#مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز

ڤاکسین و کاریگەریەکانی لە شەڕی کۆڕۆنا

هەواڵی / 8/4/2021 91 جار بینراوە

ڤاکسین و کاریگەریەکانی لە شەڕی کۆڕۆنا

بە خۆشحاڵیەکی زۆرەوە لە زۆربەی وڵاتان دەست کراوە بە بەکارهێنانی چەند جۆرێک ڤاکسین بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی خێرا بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا. جگەلە ئەگەری کاردانەوەی لاوەکی کاتی و سنووردار لە کاتی بەکەرهێنانی ئەو ڤاکسینانە چەندەها سوودی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنا هەیە. سوودەکان هەندێکیان بۆ تاکن و هەندێکیان بۆ کۆمەڵگایە و لە کۆتایی بۆ هەموو مرۆڤایەتی. لێرەوە تیشک دەخەینە سەر کاریگەرە ئەرێنیەکانی ڤاکسین بە گشتی: 
۱ـ لاواز کردنی ئەگەری تووشبوونی تاک کە ڤاکسینەکە بەکاردێنێت. لە ئێستاوە ئەو رێژانەی کە لە توێژینەوەکان دەردەکەون پاراستن لەلایەن ئەو ڤاکسینانە لە ٪٦٠ تا ٪۹٠. ئەوەش بە رێژەیەکی زۆر باش دادەنرێت.
۲ـ ئەگەر لە دوای وەرگرتنی ڤاکسینەکە هەر تووشی ڤایرۆسەکە بووی ئەوە کۆڕۆنا بە سووکی دەگریت. لەتوێژینەوە سەرەتاییەکان وا دەردەکەوێت کە ئەگەر هاتوو دوای بەکارهێنانی ڤاکسینەکە نەخۆشی کۆڕۆنات گرت ئەوە نیشانەکان زۆر سووک دەبن، هەندێک هەڵامەت یان قورگ ئێشان. کەواتە رێژەی مردن و بە توندی نەخۆشبوون بە کۆڕۆنا بە رێژەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە
۳ـ وا چاوەروان دەکرێت کە بەکۆمەڵ بەکارهێنانی ڤاکسینەکە دەبێتە هۆی ئەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا نەتوانێت بە ئاسانی خۆی بڵاو بکاتەوە، چونکە ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتوە رێگا لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە دەگرن.
٤ـ ئەگەری درووستبوونی کۆڕۆنای گۆڕاو کەمدەکاتەوە. کۆڕۆنا ڤایرۆس لە کاتێک گۆڕانکاری بەسەر جینەتیکی خۆی دەهێنێت ئەگەر هاتو بتوانێت خۆی بە رێژەيەکی زۆر بڵاو بکاتەوە. لەکاتی بەکارهێنای ڤاکسین بە کۆمەڵ رێگا لەو بڵاو بوونەوە دەگیرێت لەگەڵ ئەوەش ئەگەری درووست بوونی کۆڕۆنای گۆڕاو زۆر کەم دەبێتەوە.
جێگای باسە بڵێین کە جگە لە ڤاکسین و رێکارەکانی خۆپارێزی هیچ چەکێکی ترمان نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڤایرۆسە. بۆیە هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵەکانیان چرتر بکەنەوە بۆ زوو هێنانی ڤاکسینی زیاتر بۆهەرێمی کوردستان. لە هەمان کاتدا داوا لە هاوڵاتیانی بەرێز دەکەم بەردەوام بن لە رێکارەکانی خۆپاراستن. بەداخەوە لە رێنماییەکان بایەخێکی پێویست نادرێت بە کەرەنتینی تاک. پێویستە ئەو  کەسانەی نیشانەکانی کۆڕۆنایان هەیە ئەگەر زۆر بە سووکیش بێت خۆیان کەرەنتین بکەن تا نیشانەکان نامێنن. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کەس و کارت باشتر بپارێزیت رێگە بگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە.
بەهیوای تەندروستی و سەلامەتی بۆ هەمووان!

د. هێمن قادر برایم حمد
پسپۆڕی نەخۆشیەکانی هەناو
‏(Radboud university) لە هۆڵەندا

زۆرترین بینراو