#مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز

هۆکارەکانی پەککەوتنی سێکسی لە پیاواندا چین؟

هەواڵی / 26/3/2021 438 جار بینراوە

هۆکارەکانی پەککەوتنی سێکسی لە پیاواندا چین؟
 
پەککەوتنی سێکسی لەلای پیاوان، کێشەیەکی تەندروستی باوە و لە تەواوی جیهاندا چەندین پیاو بەبێ ئەوەی ئاگاداری هۆکارەکانی بن دووچاری ئەم کێشەیە دەبنەوە.

بەگوێرەی چاوپێکەوتنێکی ماڵپەڕی تەندروستیی مێدیار لەگەڵ د.دڵشاد حەمە خورشید پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە و کۆئەندامی میز و میزەڕۆ سازداوە، کە تیایدا بەشێوەیەکی زانستی باس لە پێنج هۆکاری ئەم نەخۆشییە و شێوازێکی چارەسەر کردنی کراوە.
‎-نەخۆشیی پەککەوتنی سێکسی لە پیاواندا چییە؟
نەخۆشیی پەککەوتنی سێکسی لە پیاواندا وەک پێناسە بریتییە لە ڕەپنەبوون یاخود نەتوانینی مانەوەی رەپبوونی چوک بۆ ماوەی پێویست، کە بەشێوەیەک نەتوانێت ببێتە مایەی ڕەزامەندیی پیاوەکە و هاوژینەکەی.
هۆکارەکانی:
١- هەندێک جار بەهۆی نەخۆشیی درێژخایەنەوە دەبێت، وەک شەکرە و بەرزەفشاری خوێن.
٢- رەنگە تێکچوونی هاوسەنگیی هەندێک هۆرمۆن یان کەمبوونەوەی هۆرمۆنی نێرینە (تێستێسترۆن) ببێتە هۆی ڕودانی ئەم حاڵەتە.
٣- هۆکارێکی دیکە هۆکاری دەمارییە، واتە کێشە لەو دەمارانەدا هەیە کە ڕەپبوون دروست دەکەن. تێکچوونەکەش رەنگە بەهۆی بەرکەوتنی زەبرێکی توند بێت بە ناوچەی حەوز، یان ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە ناوچەی حەوز، وە یاخود ئەو کەسانە کێشەی دەمارییان لە بڕبڕەی پشتدا هەیە. لە هەندێک قۆناغیشدا نەخۆشیی شەکرە ئەم حاڵەتە دروست دەکات بەهۆی سستبوونی ئەو دەمارانەوە کە ڕەپبوونی چوک دروست دەکەن.
٤- لە هەندێک حاڵەتی دیکەدا کێشەکان لە بۆرییە خوێنەکان دایە، بۆنموونە بەرکەوتنی زەبرێکی توند بە ناوچە هەستیارەکانی حەوز کە زیان بە بۆرییە خوێنەکانی چوک دەگەیەنێت، کە ئەمە زیاتر لە گەنجدا دەکرێت ڕوو بدات، یان لەو کەسانەی کە بەتەمەنن و نەخۆشییە درێژخایەنەکانیان هەیە وەک شەکرە و بەرزە فشاری خوێن و بەرزی چەورییەکانی خوێن. لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ بدەم؛ نەخۆشیی پەککەوتنی سێکسی لە کەسە بەتەمەنەکاندا دەکرێت زەنگێکی ئاگادار کردنەوە بێت بۆ ئەو کەسانە کە لە ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵ دەکرێت توشی نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن ببن.
٥- هەندێک جار کێشەکە لە چوک دایە، وەک نەخۆشیی (peyronie’s disease) کە چوکەکە چەمانەوەیەک تێدا روی داوە و کەسەکە توشی پەککەوتنی سێکسی دەکات.
٦- دەگونجێت هەوکردنیش وەک هەوکردنی پرۆستات بە یەکێک لە هۆکارەکان تەماشا بکەین، کە دەبێتە هۆی پەکەوتنی سێکسی و لاوازیی سێکسی لە پیاواندا.
٧- لە هەندێک جاردا کە دەگمەنە هۆکارەکەی بۆماوەییە.

زۆرجار گەنجان پرسیار دەکەن کە ئایا ئەنجامدانی خوەنهێنی دەبێتە هۆی پەککەوتنی سێکسی لە پیاواندا؟

د.دڵشاد: تا ئێستا بە شێوەیەکی دروست لە زانستدا نەسەلمێنراوە کە ئەنجامدانی خوی نهێنی ببێتە هۆی پەککەوتنی سێکسی.

رێگاکانی چارەسەرکردن:

١- هێڵی یەکەمی چارەسەر لەڕێگەی بەکارهێنانی حەبەوە دەبێت.
٢- جۆرێکی دیکەی چارەسەر لەڕێگەی بەکارهێنانی دەرزییەوە کە دەدرێت لە چوک، هەندێک ماددە دەکرێتە ناو جۆگەی میزەوە.

٣- لەڕێگەی ئامێری low intensity shock wave وە دەتوانین چارەسەری هەندێک جۆری تێکچونی دیاریکراوی بۆرییە خوێنەکانی چوک بکەین.

٤- دەتوانین ئامێری (vacuum) وەک چارەسەر بۆ کەسانی بەتەمەن بەکاربهێنین کە بەهۆی لاوازیی سێکسییەوە ناتوانن پەیوەندییە سێکسییەکانیان ئەنجام بدەن.

٥- لە ڕێگەی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەوە دەتوانین ئامێرێک لە چوکی نەخۆشەکەدا دابنێین کە کاری ڕەپبوونی چوک بۆ کەسەکە ئەنجام بدات، ڕێژەی سەرکەوتنی ئەم چارەسەرەش ٪٩٠یە.

د.دڵشاد ئامۆژگاری نەخۆشەکان دەکات دوور بکەونەوە لە جگەرەکێشان و مەی خواردنەوە و پێشنیاری وەرزش کردن و دابەزاندنی کێش و کەم کردنەوەی فشاری دەروونیان بۆ دەکات، چونکە ئەمانە کاریگەریان لەسەر نەخۆشیەکە هەیە.


زۆرترین بینراو