#دەستگیركراوانی بادینان

هۆكاره‌كانی دواكه‌وتنی سوڕی مانگانه‌ی ئافره‌تان لە ڕەمەزاندا و ڕێگاكانی چاره‌سه‌ر

هەواڵی / 18/4/2021 679 جار بینراوە

هۆكاره‌كانی دواكه‌وتنی سوڕی مانگانه‌ی ئافره‌تان لە ڕەمەزاندا و ڕێگاكانی چاره‌سه‌ر

ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانی: م. ئاواره‌ محمدامین كه‌وه‌رتی - ماسته‌ر له‌ ڕووه‌كناسی میللی
زۆرێك له‌ كچان و ژنان له‌ دواكه‌وتنی سوڕی كه‌وتنه‌ سه‌رخوێن "سوڕی مانگانه‌"یان له‌ مانگی ڕه‌مه‌زان پرسیار ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها چ پشێوییەک کاریگەری لەسەر خولەکە هەیە لەم مانگەدا، بۆیە  لێره‌دا گرنگترینی ئەو هۆکارانەتان بۆ دەخه‌ینەڕوو و چۆن خۆیان لێ بەدوور بگرن.
له‌گه‌ڵ هاتنی مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز، كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری له‌ ژیان و ته‌ندروستی خانمان ڕووده‌دات به‌تایبه‌ت سوڕی مانگانه‌، له‌م مانگه‌دا به‌ هۆكاری جیاوازه‌وه‌ خانمان تووشی پێشكه‌وتن یان دواكه‌وتنی سوڕه‌كه‌ ده‌بن. لێره‌دا گرنگترین هۆكاره‌كان و ڕێگاكانی خۆپارێزی ده‌خه‌ینه‌ڕوو كه‌ پێویسته‌ په‌یڕه‌ویان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دووربن له‌ پشێوییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ سوڕه‌كه‌وه‌.

هۆكاره‌كانی دواكه‌وتنی سوڕی مانگانه‌ی خانمان له‌ ڕه‌مه‌زاندا:

