسەرگیرییەکی هەڵوەشاندەوە چەند ڕۆژ بەر لە زەماوەندی بووکێنی!

هەواڵی / 12/5/2021 339 جار بینراوە

🔹ئەو پرسیارەی هاوسەرگیرییەکی هەڵوەشاندەوە چەند ڕۆژ بەر لە زەماوەندی بووکێنی!

بەهۆی سروشتی کارەکەم وەکو پزیشکی دادوەری، زۆر ئاریشەی کۆمەڵایەتی سەیر، بەڵام خەمهێنەر، دەبینم، کە پێمخۆشە ئێوەش بیزانن، تاوەکوو بزانن ئاستی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگە چۆنە، بەڵکو هەمووان لە ئاستی خۆمانەوە کار بۆ گۆڕینی ئەقڵیەتی کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بکەین.

فەرموون ئەمەش ڕووداوێک کە خۆم بینیومە، ناو و شار و تەمەن و هەر زانیارییەکی تایبەت ناڵێین، چونکە مەبەستمان کەسەکان نییە، بەڵکو مەبەستمان ڕووداوەکە و سوود لێ وەرگرتنیەتی:

کوڕ و کچێکی گەنج لەگەڵ خانمێکی بەتەمەن بە نووسراوێکی فەرمییەوە هاتنە ژوورەوە بۆ فەرمانگەی پزیشکیی دادوەری. لە نوسراوەکەدا داوای ئەنجامدانی پشکنینی پەردەی کچێنی کرابوو بۆ کچە گەنجەکە.
پشکنینمان کرد و ئەنجام ئاسایی بوو، واتە هیچ گرفتێک لە پەردەی کچێنیدا نەبوو، کەچی سەرەرای ئەوەش کوڕەکە وتی من ئەم کچەم ناوێت و بە کچێکی خراپی دەزانم!

وەکوو خۆیان گێڕایانەوە هۆکاری هاتنیان بۆ پشکنینی پەردەی کچێنی ئەوە بووە، چەند ڕؤژێکی کەم بەر لە گواستنەوە، کچەکە بە کوڕەکەی وتووە: دەزانیت جارێک لە تیڤی بینیم دەیگوت بەشێک لە کچان هەر خۆیان پەردەی کچێنییان نییە؟ بڵێی منیش لەو جۆرە نەبم؟

کوڕەکە بە کچەکە دەڵێت دیارە تۆ کاری خراپت کردووە و متمانەت بە خۆت نییە بۆیە ئەو پرسیارە دەکەیت!
مشتومڕەکە هێندە گەورە دەکرێت، بۆ دڵنیابوونەوە پشکنینی پەردەی کچینی بۆ کچەکە بکرێت بەر لە گواستنەوەی!

کەچی سەرەڕای ئاساییبوونی پشکنینەکەش، کوڕەکە سووربوو لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هاوسەرگیرییەکە و دەیگوت "نەدەبوو ئەو کچە لەڕووی بێت باسی بابەتێکی وا هەستیار بکات، ئەوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هێڵی سوورە".

دایکی کوڕەکە زۆر تکای لە کوڕەکەی کرد تێبگات کە هەم قسەی کچەکە ئاساییە و هەمیش پشکنینەکە ئاساییە، بەڵام کوڕەکە دوا بڕیاری خۆی دابوو!

ئێمەش هەوڵماندا بە ڕوونکردنەوەی زانستیی زیاتر وای لێبکەین دڵنیاببێتەوە و گومانەکانی بڕەونەوە، بەڵام دیسان بێسوود بوو!

بۆیە زۆر گرنگە کۆمەڵگە بە گشتی و کچان و کوڕانمان بە تایبەت هۆشیار ببنەوە، کە ئەوەی هاوسەران پێکەوە دەبەستێت خۆشەوسیتییە و تاکە کلیلی متمانەش پەردەی کچێنی نییە، هەروەها باسکردنی ناخی هەریەکەیان بۆ یەکتر بێشەرمی نییە، ئەی ئەگەر پرسیارەکان و ترسەکانی بە هاوسەرەکەی نەڵێت، بە کێی بڵێت؟

*د. دیلمان ئازاد خۆشناو ـ پسپۆڕی پزیشکیی دادوەری و
مامۆستا لە کۆلیژی پزیشکی