#مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز

چۆن زانیاری پزیشکی دروست وەربگرین؟

هەواڵی / 8/4/2021 93 جار بینراوە

چۆن زانیاری پزیشکی دروست وەربگرین؟

نووسینی/فاتح ڕەمزی فاتح ـ قووتابی کۆلێژی پزیشکی

بەڕێزان لەبەر فراوانبوونی یەکجارەکی بەکارهێنانی (ئینتەرنێت) و بچووك بوونەوەی دونیا، بڵاوبوونەوەی زانیاری نادروست لەهەموو بوارەکان دیاردەیەکی باوە بەتایبەت لەبواری تەندروستی و پزیشکی.

بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و دروستکراو کاریگەری نەرێنی هەیە بۆ سەر کۆمەڵگە بەوەی دەبێتە  ئاراستەکردنی خوێنەر بۆ بڕیاری نادروست هەروەها کاریگەری خراپی لەسەر متمانەکردنیش دەبێت بە وێبسایت و میدیاکان کە هەڵدەستن ئەو زانیاریانە بڵاو دەکەنەوە.

با سەرەتا پێناسەیەکی زانیاری پزیشکی نادروست بکەین کە چی دەگەیەنێت:
زانیاری پزیشکی نادروست بریتیە لە زانیاری هەڵە یان دروستکراو  بەشێوازێك کە لێکچوونی هەبێت لەگەڵ ناوەڕۆکی زانیارییە پزیشکییە باوەڕپێکراوەکان کە دوورە لە پڕۆسەیەکی ڕێکخراوی پشبەستوو بە بەڵگەی زانستی، هەرچەندە جاری وا هەیە کە شێوازی بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان

کوالیتییەکی زۆر نزمی هەیە.

لەساڵانی ڕابردوو کۆمەڵێك پۆستی ناراستی پزیشکی دەربارەی شێرپەنجە زۆرترین دەنگدانەوەی بەدوایخۆیدا هێنا  و ژمارەیەکی زۆر شەیر و لایکیان هەبوو لەسەر  ئاستی جیهان، بەشێوەیەکیان کە یەکێکیان لە مانگی ۹ی ۲٠۱۷ بڵاوکرابوویەوە لەژێرناوی (سوودەکانی گیای داندلیۆن لە بەهێزکردنی بەرگری جەستە و چارەسەرکردنی شێرپەنجە) ژمارەی لایک و شەیر و کۆمێنتەکانی گەیشتە ۱٤٠٠٠٠٠ لەسەر ئاستی جیهان کەچی هیچ بەڵگەیەکی زانستی یەکلاکەرەوە نەبوو کە پشتڕاستی زانیارییەکانی بکات. 

بەشێوازێکی گشتی بڵاوبوونەوەی زانیاری ناتەندروست خێرایە! و دەکرێ کاریگەری کارەساتبار بەجێبهێڵێت لەسەر ڕای گشتی و دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگە.

دەتوانین زانیارییە پزیشکییە ناڕاستەکان دابەشبکەین بۆ ٥ جۆر بەپێی ناوەندی نەتەوەیی بۆ زانیاری تەندروستی و تەکنەلۆژیای زیندەیی NCBI:
۱ـئەو زانیاریانەی کە لایەنێك یان کۆمپانییاکەی تەندروستی بڵاوی دەکاتەوە بۆ سوودی خۆی.

۲ـبڵاوبوونەوەی هەڵەی زانستی بەنائەنقەست بەتایبەتی لەکاتی دەستکرایکردن و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکە editorial mistakes هەڵەی چاپ و دەستکاری.

۳ـبڵاو کردنەوەی دەنگۆی ناراست لەسەر بابەتە تەندروستییەکان، هەروەك ئەوەی ئێستا لەسەر ڤاکسینی دژی کۆڤیدـ۱۹ بڵاودەکەرێتەوە.

٤بیردۆزی پیلانگێر، واتا هەبوونی بیرکردنەوەی نەرێنی و بڵاوکردنەوەیان لەسەر بابەتە تەدروستی و رووداوەکانی رۆژانە بەبێ بوونی بەڵگە.

٥ـهەروەها دەکرێت بابەتی نووکتەو گاڵتەجاری کە دەکرێت سەربگرن بۆ تێگەیشتنی هەڵە و بڵاوبوونەوەی زانیاری پزیشکی ناتەندروست.

چۆن زانیارییە پزیشکییە هەڵەکان بناسینەوە:

۱ـبەکارهێنانی شێوازێکی مەجهول لە نووسێنی بابەتەکە وەك، پزیشكێك لە زاکۆیەکی ئەمریکی وتی فڵانە خۆراك باشە. لێرەدا ناوی پزیشکەکە و پسپۆریەکەی و زانکۆکە نادیارن کە ئەوە سیفاتێکی جیاکەرەوەیە بۆ زانیارییە نادروستەکان.

۲ـبەکارهێنانی ناونیشانی زۆر سەرەنجڕاکێش، وەك ئاگاداربە فڵانە خواردن دەبێتە هۆی مردن! هەندێك جار ئەو لایەنانەی کە مەبەستیانە زانیاری تەندروست بڵاوبکەنەوە ئەو شێوازە بەکاردەهێنن بۆ سەرنجڕاکێشانی خوێنەر و پەردەپۆشکردنی هەڵەکان.

۳ـ هەروەها واباشترە لە کاتی گەڕان بەدوای زانیارییەکی پزیشکی زیاتر لە سەرچاوە وسایتێك بەکاربهێنرێت بۆ دوورکەوتنەوە لە زانیاری ناڕاست.

٤ـنەبوونی بەڵگە و سەرچاوەی زانستی باوەڕپێکراو.

٥ـپێویستە بزانین کە تەنها پسپۆری بواری دیاریکراو دەتوانێت ڕای خۆی بڵێت لەسەر بابەتی پزیشکی سەر بەبوارەکەی خۆی ئەوانەی تر مافی ڕادەربەرینی زانستیان نییە.

٦ـسەرچاوەکان کە پشتیان پێ دەبەسترێت واباشترە کتێبی پزیشکی باوەڕپێکراو یان وێبسایتی فەرمی بواری تەندروستی بن وەك
NHS کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی شانشینی یەکگرتوو بەرێوەدەبرێت

NCBI
کە لەلایەن حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان پشت ڕاستکراونەتەوە

Nature
کە گۆڤارێکی زانستی جیهانییە

WHO
رێکخراوی تەندروستی جیهانی

وهتد...

لەکۆتاییدا هیوادارم هەموو لایەك ساغ و سەلامەت بن بەشێوازێکی هەستیار و بەویژدانەوە مامەڵە لەگەڵ زانیاری پزیشکی بکەین.

سەرچاوەکان:
ناوەندی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ تەندروستی و
تەکنەلۆژیایی زیندەیی.
NCBI

زۆرترین بینراو