#مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز

‌ بۆچی بەرپرسانی هەرێم لەسەر شاشەی تیڤیەکان وه‌ك سەرۆکی وڵاتان ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا بەکارناهێنن؟

هەواڵی / 6/4/2021 89 جار بینراوە

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی:
"وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن بەرپرسانەوە کاریگەری باشی دەبێت لەسەر دڵنیایی کردنەوەی خەڵک"
‌ بۆچی بەرپرسانی هەرێم لەسەر شاشەی تیڤیەکانەوە وه‌ك سەرۆکی وڵاتان ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا بەکارناهێنن؟
شه‌ن پرێس:

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئەم پرسیارە زۆر دەکرێت و زۆر دووبارە دەبێتەوە کەئایا بۆچی بەرپرسانی باڵای هەرێم لەسەر شاشەی تیڤیەکانەوە هاوشێوەی سەرۆکی وڵاتانی تر ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا بەکارناهێنن بۆ دڵنیاکردنەوەی هاوڵاتیانی هەرێم؟! دەشڵێت" وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن بەرپرسانەوە کاریگەری باشی دەبێت لەسەر دڵنیایی کردنەوەی خەڵک سەبارەت بەڤاکسینەکان".

د.هێرش سه‌ید سه‌لیم جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند"ئەگەر ئێمە بەراوردێک بکەین بەژمارەی کارمەند و ئەوانەی لەناوەندەکانی تەندروستی کاردەکەن لەگەڵ ئەو بڕی ڤاکسینە بەدڵنیاییەوە دەڵێم ئەو بڕە ڤاکسینە بەتها بەشی ناوەندە تەندروستیەکان ناکات یاخود دەتوانم بڵێم سەربەسەر لێی دەردەچین چونکە لەوەدەچێت ژمارەی کارمەندانی تەندروستی هەرێمی کوردستان بڕێک لەوەش زیاتر بێت بەڵام ئێمە بەڕاستی نایشارینەوە ئەو بڕە ڤاکسینەی کەهاتووە یەکەم ماوەی بەسەرچوونی نزیکە، وە بڕەکەشی بەو شێوەیەیە ئێستاش شتێک دروستبووە لەسەر مەسەلەی ڤاکسین کەزۆر دڵنیانیین لەو ڤاکسینە.

دەربارەی دەنگۆکان لەسەر کاریگەرییە لاوەکییەکانی ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا ڤایرەس؟ د.هێرش سەید سەلیم دەڵێت" بەڕاستی مەسەلەی یەکلاکردنەوەی کاریگەری نەرێنی ئەم ڤاکسینە یاخود کاریگەری لاوەکی ئەم ڤاکسینە هێشتا لەهەرێمی کوردستاندا هیچ حاڵەتێکی وامان بەدینەکردووە هەتا ئێمە بڵێین کاریگەری ئەم ڤاکسینە خراپە، ئەوەی کەدەوترێت بەحساب لەهەندێک وڵات تێبینی کراوە و دەبێتەهۆی مەسەلەی خوێن مەین، وەکو وتم ئەو بڕە ڤاکسینەی بەکارمان هێناوە لەهەرێمی کوردستان لەسنوری پارێزگای سلێمانی هەتا ئێستا هیچ کەسێک سکاڵای لەسەر ئەوە نەبووە کەئەم ڤاکسینە دەقاو دەق دەبێتە هۆکاری خوێن مەین و ئەمانە، ئەمە ئایندە دیاریدەکات هەتا ژەمی دووەمیش وەردەگرن بۆیە ئێمە ئێستا لەلایەن خۆمانەوە بەڕاستی دەمانەوێت تەنانەت کارمەندان و پزیشکانیش بەدەم ئەم ڤاکسینەوە بچن چونکە دەرکەوتووە تاکە ڕێگەی لاوازکردنی شەپۆلی کۆرۆنا تەنها ڤاکسین یاخود ئەوەیە بەرگریەکی گشتی دروست بێت .

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بۆچی لەهەرێمی کوردستان هیچ بەرپرسێکی باڵا لەسەرۆکی هەرێم یا سەرۆکی حوکمەت و بەرپرسانی تر نەبینران لەڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە وەک یەکەمینی کەسەکان ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا ڤایرەس وەرگرن؟ لەوبارەیەوە د.هێرش وتی" خۆی پێویستە ڕاگەیاندن ئەم پرسیارە ئاراستەی خودی ئەو کەسانە خۆیان بکات کەئایا بۆچی بەکاریان نەهێناوە؟! متمانەیان بەڤایڕەسەکە نییە!؟ یان خۆیان ئەوەندە پارێزراون تووش نابن!؟ بەڵام کێ دەڵێت بەکاریشیان نەهێناوە!؟ لەوانەیە ئێستا هەیە لەو وڵاتانەی دەوروبەر بەپارە ڤاکسین وەردەگرێت چونکە ئێستا خەریکە پرۆسەی بڵاوبوونەوەی ڤاکسین بەبازرگانی دەکرێت لەبەرئەوە بۆی هەیە بەکاریان هێنابێت بەڵام لەوانەیە نەبێت ئەو جۆرە بێت یاخود ئەوان واهەست دەکەن زیاترپارێزراون لەمەسەلەی ڤاکسین یاخود متمانەیان پێی نییە لەو ئەگەرانە زیاتر نییە".

د.هێرش سەید سەلیم جەختی لەوەکردەوە، وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن بەرپرسانەوە کاریگەری باشی دەبێت لەسەر دڵنیایی کردنەوەی خەڵک سەبارەت بەڤاکسینەکان، لەو ڕووەوە وتی" بەدڵنیاییەوە کاریگەری زۆر زۆرە لەسەر دڵنیایی کردنەوەی خەڵک و ڕەواندنەوەی گومانی خەڵک لەوبارەیەوە خۆ ئەو وڵاتانە لەخۆیانەوە سەرۆکەکانیان یاخود بەرپرسە تەندروستیەکانیان لەخۆڕایی ئەم ڤاکسینە بەکارناهێنن لەبەرچاوی خەڵک و لەبەرچاوی کامێرا، ئەمە یەکەم بۆ دروستکردنی متمانەیە، دووەم بۆ ئەوەیە کەهانی خەڵک بدات خەڵکی بەکاری بهێنن بێ ترس و دڵەڕاوکێ، ئێستا وایلێهاتووە مەسەلەی ئەم ڤاکسینانە زۆربەیان ڕیکلامی خراپیان بەرامبەر دەکرێت ئیتر نازانیین هۆکارەکەی هۆکاری سیاسیە، هۆکاری بازرگانییە، هۆکاری زانستییە تائێستا یەکلایی نەبۆتەوە، ئایندە دیاریدەکات کەبەڕاستی ئەم ڤاکسینانە کامیان کاریگەرە و کامیان کاریگەری لاوەکی یاخود نەرێنی هەیە بۆسەر تەندروستی مرۆڤ بەگشتی بەهەرجۆرێک لەجۆرەکان بێت بەکارهێنانی ڤاکسین هۆکارێکە بۆ مەسەلەی خۆپاراستن لەزۆربەی ڤایڕەس و نەخۆشیەکان.

زۆرترین بینراو