#مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز

چیرۆكەكانی زیندان لە عێراق؛بازرگانیكردن بە كوڕی جوان ‌و دەستدرێژی سێكسی بوه‌ته‌ دیارده‌

هەواڵی / 5/4/2021 256 جار بینراوە

حكومەت بێدەنگە و هیچ جوڵەیەكی كرداریی نەبووە
حاڵەتی سێكسی هاوڕەگەزخوازی و دەستدرێژی سێكسی و بەرچەقۆدانی زیندانییەكان دیارترین حاڵەتەكانن
چیرۆكەكانی زیندان لە عێراق؛بازرگانیكردن بە كوڕی جوان ‌و دەستدرێژی سێكسی بۆسه‌ریان بوه‌ته‌ دیارده‌

شه‌ن پرێس،پەرەگراف


دایكی عامر لە ڕێگەیدایە بۆ پارێزگای زیقار لە باشوری عێراق، لە ئۆتۆمبێلەكەدا بیری گەشتەكانی پێشووی دەكەوێتەوە بۆلای كوڕەكەی كە ماوەی نۆ ساڵە دەستگیركراوە، ئەو مامەڵە و چیرۆكانەی ئەو بینیوێتی گێڕانەوەیان زەحمەتە.

مامەڵەی خراپ و سوكایەتی، دەستدرێژی‌و ئەشكەنجەدانی زیندانییەكان، داواكردنی پارە لە بەرامبەر ئازاردانێكی كەمتر بەشێكی ئەو نهێنییانەیە كە لە زیندانەكانی عێراقدایە و كەسوكاری دەستگیركراوەكان باسی دەكەن.
دایكی عامر تەمەنی 54 ساڵە، بەپێی ئەوكاتەی بۆی دیاری دەكرێت، ناوبەناو سەردانی زیندانی حوت دەكات لە شاری ناسریە، چونكە لە ساڵی 2012وە كوڕەكەی لەوێ زیندانی كراوە.

"ئەو سوكایەتییەی لەوێ دەكرێت لەڕێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامە و كتێبێكی تەواویشەوە ناگێڕدرێتەوە، ئەو زیندانە سەدان و هەزاران چیرۆكی تێدایە، وەك بازرگانی بەماددەی هۆشبەر و سوكایەتی بە ژنان، وەرگرتنی بەرتیل و ئەشكەنجەدانی زیندانییەكان" دایكی عامر بەو شێوەیە باسی زیندان دەكات.

دایكی ئەو زیندانییە دەڵێت "باسی سزای یاسایی ناكەم، بەڵام بابەتەكە پەیوەندی بە بەرپرسانی زیندانەكەوە هەیە كە داوای پارە دەكەن بۆ ئەوەی ڕێگەی سەردانیكردنمان پێبدەن، یاخود بۆ گەیاندنی كارتێكی تەلەفۆن بۆ بەشێك لە ژنەكان، ئەمە جگە لەو مامەڵە توندوتیژەی كە بەردەوام و بەهۆكاری جیاواز بەرامبەرمان ئەنجامی دەدەن".

دەستدرێژی و بازرگانی

دۆسیەی زیندانەكانی عێراق بابەتێكی نوێ نییە، بەڵام ئەو زانیارییانەی لە هۆڵی زیندانەكانەوە دێنە دەرەوە باس لە زیادبونی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ دەكەن، هەموو چەشنەكانی مامەڵەی توند تا دەگاتە دەستدرێژی سێكسی و سوكایەتییەكی زۆر، ئەمانە لەسەر زاری بەرپرسە سیاسییەكانەوە جەختی لێكراوەتەوە.

سەباح كینانی، سەرۆكی دامەزراوەی چاكسازی و گۆڕانكاری دەڵێت "حاڵەتی سێكسی هاوڕەگەزخوازی و دەستدرێژی سێكسی و بەرچەقۆدانی زیندانییەكان دیارترین حاڵەتەكانن، زۆرینەی ئەوانەش كە بەرامبەریان ئەنجامدەردێت ئەو زیندانیانەن كە تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 20 ساڵدایە و بە نرخی هەشت هەزار دۆلار كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێت".

كینانی یەكێكە لەو كەسانەی گرنگی بە دۆسیەی زیندانەكان دەدات، باس لەوەش دەكات، مامەڵەكردن لەگەڵ ژنەكان جیاوازە، "ئەوان بە نرخی 10 هەزار دۆلار كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێت، بەڵام تیرۆریستەكان وەك سوڵتان لە زیندانەكاندا دەژین"، بەرپرسیارێتی ئەو دۆخەش دەخاتە ئەستۆی بەڕێوەبەری زیندانەكان.

