#مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز

دانوستانە نهێنییەکانى واشنتن و تاڵیبان چۆن بەڕێوەچوون؟

هەواڵی / 8/4/2021 123 جار بینراوە

دانوستانە نهێنییەکانى واشنتن و تاڵیبان چۆن بەڕێوەچوون؟

کۆشان عەلی زەمان
مەلەفی ئەفغانستان یەکێکە لەتاقیکردنەوەکانی بەردەم بایدن
یەکێکی تر لەو ئەرکە ئاڵۆزانەی بۆ ئیدارەی بایدن مایەوە ڕێکەوتنی ئەمریکا و تاڵیبانە


لەئێستادا دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان کار دەکەن لەسەر چەند بەند و بەشی نهێنى ڕێککەوتننامەى ئاشتى نێوان بزوتنەوەى تاڵیبان و ئەمریکا کە لەساڵى ڕابردوودا هاتەکایەوە. دیپلۆماتکارەکان دەیانەوێت ئەمریکا لەو تەنگژە و تێڕوانینە جیاوازانە ڕزگاربکەن لەبارەى کشانەوەى وڵاتەکەیان لە ئەفغانستان. 
لەئێستادا دانوستانەکان بەردەوامن لەگەڵ تاڵیباندا بەدیاریکراوى لەبارەى ئەوەى هێزەکانیان لە ئەفغانستان بمێننەوە یان ئەو ڕێککەوتننامەیە بکشێنن کە لەبارەى کشانەوەیان هەیە و لەوێ بمێننەوە. ئەو بابەتە یەکێکە لەو بابەتانەى زۆرترین مشتومڕى لێکەوتووەتەوە لەنێوان نوێنەرانى ئیدارەى بایدن و تاڵیبان. 

بۆچى ئەمریکا ناکشێتەوە؟ 
داواکارییەکان لە واشتنەوە بۆمانەوەى هێزەکانیان لە ئەفغانستان ئەوەیە مەترسییان هەیە کە تاڵیبان ئەوەندەى دیکە بەهێزببێت و هێرش بکاتەسەر حکومەتى ئەفغانى، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هێشتا ڕێککەوتنێکى گشتگیر نەکراوە لەوبارەیەوە لەنێوان ئەفغانستان و ئەمریکاوە. 
لەلایەکى دیکەوە دانوستانەکانى نێوان حکومەتى ئەفغانى و تاڵیبان وەستاون، کە لە ئەیلولى ڕابردوودا دەستیان پێکرد. هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەو گروپە چەکدارە دودڵە لەوەى ڕێککەوتنێک لەبارەى داهاتووەوە بکات یان ڕێککەوتن بکەن لەبارەى دابەشکردنى دەسەڵاتەکان، بەتایبەت کە هێشتا ئەمریکا پابەند نییە بە کشاندنەوەى هێزەکانى لە ١ى ئایارى ئەمساڵدا. 
ئەمروڵا صاڵح، جێگرى سەرۆکى ئەفغانستان پێشتر بە بى بى سى ڕاگەیاندبوو کە لەوبڕوایەدایە ئەمریکا تەنازولاتى زۆرى کردووە بۆ تاڵیبان ئەوەش وەکو بەشێک لە ڕێککەوتنییان لەگەڵ ئەو بزوتنەوەیەدا. 
تێڕوانینێک لەلاى لیبراڵى و چەپڕەوەکان هەیە کە مافى خۆیانە گەلى ئەفغانستان لە توندڕەوى تاڵیبان بپارێزن، ئەمەش بە ڕێککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتدارانى ئەفغانستان، هەرچەند ئەوانیش دابەشبوون بەسەر چەند بەرەدا و مافەکانى مرۆڤ پێشێل دەکەن. 
لەئێستادا دیپلۆماتکارەکانى ئەمریکا دەیانەوێت پشت ببەستن بەبەشێک لەو ڕێککەوتننامە ئاشتییە، بەتایبەت ئەو بەشەى کە بەئاشکرا باسى لێوەکراوە کە چالاکییە سەربازییەکان لەلایەن هەردوو بەرەوە سنووردار دەکات. ئەمەش بەشێکە لە ڕێککەوتنەکە و واژووى لەسەر کراوە. 

"ئەگەر بایدن لەماوەى دوو بۆ سێ هەفتەى داهاتوودا نەگاتە ڕێککەوتنێک یان دەرچەیەک نەدۆزێتەوە، ئەوا پاشەکشەیەکى گەورە دەکات لەسەر ئاستى سیاسەتى دەرەوە".
 

