#مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز

سه‌ركرده‌یه‌كی كۆمه‌ڵ ، سیاسه‌تكردنی نێچیرڤان بارزانی به‌ "مەعاویە" ئه‌شوبهێنێت .

هەواڵی / 8/4/2021 292 جار بینراوە

سه‌ركرده‌یه‌كی كۆمه‌ڵ ، سیاسه‌تكردنی نێچیرڤان بارزانی به‌ "مەعاویە" ئه‌شوبهێنێت .


🔻 "هونەری سەركردایەتیكردن لە نێچیرڤان بارزانیدا بەدی دەكرێت هەمیشە دەیەوێت موەكەی مەعاویە بهێڵێتەوە"

ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پێیوایە سەرەڕای ئەو رەخنانەی لە دەسەڵات بە هەموو دامەزراوەکانیانەوە هەیانە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رەخنەی کەمتری بەردەکەوێت، بەو پێیەی "هەمیشە نیازێک لای بەڕێز کاک نێچیرڤان هەبووە، هەوڵیداوە شتێک لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان بهێڵێتەوە، ئەمەش یەکێکە لە هونەرەکانی سەرکردایەتیکردن".
 
محەممەد حەکیم، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە ديمانه‌یه‌كی كه‌ناڵی رووداو، لەبارەی هەڵوێستی کۆمەڵی دادگەریی لەبارەی کۆبوونەوەی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "دۆخی پەیوەندی نێوان حیزبە سیاسییەکانی کوردستان، دۆخێکی خراپە پێشتر باس لەو کۆبوونەیە کراوە، بەڵام حیزبە سیاسییەکان بە تایبەت ئێمە مانان ئامادەییمان نەبووە، بەڵام ئەمجارە بەهۆی ئەوەی هەلومەرجێکی تازە هاتووەتە پێشەوە، بە تایبەت دوای پەسندکردنی بودجەی عێراق، بە باشمان زانی ئەمجارە بەشداری بکەین".
 
بە بڕوای محەممەد حەکیم بەستنی ئەم جۆرە کۆبوونەوانە "شتی چاکن، دەکرێت نزیکبوونەوە یان لێکتێگەیشتنی تا راددەیەکی باشی لایەنە سیاسییەکانی لێبکەوێتەوە، چونکە دواجار ئەوانەی کە کۆدەبنەوە ئەوەندی من ئاگاداربم سێ لایەنی حکومڕانی کوردستانن لەگەڵ دوو لایەنی ئۆپۆزیسیۆن".
 
سەبارەت بە چاوەڕاوانییەکانیان بۆ کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و ئەو هەنگاو و بڕیارانەی دەدرێن، ئەندامەکەی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری کوردستان گوتی: "مرۆڤ دەبێت هەمیشە لایەنە چاکەکانیش بڵێت، بەڵێ ئێمە رەخنەمان لە دەسەڵات بە هەموو دامەزراوەکانییەوە هەیە، بەڵام پشکی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم لەوەیە رەخنەی کەمتری لە دامەزراوەکانی دیکە بەر بکەوێت، هەمیشە نیازێک لای بەڕێز کاک نێچیرڤان هەبووە، لە هەموو کاتێکدا من وەکو مێژووێکی سیاسی کە هەمە، هەوڵیداوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا (مووەکەی معاویە) واتە شتێک لەگەڵ هەموو لایەنەکان بهێڵێتەوە، ئەمەش یەکێکە لە هونەرەکانی سەرکردایەتیکردن".
 
محەممەد حەکیم ئومێد دەخوازێت لەو کۆبوونەوەیە جۆرێک لێکتێگەیشتن هەبێت و ئومێدیش دەکات "نوێنەرانی هەرسێ لایەنی حکومڕانی کوردستان کە لەوێن چاک گوێبیستی وتەکانی دوو لایەنەکەی دیکە ببن. بە تایبەت کە من زۆرجار لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ جەنابی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریدابووم، ئەوەی لە بەرژەوەندی حکومڕانی کوردستان و خەڵکی کوردستانی زانیبێت بێ پەردە لە کۆبوونەوەکان باسیکردووە، ئەوەی لە کۆبوونەوەکان گوتوومانە لەبەر ئەوەی نیەتمان موزایەدەی سیاسی نەبووە، لەسەر شاشەکان کەمترمان گوتووە".
 
محەممەد حەکیم پێیوایە "ئێستا هەلێکی چاکە، تۆپەکەش لە گۆڕەپانی حکومەتی هەرێمە، بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان، چونکە پارتی کۆمەڵێک کایەی سیاسی گرنگ و هەستیاری لە هەرێمی کوردستان بە دەستەوەیە، وەکو سەرۆکی حکومەت ئاماژەی پێداوە کە ئەوان لای خۆیانەوە ئەو ماددەیەی کە پەیوەستە بە هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنی نەوت و داهاتە نا نەوتییەکان جێبەجێ دەکەن، ئەمە هەنگاوێکی چاکە، پێموایە هەموومان ئێستا چاوەڕوانی یەکەممان ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی خۆی جێبەجێ بکات و چیتر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەو دۆخ و بارە داراییە دەروونییە خراپەیان نەژیێین، کە چاوەڕێ بکەن ئەم مانگە مووچەکەیان دەدرێت، ئایا کە درا چەندی لێدەبڕدرێت؟".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 08-04-2021، کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
 
لە کۆبوونەوەکەدا فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵەی دادگەریی کوردستان، محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان، ئایدن مەعروف لە پێکهاتەی تورکمان و ئانۆ جەوھەر لە پێکهاتەی کریستیانەکان بەشدار دەبن.

زۆرترین بینراو