#مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز

سزای ئەو پیاو و ژنانە چییە کە خێزاندارن و خەریکی پەیوەندی ناشەرعی و کاری ناشەرعین؟

هەواڵی / 27/3/2021 347 جار بینراوە

سزای ئەو پیاو و ژنانە چییە کە خێزاندارن و خەریکی پەیوەندی ناشەرعی و کاری ناشەرعین؟ ئامۆژگاریتان چییە بۆیان؟

وەڵام: زانایان دەڵێن پەیوەندی ناشەرعی و کاری ناشەرعی ژن و پیاو بە خیانەت وەسف دەکرێت، خوای گەورە خیانەتکاری خۆش ناوێت، هەروەها سزای زینای کەسانی خیزاندار تووندترین سزا بۆی دانراوە کە ڕەجم کردنە، ئەم سزا تووندە دانراوە لەبەر قیزەونی و گەورەیی ئەم تاوانە، هەروەها پەیوەندی ناشەرعی سەر دەکێشێت بۆ عیشق و تووشی عیشق دەبێت، عیشقیش چەندین زیانی هەیە بۆ مرۆڤ لە چەند ڕووەکەوە:

یەکەم: سەرقاڵ بوون بە خۆش ویستنی دروستکراوەکان و پشت گوێ خستنی خوای گەورە، لە یەک دڵ دا خۆشەویستی خواو دروستکراوەکانی لە یەک ئاستدا نابێت، بەلکو پێویستە یەکێکیان ئەوەی تریان کزو لاوازو سست بکات.

دووەم: بەو هۆیەوە تووشی سزاو ئازار دەبێت، جا هەر کەسێک جگە لە خوا کەسێک بە ئەندازەی خودا خۆش ویست، ئەوا خوای گەورە هەر بەو شتە ئازار و چەرمەسەری و سزای تووش دەکات، بە بیر لێ کردنەوە، بە دەست نەخستنی و بە لە دەست دانی، بە تیا چوونی، ..... هتد، بێگومان ئازاری دلی عاشق لە هەموو ئازارەکان کوشندەترە.

سێیەم: دڵ و دەروونی دەبێتە کۆیلەی کەسانی تر، بەهۆی سەرخۆشی بوون و مەست بوونی بەو عیشقەوە ئاگادار نییە کە تووشی چی هاتووە، دڵی بە دەست کەسانی ترەوەیە وەک مناڵ یاری پێ دەکرێت و دیل و کۆیلەی دەستی کەسانی ترە.

چوارەم: بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانییەوە کار دەکات، واتە هەنگاو بە پێچەوانەی بەرژەوەندی یەوە دەنێت.
بەرژەوەندی ئایینی: هەمیشە دڵ و دەرونی سەرقاڵی غەیری خوایە خواش لەبیری دەکات.
بەرژەوەندییە دونیاییەکان: کێ هەیە لەم ڕاستییە بێ ئاگا بێت، کە عاشقەکان ماڵ و ژیانیان دەکەن قوربانی لەو پێناوەدا.

پێنجەم: بەلاو ئاشوبی دونیا و قیامەت ڕووی تێ دەکات، هەر کاتێک دڵ شەیدای غەیری خوا بوو ئەوا شەیتان دەبێتە دۆست و یاوەری، لەم ساتانەشدا دەبێ حاڵی مێگەلە مەڕ چۆن بێت کە گەلەگورگ شوانیان بێت؟!

شەشەم: دڵ و دەروون و بیرو هۆش دەشێوێنێت، کاتێ دڵ و دەروون گیرۆدەی ئەم دەردە بوو چی تر تەشەنە دەکات بیروهۆشیش دەگرێتەوە و هەمیشە دڵە راوکێ و خەمۆکی و مەستی دەبێتە میوانی هەمیشە ئەو کەسە شێتی هەنگاو دەنێت، ..... نموونەش لەم بابەتە لە گەڵاندا زۆرە.

حەوتەم: پێوەرو هەستەکان دەشێوێنێت، هەر کاتێ دڵ و دەروون بەم دەردەوە تلایەوە، چیتر پێوەر و هەلسەنگاندن و لێکدانەوەکانی ئەو کەسە دەشێوێنێت، هەر یەکە لە دەزگاکانی بینین و بیستن ولێکدانەوە کاری تەواوی خۆیان لەدەست دەدەن بەوەی شتی ناشرین بەجوان دەبینن، .....

عیشق بنەماکانی سادەو ساکارن لەسەرەتادا، وە دواتر لەناوەندیدا تووشی سەرقاڵی مەستی دەبێت، پاشان سەر ئەنجامی شێتی و تیاچوون دەبێت کە بەم پێییە ستەم لە خودی خۆیی و بەرامبەر و چوار دەوریش دەکات.
ئەی ئەو کەسەی خەریکی پەیوەندی ناشەرعی و کاری ناشەرعی یە تەقوای خوای گەورە بکە پێش ئەوەی لە دونیا و قیامەت ڕوو ڕەش و شەرمەزار بیت، تەقوای خوای گەورە بکە پێش ئەوەی پرۆسەی هاوسەرگیریتان پووچ بێتەوە و تووشی لێک جیابوونەوە ببن و ژیانی مناڵەکانیشتان تاڵ بکەن.

زۆرترین بینراو