#عه‌بدولستار مه‌جید #كۆمه‌ڵی دادگه‌ری #ئەحمەدی حاجی رەشید #سۆران عومه‌ر

سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی: دادگای پێداچوونەوە بڕیاردەدات ھەمووان بێ دەنگ بین

هەواڵی / 6/5/2021 243 جار بینراوە

پێنج دادوەره‌كه‌ش ھاوڕا نەبوون لەسەر بڕیارەکە
سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی: دادگای پێداچوونەوە بڕیاردەدات ھەمووان بێ دەنگ بین

شه‌ن پرێس:
دادگای پێداچوونەوەی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەر پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بادیناندا پەسەند کرد كه‌ لەدەقی بڕیارەکەی دادگا،تۆمەتی وەرگرتنی پارە لە ئەمریکاو ئەڵمانیا بۆ ئەنجامدانی کاری گێرەشوێنی بەسەرگیراوانی بادینان سەپێندراوە، سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی ومافی مرۆڤیش ده‌ڵێت، دادگای پێــداچــوونەوە بـڕیاردەدات ھەمووان بـێ دەنگ بین.

له‌به‌شێكی تری به‌یاننامه‌كه‌ هاتووه‌،بڕیارەکە بەزۆرینە دەرچووە (واتە لەکۆی پێنج ئەندام سێ ئەندام پەسەندیان کردووە و دوو ئەندام دژی بوون) کە ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە تەنانەت پێنج دادوەر ھاوڕا نەبوون لەسەر بڕیارەکە چ جای بگات بەدەنگی ناڕازی ھەزاران کەسی دژی ئەم بڕیارە (جگە لەوەی ھەمووان دەزانین کە ھەژموونی پارتی و یەکێتی بەسەر دادگاکان و دادگای پێداچوونەوە چ ڕۆڵێکی ھەیە لەدەرچوونی بڕیارەکان.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌:
بۆ ڕای گشـــتی
 بەیاننامەی ڕێکخراوی DHRD سەبارەت بە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستان لە دۆسیەی سزادراوانی بادینان
دادگای پێــداچــوونەوە بـڕیاردەدات ھەمووان بـێ دەنگ بیــن
پاش ئەوەی دادگای تاوانەکانی دووەمی ھەولێر لەپرۆسەیەکی دادگایکردندا  کەسەرلەبەری مایەی سەرنج و ھەڵوەستە لەسەرکردن بوو ، ھەر لە دەستگیرکردنی تۆمەتباران و بێ سەروشوێن بوونیان  بۆ ماوەیەکی زۆر و ڕێگەنەدان بە کەس وکار و پارێزەرەکانیان بۆ بینین و سەردانیکردن و ئامادەبوون لەقۆناغەکانی لێکۆڵینەوە تا دەگاتە پرۆسەی دادگایکردنەکە بەخێرایی و کۆتایی ھێنان بە دۆسیەیەکی ئاوا ھەستیار لەماوەی تەنھا دوو ڕۆژ و دەرکردنی بڕیار لەڕۆژی ١٦-٢-٢٠٢١ بەسزادانی ڕاگیراوان بۆ ماوەی ٦ شەش ساڵ زيندانيكردن . پاش ئەو ھەموو کاردانەوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیانەی لەسەر بڕیارەکە دروست بوو ، دواتر ھەموو چاوەکان چووەسەر دادگای پێداچوونەوەی ھەرێم تاکو بەچاوێکی یاسایی وردتر و تێگەیشتنێکی یاسایی تر لە چالاکی مەدەنی و داوای ماف و ئازادیيەکان بڕیار لەدۆسیەکە بدات ، بەڵام بەداخەوە لەڕۆژی ٢٨-٤-٢٠٢١ و بەبڕیاری ژمارە (٤٦٨/الھیئة الجزائیة-الثانیة/٢٠٢١) کە ئەمڕۆ بڵاوبوویەوە ،
دەستەی سزایی دووەمی دادگای پێداچوونەوە بڕیاری پەسەندکردنی سزادانی چالاکوانانی بادینانی بەزۆرینە پەسەند کرد . کە وێڕای نیگەرانیمان لەکۆی پرۆسەکەو مەترسی گەورەی ئەم بڕیارە لەسەر ئازادییە گشتیەکان  و خەباتە مەدەنییەکانی داوا کردنی ماف و ئازادییەکان ، ھاوکات بەکورتی ئەم سەرنجانە لەسەر بڕیارەکەی دادگای پێداچوونەوە دەخەینە ڕوو :
١/ بڕیارەکە بەزۆرینە دەرچووە (واتە لەکۆی پێنج ئەندام سێ ئەندام پەسەندیان کردووە و دوو ئەندام دژی بوون) کە ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە تەنانەت پێنج دادوەر ھاوڕا نەبوون لەسەر بڕیارەکە چ جای بگات بەدەنگی ناڕازی ھەزاران کەسی دژی ئەم بڕیارە (جگە لەوەی ھەمووان دەزانین کە ھەژموونی پارتی و یەکێتی بەسەر دادگاکان و دادگای پێداچوونەوە چ ڕۆڵێکی ھەیە لەدەرچوونی بڕیارەکان).
٢/ خاڵێک کەزۆر جێی لەسەر وەستانە و لەھەردوو قۆناغی دادگایی کردن و پێداچوونەوە جەختی لەسەرکراوەتەوە و وەک کردەیەکی تاوانکاری سزادراوان ئاماژەی بۆ کراوە  سەردانی ئەو کەسانەیە بۆ کونسوڵگەری ئەمریکا لەھەولێر و وەرگرتنی ھاوکاری مادی بۆ دژایەتیکردنی ھەرێمی کوردستان لەکاتێکدا ئەمریکا ڕۆڵی سەرەکی ھەیە لە بەڕێوەچوونی کۆی پرۆسەی سیاسی لەعێراق و ھەرێمی کوردستان و پێویستی بەپێدانی بڕی (٥٠٠٠ $ پێنج ھەزار دۆلاری ئەمریکی نیە بە شەش کەس بۆ دژایەتیکردنی ھەرێم و حوکمڕانیەکەی) .
٣/ یەکێکی تر لەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ سزادراوان پەیوەندی کردنی سزادراوانە لەگەڵ ڕێکخراوی پارێزەرانی جیھانی ، کە ناردنی وێنە و دۆکیۆمێنت بۆیان ، کە جێی پرسیاری ھەمووانە ئەبێت ڕێکخراوی پارێزەرانی جیھانی چ مەترسییەکی بۆ سەر ئاسایش و ئارامی ھەرێمی کوردستان ھەبێت .
جگە لەھەموو ئەو وردەکارییە یاساییەی لەڕاپۆرتێکی شیکاری پێشتردا خستمانەڕوو .
لەم کاتەدا ڕێکخراوی DHRD  وەک ڕێکخراوێکی تایبەتمەند لەبواری سەروەری یاسا و مافی مرۆڤ و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری ، نیگەرانی خۆمان لەم جۆرە بڕیارانە دەردەبڕین و بەکارھێنانی دادگا بۆ کپ کردنی دەنگی ناڕازی شەقام بەمەترسیەکی گەورە بۆ سەر ئازادییەکان دەبینین و داواکارین لەسەرجەم ڕێکخراو و کەسایەتی و لایەنەکان بەردەوام بن لەدەربڕینی ناڕەزایەتی دژی ئەم بڕیارە و دروستکردنی فشاری زیاتر بەئاراستەی دۆزینەوەی دەرچەیەکی یاسایی.
سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی ومافی مرۆڤ DHRD
                             ٥ی ئایار ٢٠٢١

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