هۆکاری زۆر هەن لە پشت دواخستن و تێکچوونی سووڕی مانگانە، لەوانە:
① ته‌نگژه‌ ده‌روونییه‌كان: له‌م مانگه‌دا، خانمان به‌ كۆمه‌ڵێك په‌ستانی ده‌روونی و دڵه‌ڕاوكێ تێپه‌ڕ ده‌بن له‌ ئه‌نجامی ماندووبونیان له‌ ئاماده‌كردنی خواردن، كه‌ ئه‌مانه‌ش كاریگه‌ریان هه‌یه‌ له‌سه‌ر هۆڕمۆنه‌كانی ڕژێنه‌كانی كۆئه‌ندامی زاوزێ و به‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی دواكه‌وتنی سوڕه‌كه‌.
② زیادبوونی كێش: هه‌روه‌ك ده‌زانین له‌ مانگی ڕه‌مه‌زان زۆربه‌ی خه‌ڵكی تووشی زیادبوونی كێش ده‌بن به‌هۆی زۆر خواردنی خۆراك و شیرنه‌مه‌نییه‌ ڕه‌مه‌زانییه‌كان كه‌ بڕێكی زۆر له‌ گه‌رمۆكه‌ی وزه‌ (كالۆری)یان تێدایه‌، وه‌ به‌هۆی ئه‌نجام نه‌دانی هیچ چاڵاكی و نووستن ڕاسته‌وخۆ دوای خۆراك خواردن، كه‌ ئه‌مه‌ش هۆكاره‌ بۆ زیادبوونی كێش. ده‌رئه‌نجامیش ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی توانای كاركردنی هۆڕمۆنه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست و سروشتی كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ دواكه‌وتنی سوڕی مانگانه‌ و دروستبوونی پشێوییه‌كان.
③ ماندووێتی جه‌سته‌: سروشتییه‌ كه‌ خانمان هه‌ست به‌ ماندووبوونێكی زۆری جه‌سته‌یان بكه‌ن له‌ مانگی ڕه‌مه‌زان به‌هۆی ڕۆژووگرتن و هیلاكی له‌ كاری ماڵ و ئاماده‌كردنی خواردن و ژه‌مه‌كانی به‌ربانگ و پارشێو و كۆبوونه‌وه‌كانی خێزان كاریگه‌ریان ده‌بێت له‌سه‌ر سوڕه‌كه‌ و دواكه‌وتنی هاتنه‌خواره‌وه‌ خوێنی سوڕه‌كه‌.
④ شه‌ونخونی: سروشتییه‌ كه‌ كاتی نووستن و ماوه‌ی نوستن بگۆڕێت له‌ ڕه‌مه‌زانی پیرۆزدا، له‌م مانگه‌دا كاته‌كانی شه‌ونخونی زیاد ده‌بن و كاتژمێره‌كانی پشوو و نوستن كه‌م ده‌بنه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بنه‌ هۆی ناهاوسه‌نگی له‌ ڕێكخستنی سوڕی مانگانه‌ و كاته‌كانی دابه‌زینی خوێنی سوڕه‌كه‌.
⑤ به‌دخۆراكی: زۆرێك له‌ خانمان خۆراكی سوره‌وه‌كراو و ئاماده‌كراوی ناو تاوه‌ و خۆراكه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان به‌ شه‌كره‌كان ده‌خۆن، كه‌ وزه‌ی به‌رده‌وام به‌ درێژایی ڕۆژه‌كه‌ نابه‌خشن، كه‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌بێت له‌سه‌ر ته‌ندروستی و هه‌ست به‌ ماندوویه‌تی و هیلاكی ده‌كات كه‌ كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر سوڕی مانگانه‌ و دواكه‌وتنی.
چۆنیه‌تی دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ پشێوییه‌كانی سوڕی مانگانه‌ له‌ ڕه‌مه‌زان.

لێره‌دا هه‌ندێك له‌ ئامۆژگاری كه‌ یارمه‌تیده‌رن بۆ دووربوون له‌ دواكه‌وتن و پشێوییه‌كانی سوڕی مانگانه‌ له‌ ڕه‌مه‌زاندا، له‌وانه‌:
١. ئه‌نجامدانی چالاكی وه‌رزشی دوای به‌ربانگ كردنه‌وه‌؛ وه‌ك ڕۆیشتن به‌پێ و ڕاكردنێكی كه‌م.
٢. ڕێكخستنی كاته‌كانی خه‌وتن و ده‌ستكه‌وتنی كاتی پێویست بۆ پشوو.
٣. خواردنی خۆراكی ته‌ندروست و به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و خۆراكانه‌ی كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندن به‌ كانزاكان و ڤیتامینه‌كان كه‌ پارێزگاری له‌ ته‌ندروستی و كێش ده‌كه‌ن و وزه‌ی به‌رده‌وام و چالاك ده‌به‌خشن.
٤. ئه‌و خواردن و شیرینیانه‌ی كه‌ كالۆری به‌رزیان هه‌یه‌ كه‌میان لێ بخورێت بۆ پارێزگاری له‌ كێشی ته‌ندروست و گونجاو.
٥. دووركه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدانی كۆششی زۆر و هه‌روه‌ها پشووی پێویست به‌ده‌ست بهێنه‌ له‌ ڕۆژدا.
٦. شیرنه‌مه‌نیه‌كان و شه‌كره‌ خۆراكییه‌ ده‌سكرده‌كان بگۆڕه‌ به‌ میوه‌ و سه‌وزه‌كان و زۆر ئاوخواردنه‌وه‌.
٧. كه‌مكردنه‌وه‌ی گرفت و كێشه‌كانی نێوان هاوسه‌ره‌كان و ئه‌ندامانی خێزان.

سه‌رچاوه‌: الیوم العائلتي