دانوستانى نهێنى بەردەوامە 
لەئێستادا دانوستانەکان جەخت لەسەر هەوڵە دیپلۆماتییەکان دەکەنەوە بۆئەوەى ئیدارەى بایدن بتوانێت یەک ئامانج بهێنێتەدى ئەویش مانەوەیەتى لە ئەفغانستان. ڕۆژنامەى نیویۆرک تایمزى ئەمریکى ئەوەى ئاشکرا کردووە بەشێکى سەرەکى دانوستانەکان جەخت لەسەر ئەو بابەتە دەکەنەوە، بەتایبەت کە قەراروایە لە چەند هەفتەى داهاتوو ئەو مۆڵەتەى ئەمریکا تەواو ببێت. 
خۆئەگەر ڕێککەوتنێک لەوبارەیەوە نەکرێت، بەشێک لەچاودێران لەوبڕوایەدان کەئەگەر هەیە هێزەکانی ئەمریکا ڕووبەڕووى مەترسى ببنەوە لەلایەک. لەلایکى دیکەوە، هێزەکانى ئەفغانستانیش ڕ,وبەڕووى پێکدادان و هێرشى بەهارى تاڵیبان ببنەوە. 
ئەسفەندیار میر، توێژەر لە سەنتەرى ئاسایش و هاوکارى نێودەوڵەتى لە زانکۆى ستانفۆرد لەوبڕوایەدایە کە ئەگەر بایدن لەماوەى دوو بۆ سێ هەفتەى داهاتوودا نەگاتە ڕێککەوتنێک یان دەرچەیەک نەدۆزێتەوە، ئەوا پاشەکشەیەکى گەورە دەکات لەسەر ئاستى سیاسەتى دەرەوە. 

لەئێستادا دیپلۆماتکارەکان دەیانەوێت بگەنە ئەنجامێک کە دوابەدواى کشانەوەیان یان لە حاڵەتى مانەوەشیاندا، تاڵیبان هێرش نەکاتەسەر دامودەزگا و هێزە حکومییەکانى ئەفغانستان. 

ئەمریکا چى بۆ تاڵیبان دەکات؟ 
ئەگەر تاڵیبان پابەندبێت بەوەى هێرش نەکاتەسەر هێزە حکومییەکانى ئەفغانستان ئاوا ئامادەیە هەموو ئەو زیندانییانەى تاڵیبان ئازاد بکرێن کە لەلایەن حکومەتى ئەفغانستانەوە دەستگیرکراون. هەروەها سزاکانى نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر تاڵیبان هەڵبگیرێن. 
بەشێک لە هێوربوونەوەى دۆخى ئەمنى ئەفغانستان لەلایەک و هێوربوونەوەى ئەمریکا بەرامبەر بە تاڵیبان دەکرێت لەو ڕێککەوتنەوە سەریهەڵدابێت کە لە شوباتى ٢٠٢٠دا واژوو کرا. 
بەپێى ئەو ڕێککەوتنە تاڵیبان هێرشە خۆکوژى و هێرشە چەکدارییە فراوانەکانى دەوەستێنێت، لەبەرامبەر ئەوەدا ئەمریکا هێرشى فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانى و فڕۆکە جەنگییەکانى دەوەستێنێت. 

ئایا تاڵیبان پەیوەندى لەگەڵ ئەلقاعیدە پچڕاندووە؟ 
بەرپرسان لە هەردولاوە بۆچوونى جیاواز و خوێندنەوەى جیاوازیان هەیە. هەردولا یەکدى تۆمەتبار دەکەن بە پێشێلکردنى بەندەکانى ڕێککەوتنەکە. هەرچەندە دەبێت تاڵیبان پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەلقاعیدە و گروپە چەکدارییە توندڕەوەکانى دیکە بچڕێنێ، بەڵام بەپێى زانیارى دەزگا هەواڵگرییەکانى ئەمریکا، تاڵیبان تەنها چەند هەنگاوێکى کەمى لەوبوارەدا ناوە. 
بەپێى ڕێککەوتنەکە ئەمریکا دەتوانێت بەرگرى لە هاوپەیمانەکانى خۆى لەناو حکومەتى ئەفغانى بکات، بەڵام لەبەرامبەردا تاڵیبان ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا هێرشى ئاسمانى بۆسەر ئەو چەکدارانەشى ئەنجامداوە کە تەنانەت هێرشیان بۆسەر هێزەکانى ئەفغانستان ئەنجام نەداوە. 
یەکێک لە مەرجە نوێییەکان بۆ بەڕێوەچوونى ڕێککەوتنى هەردولا مەسەلەى سنووردارکردنى هێرش و توندوتیژییەکان بوون، بەڵام لەماوەى حەوت مانگى ڕابردوودا،  ئەم بابەتە یەکێک بوو لە گەورەترین خاڵى جیاوازى و کێشە لەنێوان هەردولادا. 
هەرچەندە تاڕاددەیەک هەنگاوەکان بەرەوپێشەوەچوونیان بەخۆیەوە بینووە، بەڵام هێشتا ڕێگایەکى پڕ تەنگژە لەبەردەمیاندایە. 
بەپرسان و شارەزایان لەوبڕوایەدان دواهەمین هەنگاوى ئیدارەى بایدن ئەنجامدانى دانوستان و گفتوگۆى زیاترە لە تورکیا، بەڵام تاڵیبان تاوەکو ئێستا ڕەزامەندى نەداوە لە ئامادەبوون لەو کۆبوونەوەیەدا. 

