#دەستگیركراوانی بادینان

درزی كۆم

هەواڵی / 6/5/2021 303 جار بینراوە

درزی كۆم
(الشرخ الشرجی)

د.ئازاد مەنتک
لەشی ئادەمیزاد پێكدێت لە چەند كۆئەندامێك، یەك لەو كۆئەندامانە بریتیە لە كۆئەندامی هەرس، كە پێكدێت: لە دەم و سورێنچك و گەدە و  ڕیخۆڵە باریكە، كە: فەرمانەكانیان بریتیە لە هەرسكردنی خواردن و ئامادەكردنی خۆراك بۆ زیندە چالاكیەكانی ناو لەش و مژتنی خۆراك و توخمی پێویست. بەشێكیتری كۆئەندامی هەرس بریتیە لە ڕیخۆڵە ئەستوورە كە فەرمانەكەی بریتیە لە دووبارە مژینی ئەو ئاوە زیادەی كە لەگەل پاشەڕۆكانە لە كۆتایی ڕیخۆڵە ئەستوورە ڕێكە هەیە كە پاشەڕۆی تێدا عەمبار دەكرێت و بە بۆڕیەك كە درێژیەكەی(4 سم) كۆتایی دێت كە پێیدەووترێت كۆم. كۆم پێكدێت لە دوو جۆرە ماسولكە:
 1. ماسولكەی ناوەوە: كە ماسولكەی خۆنەویستن و درێژ بوونەوەی ئەو ماسولكە خۆنەویستانەن كە بۆڕی كۆئەندامی هەرسیان پێكهێناوە.
2.ماسولكە دەرەكیەكان: ماسولكەی خۆویستن و مرۆڤ دەتوانێت بەگوێرەی ئارەزووی بەكاریان بێنێت و لە كاتی بوونی پیسایی لەبەر ئەوەی لە ژێر ویستی مرۆڤدان خاو دەبنەوە و یارمەتی پیسایی كردن دەدەن, هەروەها بە ناو پۆشێكی تایبەت ناوپۆشكراون كە زۆر هەستیارن كە دەتوانێت جیاوازی لە نێوان با و پیسایدا بكات. هەر لەبەرئەوە ڕوودانی هەربرینێك لەو ناوپۆشە مرۆڤ هەست بە ئازاری زۆر دەكات بە پێچەوانەی ڕێكە (المستقیم) كە ئەو ناو پۆشەی نییە و هەست بە ئازار ناكات.
                                    درزی كۆم چیە؟
درزی كۆمی لەناكاو: بریتیە لە لەناكاو دروستبوونی برینێك یان قلیشێك لە ناوپۆشی بۆڕی كۆم لە ئەنجامی بوونی پیسایی ڕەق  و تووند بە هۆی ناڕەوانی زۆر. ئەمەش ژانێكی زۆر دروست دەكات و خوێنی لێدێت، كە: دەبێتە هۆی كرژبوونی ماسولكەكانی ناوەوەی كۆم بۆ ئەوەی خوێن بۆ برینەكە نەچێت و برینەكە درەنگ چاك دەبێتەوە و لێ‌ ی پیردەكات و دەبێتە درزی كۆمی درێژخایەن (پیر).
* هۆكارەكانی تووشبوون:
1- ناڕەوانی (قەبزی) درێژخایەن.
2- كردنی پیسایی ڕەق و ووشك.
3. ڕەوانی تووند (الاسهال  الشدید).
4. نەخۆشی كرۆن (هەوكردنی درێژخایەنی  ڕیخۆلە).
5. دووگیانی.
6. منداڵبوون (الولادە).
7. دەگمەن بە هۆی پێبینینی كۆم یان گەرمی پێوی كۆم یان پشكنینی كۆم یان پشكنینی پرۆستات لە ڕێگای كۆم.
* نیشانەكان:
1. ژان لە كوونی كۆم.
2. ژانی  زۆردوایی پیسایی كردن  و ماوەیەك دوای پیسایی كردن.
3. خوێن دانیشتن.
4. خوێن هاتن لەگەڵ پیسایی.
5. بوونی خوێن یان دەردراوی بۆن ناخۆش لە سەر دەرپێ‌  قووتە و  جلوبەرگی سەر گۆشت (الملابس الداخلیە).
* خۆپاراستن لە درزی كۆم:
خۆپاراستن لە ناڕەوانی:
1. خواردنی خۆراكە ڕیشالیەكان یان ئەو خۆراكانەی كە ڕیشالیان زۆر تێدایە.
2. زۆر ئاو خواردنەوە.
3. كاتێك كە هەستت كرد كە پیسایت دێت یەكسەر بۆ ئاو دەست بڕۆ و ڕایمەگرە.
4. وەرزشكردن هەر نەبێت بە پێ‌  ڕێ بكەین.

* چارەسەركردن:
أ- بە دەرمان:-
1. شۆرینی كۆم دوای پیسای كردن بە ئاوێكی شلەتێن.
2. بەكارهێنانی دەرمانە ژان لابەرەكان، وەك: ڤۆلتارین.
3. بەكارهێنانی ئەو دەرمانانەی كە ناڕەوانی ناهێلن, بەڵام دەبێت ئاگادار بن نابێت بۆ ماوەیەكی زۆر بەكاری بێنن.
4. بەكارهێنانی ڕاگووشە  ژان  لابەرەكان كە ماددەی سڕكەری تێدایە و كۆمی پێ‌ چەور دەكرێت, لەگەل بەكارهێنانی فتیلی دژە هەوكردن لە ناو كۆم كە ماددەی(كۆرتیزۆن)ی تێدایە.
5. بەكارهێنانی ئەو  ڕاگووشانەی كە  ماددەی (نایترۆگلسرین) تێدایە، كە: دەبێتە هۆی كشانی ماسولكەكانی ناوەوەی كۆم و لە ئەنجامدا خوێن چوون  بۆ برینەكە و چاكبوونەوەی, ئەوانەی كە نەخۆشی دڵیان هەیە دەبێت ئاگاداری خۆیان بن ئەو دەرمانانە بەكار نەهێنن.
ب- نەشتەرگەری: بەكار دێت بۆ درزی لەناكاو  كە بە دەرمان چارەسەر نەكرێت. هەروەها درزی كۆمی درێژخایەن (نیشانەكانی دووبارە و بەردەوام بێت یان مایەسیری لەگەل دابێت یان تەسكبوون لە كونی كۆم هەبێت). نەشتەرگەریەكە بە دوو  ڕێگا دەكرێت:
ا.  ڕێگای  كۆن (ژانی  زۆرە) ئەویش بە خاوێن كردنەوەی برینەكە و دانانی فتیلێك لە ناو  برینەكە لە كاتی دەرهێنانی  ئەو  فتیلە  نەخۆش ئازاری زۆری پێدەگات.
  ب.ڕێگای نوێ‌ نەخۆش هیچ ئازاری پێوە نابینێت و ئێستا بە زۆری بەكاردێت كە بە هۆی دروستكردنی برین لە ماسولكەكانی ناوە ناوە یارمەتی زۆرخوێن بۆ چوون بۆ درزی كۆم دەدات ولە ئەنجامدا چاك دەبێتەوە.