#مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز

ژمارەیەک پەرلەمانتار فشار دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە لێبڕینی مووچە

هەواڵی / 6/4/2021 86 جار بینراوە

 هیچ پاساوێك بۆ لێبڕینی‌ مووچه‌ نه‌ماوه
ژمارەیەک پەرلەمانتار فشار دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە لێبڕینی مووچە

شه‌ن پرێس:
له‌ میانه‌ی‌ یاداشتێكیاندا كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، 6ی‌ 4ی‌ 2021، ئاراسته‌ی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانیان کردووە،  23 ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مان پاڵپشت به‌ بڕگه‌ی‌ (4)ی‌ مادده‌ی‌ (48)ی‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ په‌رله‌مان، داوا ده‌كه‌ن بابه‌تی‌ كۆتاییهێنان به‌ لێبڕینی‌ مووچه‌ بخرێته‌ به‌رنامه‌ی‌ دانیشتنی‌ ڕۆژی‌ چوارشه‌ممه‌، 6ی‌ 4ی‌ 2021 كه‌ دانیشتنی‌ ژماره‌ (6)ی‌ خولی‌ به‌هاره‌یه‌.

له‌باره‌ی‌ ناوه‌ڕۆك‌و مه‌به‌ستی‌ داواكارییه‌كه‌وه‌، عومه‌ر گوڵپی‌، ئه‌ندامی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵی‌ دادگه‌ری‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و ئه‌ندامانانەی‌ واژۆی‌ داواكارییه‌كه‌ی‌ كردووه‌، به‌ په‌یامی‌ ڕاگه‌یاند:"له‌و داوایه‌دا پشتمان به‌ مادده‌یه‌كی‌ یاسایی‌ به‌ستووه‌ كه‌ هه‌ر 10 ئه‌ندام په‌رله‌مان ده‌توانن بابه‌تێكی‌ هه‌نووكه‌یی‌ گرنگ و په‌یوه‌ندیدار به‌ ژیانی‌ خه‌ڵكه‌وه‌ پێش 24 سه‌عات له‌ دانیشتنی‌ په‌رله‌مان زیاد بكه‌ن بۆ هه‌ر دانیشتنێكی‌ په‌رله‌مان، ئێمه‌ش ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ی‌ واژۆمانكردووه‌ پێمانوایه‌ به‌هۆی‌ زیادبوونی‌ داهاتی‌ نه‌وت‌و داهاته‌كانی‌ تری‌ حكومه‌ته‌وه‌، له‌ دوو مانگی‌ ڕابردوودا هیچ پاساوێك بۆ لێبڕینی‌ مووچه‌ نه‌ماوه‌و ده‌بوو حكومه‌ت به‌بێ لێبڕین مووچه‌ ی دابەش بکردایە".

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری‌ دانه‌نانی‌ داواكارییه‌كه‌ له‌ دانیشتنی‌ سبه‌ی‌ په‌رله‌مان، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ په‌رله‌مان وتی‌:" ئێمه‌ هه‌وڵی‌ خۆمان ده‌ده‌ین‌و فشار ده‌كه‌ین، داواكارییه‌كه‌ش یاساییه‌و له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتیدایه‌و هیچ پاساوێك بۆ لێبڕینی‌ مووچه‌ نه‌ماوه‌و پێویسته‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تیش به‌ده‌م داواكارییه‌كه‌وه‌ بێت‌و ئه‌م بابه‌ته‌ بكاته‌ یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌كانی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ سبه‌ی‌، ئه‌وه‌ش به‌ پێی‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ په‌رله‌مان".

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە، ٧ی ٤ی ٢٠٢١، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی ئاسایی بەڕێوە بەرێت کە بە پێی بەرنامەکانی چەند پڕۆژە یاسایەک خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیان بۆ دەکرێت.

زۆرترین بینراو