"چەند بەرپرسێك هەن لەپشتی دیاردەیەكەوە دەوەستن كە بە بازرگانی كوڕە جوانەكان دەناسرێت، ئەوەش لە ڕێگەی ڕێكەوتن لەگەڵ ئەفسەر و بەرپرسانی زیندانەكان بەرامبەر بە بڕێك پارە، بەو شێوەیە كوڕی منداڵ و هەرزەكارەكان دەبرێنە بەردەستی ئەو كەسانەی خۆیان كردووە بە گەورەی ژووری زیندانەكان تاوەكو دەستدرێژییان بكەنە سەر، ئێستا گەورەی ناو زیندانەكان وەك مافیایان لێهاتووە و بڕێكی زۆر پارەیان لەبەردەستە"، سەرۆكی دامەزراوەی چاكسازی و گۆڕانكاری وادەڵێت.

بێدەنگیی حكومەت

دۆخی زیندان‌و دەنگۆی خراپەكارییەكان، ناڕەزایەتی و توڕەییەكی زۆری عێراقییەكانی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بەدوای خۆیدا هێناوە، كەسانی یاسایی و چالاكوانان داوای كردنەوەی ئەو دۆسیە هەستیارە و لێكۆڵینەوەی ورد لەو بابەتە دەكەن.

ڕەعد دەهلەكی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات، لەماوەی ڕابردوودا دەیان سكاڵایان لە زیندانەكانەوە بەدەست گەیشتووە، بەڵام حكومەت بێدەنگە و هیچ جوڵەیەكی كرداریی نەبووە.

"زیندانەكانی عێراق تاوانێكی زۆریان تێدا ئەنجام دەدرێت، بەڵام حكومەت و دەسەڵاتی دادوەری بێدەنگن، یەكێك لە خراپترینەكان، ئەو مامەڵەیەیە كە لەگەڵ كەسوكاری زیندانەكان دەكرێت تاوەكو سەردانی كوڕەكانیان بكەن، ئەمە جگە لەو گەندەڵییە زۆرەی لەو شوێنانە هەیە، كە مافیای سەر بە حزبە سیاسییەكان لێی بەرپرسن"، ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەران وادەڵێت.

دەهلەكی باس لە گیانلەدەستدانی بەشێك لە دەستگیركراوان دەكات بەتایبەت لە زیندانەكانی تاجی لە بەغداد و حوت لە ناسریە، ئەوەش بەهۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشییەوە تێیاندا، "بەڵام ئەو بابەتەش بێدەنگی لێدەكرێت و ژمارەی ڕاستەقینە ئاشكرا ناكرێت".

ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەران باسی لەوەشكردووە، كەسوكاری زیندانییەكان بڕێكی زۆر پارە دەدەن تا خواردن و جلوبەرگ بۆ كوڕەكانیان ببرێتە ژوورەوە.

وەزیری داد ڕەتیدەكاتەوە

سالار عەبدولستار وەزیری داد لە حكومەتی ئێستای عێراق، ڕەتیدەكاتەوە دۆخی زیندانەكان بەو شێوەیە بێت و دەستگیركراوان ڕوبەڕوی ئەشكەنجە ببنەوە.

وەزیر دەڵێت "لەلایەن وەزارەتی دادەوە هیچ ئەشكەنجەیەكی زیندانیەكان نادرێت، چونكە ئێمە لایەنی جێبەجێكارین و لێكۆڵەر نین، كەسی دەستگیركراو لەدوای دەرچونی بڕیاری سزادانی واتە لە قۆناغی كۆتاییدا دەگاتە لای ئێمە، ئەوەی ئەركی ئێمەیە ڕێكخستنی دۆخی ناو زیندان و چاودێریكردنی تەندروستییانە".

لەبارەی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر لە زیندانەكانی عێراقدا، وەزیری داد باس لەوە دەكات، "ئەو دیاردەیە بونی نییە‌و ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باسدەكرێت تەنیا بۆ وروژاندنی ڕای گشتییە".

بەدەر لە چالاكوانانی مافی مرۆڤ‌و دەزگا چاودێرییەكان لە ناوخۆی عێراق، دۆخی زیندانەكان بووەتە جێی ڕەخنەو ناڕەزایی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ كە چاودێریی دۆخی مافی مرۆڤ دەكات لە سەرتاسەری دونیا، چەندین جار داوای لە حكومەتی عێراق كردووە ژمارەی ڕاستەقینەی زیندانییەكان ئاشكرا بكات‌و زانیاریی لەبارەی بارودۆخیان بخاتەبەردەست، بەڵام حكومەت بەدەم ئەو داوایەوە نەچووە.

زۆرترین بینراو