هاوپه‌یمانان دوو لیوای پێشمه‌رگه ده‌خه‌نه لیستی ڕه‌شه‌وه
هەواڵی /
8/4/2021
272 جار بینراوە
هاوپه‌یمانان دوو لیوای پێشمه‌رگه ده‌خه‌نه لیستی ڕه‌شه‌وه
هێزه‌كانی ئهمریكاو هاوپه‌یمانان له‌ڕێگه په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه گوشاره‌كانیان بۆ نه‌هێشتنی هه‌ردو یه‌كه‌ی 70 و80ی پارتی و یه‌كێتیی چڕ كردۆته‌وه‌و هه‌ردو لیوای 9 و 12ی پێشمه‌رگه‌ش ده‌خه‌نه لیستی ڕه‌شه‌وه.
به‌پێی زانیارییه‌كان له‌كۆبونه‌وه‌ی نێوان هێزه‌كانی ئهمریكاو هاوپه‌یمانان له‌گه‌ڵ لێژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، هاوپه‌یمانان داوایان له‌په‌رله‌مانی كوردستان كردوه گوشاره‌كانیان بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌و نه‌هێشتنی هه‌ردو یه‌كه‌ی 70 و 80ی پارتی و یه‌كێتیی چڕ بكه‌نه‌وه.
به‌پێی زانیارییه‌كانی بوار؛ بۆ گه‌یاندنی په‌یامی ئهمریكاو هاوپه‌یمانان، هه‌فته‌ی ڕابردو لێژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی كرد‌و له‌گه‌ڵ وه‌زیرو به‌رپرسانی باڵای وه‌زاره‌ته‌كه كۆبونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ، سێشه‌ممه 6ی نیسانی 2021 له‌گه‌ڵ جه‌عفه‌ر مسته‌فا، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و كه‌ریم سنجاری به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی سه‌رۆكی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ هه‌مان مه‌به‌ست كۆبونه‌وه.
ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی، ئه‌ندامی لێژنه‌ی پێشمه‌رگه له‌په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌واڵه‌كه‌ی بۆ بوار پشتڕاستكردهو ڕایگه‌یاند: لهكۆبونهوهمان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان به‌ڕه‌سمی داوایان كرد لێژنه‌ی پێشمه‌رگه‌و په‌رله‌مانی كوردستان بێته سه‌رخه‌ت و گوشاره‌كانیان له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و یه‌كێتیی و پارتی چڕ بكه‌نه‌وه بۆئه‌وه‌ی دۆخی پێشمه‌رگه باشتر بكرێت و هه‌ردو یه‌كه‌ی 70 و 80 نه‌مێنێت و له‌چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ڕێكبخرێنه‌وه، هاوپه‌یمانان ئه‌وه‌شیان پێوتوین به‌رده‌وامبونی هاوكارییه‌كان به‌نده به ڕێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه".
گوتیشی: "ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و هه‌فته‌ی ڕابردوش له‌گه‌ڵ وه‌زیرو به‌رپرسانی باڵای وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه كۆبوینه‌وه‌و مه‌ترسی ڕاگرتنی هاوكاری هاوپه‌یمانان و نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌مریكامان پێڕاگه‌یاندون".
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌وه‌شی باسكرد: "له كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، دانیان به‌وه ناوه یه‌كێتیی و پارتی نایانه‌وێت هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ڕێكبخرێنهوهو بكرێنه هێزێكی نیزامی و نیشتمانی، به‌ڵام چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی پێشمه‌رگه‌و ڕێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كان، بڕیاردرا به هه‌ماهه‌نگی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، لێژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌نێوان سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و لێژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان پێكبهێندرێت".
به‌پێی زانیارییه‌كانی بوار؛ هاوپه‌یمانان هه‌ردو لیوای 9 و 12ی پێشمه‌رگه‌یان خستۆته لیستی ڕه‌ش، له‌و باره‌یه‌وه ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی، گوتی: "ڕاسته هه‌ردو لیواكه خراونه‌ته لیستی ڕه‌شه‌وه، به‌ڵام بۆ پاراستنی زانیاری ئه‌منی ناكرێت هۆكاره‌كه‌ی ئاشكرا بكه‌ین".
گوشاره‌كانی ئهمریكاو هاوپه‌یمانان له‌كاتێكدایه كه له 26ی ئازاری ئه‌مساڵ، ده‌زگای میدیایی بوارنیوز له ڕاپۆرتێكیدا بڵاویكرده‌وه، كه ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان "نیگه‌رانن و ئه‌گه‌ری" ڕاگرتنی هاوكارییه‌كانی بۆ هێزه‌ی پێشمه‌رگه له ئارادایه.