ئایا ڕێککەوتنەکە توندوتیژى کۆتایى پێدەهێنێت؟ 
ئەو گروپە چەکدارییە لەوبڕوایەدایە کە بایدن یارى بە ڕێککەوتنەکە دەکات، بەشێوەیەک کە ڕێکارى یەکلاکەرەوە دەگرێتەبەر لەبارەى پرسى توندوتیژییەوە. بۆنمونە ئەو گروپە چیتر ناتوانێت بۆمب لە ڕێگاکان دابنێتەوە هەروەها نابێت هێرشبکاتەسەر خاڵەکانى پشکنین. 
دانوستانکارانى تاڵیبان لەوبڕوایەدان کە داواکارییەکانى ئەمریکا یەکسانە بە وەستاندنى جەنگ، بەڵام بەرپرسانى سەربازى ئەمریکا پێیانوایە کە ئەگەر ڕێکارەکان بەشێوەیەکى ڕوون دیاریکراو نەبن، ئەوا تاڵیبان تاکتیکەکانى دەگۆڕێت و هەر بۆشاییەک بدۆزێتەوە بەکاریدەهێنێت، هەروەکو ئەوەى لەڕابردوودا کردوویانە. 
لەبەرامبەر ئەوانەدا بەشێک لە بەرپرسانى تاڵیبان داوا دەکەن کە بەشێک لە هێزەکانى پشتیوانکراو لەلایەن دەزگاى هەواڵگرى ئەمریکا (سى ئاى ئەى) هەڵبووەشێنرێنەوە. هەروەها داوا دەکات ئۆپەراسیۆنەکانیان بووەستێنن ئەگەر ئەو گروپە چەکدارییە چالاکییەکانیان کەم بکەنەوە. 
بەڵام وادەردەکەوێت کە ئەم داوکارییانە بەشێوەیەکى تەواو گوێیان بۆنەگیرێت، بەتایبەت کە سوپاى ئەمریکا و دەزگا هەواڵگرییەکانى ئەو وڵاتە لەوبڕوایەدان کە ئەو هێزەى لەلایەن ئەوانە دروستکراوە کاریگەرترینن لەناو حکومەتى ئەفغانیدا، هەرچەندە چەندین تۆمەت ئاڕاستەیان دەکرێت لەبارەى پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤەوە. 
چاودێران لەوبڕوایەدان گەیشتن بە ڕێککەوتن تاوەکو ١ى ئایار زۆر سەختە، مەگەر ئەوەى بەرپرسانى ئەمریکا ئامادەبن پاشەکشە و تەنازولاتى زۆر گەورە بکەن تاوەکو بتوانن ڕێگربن لە هەر هێرشێکى ئەو گروپە چەکدارییە لەماوەى وەزرى بەهاردا. وادەردەکەوێت کە بەشێوەیەکى کردەیى تاڵیبان دەستیکردبێت بەو هێرشانە، بەتایبەت لەماوەى چەند ڕۆژى ڕابردودا دەستیانکرد بە زنجیرەیەک هێرش و کردەى کوشتنى گەورە. 

توڕەیى کابوڵ لە دانوستانەکان 
بەشێک لە شارەزایان لەوبڕوایەدان ئەمریکا لە هەڵەدایە کە جەختێکى زۆر دەکاتەوە لەسەر سنووردارکردنى توندوتیژییەکان لەماوە کورتدا، چونکە ئەمە هەوڵە فراوانەکان لەناودەبات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنى سیاسیى لەنێوان حکومەتى ئەفغانى و تاڵیبان. 
دانوستانکارانى حکومەتى ئەفغانستان بەڕوونى نیگەرانى خۆیان خستووەتەڕوو و پێیانوایە کە گفتوگۆکانى نێوان تاڵیبان و ئەمریکا گرفتە لەبەردەم ئاشتەواییەکى فراوان لەنێوان حکومەت و تاڵیبان. 
یەکێک لە دانوستانکارانى حکومەتى ئەفغانى بە میدیاکانى ئەمریکاى ڕاگەیاندووە ئەگەر تەنانەت ئەمریکا و تاڵیبانیش بگەن بە ڕێککەوتن بۆ سنووردارکردنى توندوتیژییەکان، ئەوە ماناى ئەوەنیە لەدەرەنجامدا بەشێوەیەکى هەمیشەیى کۆتایى بە پێکدادان و جەنگ بێت.

زۆرترین بینراو