#مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز

له‌ باڕه‌كانی وڵاتی ڕواندا ، له‌ جیاتی مه‌شروب ، شیر ده‌فرۆشرێت .

هەواڵی / 24/3/2021 166 جار بینراوە

له‌ باڕه‌كانی وڵاتی ڕواندا ، له‌ جیاتی مه‌شروب ، شیر ده‌فرۆشرێت .

شه‌ن پرێس : هه‌نگ
باڕەکانى خواردنەوەى شیر زۆر لەگەڵ کۆمەڵگاى ڕواندا تێکەڵن بە کلتورى ئەو وڵاتە، بۆ نانى بەیانى و نیوەڕۆش خەڵکى تێیاندا کۆدەبنەوە.

یەکێک لە ڕۆژنامەنووسەکانى BBC باس لە چیرۆکى خۆى دەکات بۆ سەردانى یەکێک لە باڕەکانى شیرخواردنەوە لە ڕواندا.

یوسف گاتیکابیسى خاوەنى باڕێکى شیرخواردنەوەیە لە کیگالى پایتەختى ڕواندا، ئەو کاتێک ڕۆژنامەنووسەکەى بینیووە وتوویەتى "مواراموتسێ" واتە بەیانیت باش بەزمانى کینیارواندا.

ئەو دەڵێت: من موسڵمانم و پەیامبەرمان محەمەد وتوویەتى کە شیر باشە، لەبەرئەوە دڵخۆشم کە دەتوانم ئەو پێویستییە بۆ خەڵکى دابین بکەم لە ڕواندا.
بەوتەى ڕۆژنامەنووسەکە باڕەکە چوار مێزى هاوبەشى تێدایە، کە گەنج و کەسانى تەنیا و ژن و پیاو و منداڵ کۆبوونەتەوە لەناو باڕەکەدا.

هەندێکیان پاقلەمەنى و نۆک و نانى خڕى بچووک دەخۆن. ئەوانى دیکەیان کێک و دۆنەت، بەڵام هەموویان پێکەوە جگە لەو خواردنانە شتێکى دیکەیان دەخواردەوە کە بیرە و شەراب نیە بەڵکو شیرە، لەو باڕە و لە سەدان باڕى دیکەش لە ڕواندا ئەوەى دەیبینیت شیرە لەسەر مێزەکانیان، شیر دەخۆنەوە.

باڕەکانى خواردنەوەى شیر زۆر لەگەڵ کۆمەڵگاى ڕواندا تێکەڵاون و تێکەڵ بە کلتورى ئەو وڵاتەن. بۆنانى بەیانى و نیوەڕۆش خەڵکى تێیاندا کۆدەبنەوە، هەندێجار شیرەکە بەساردى دەخۆنەوە لەگەڵ هەنگوین یان شەکر و هەندێجارى دیکە بە گەرمى شیرەکە پێشەکەش دەکرێت لەناو سوراحیەک بەناوى ئینشیوشیو.

نزیکەى لەسەدا ٧٠ى هاوڵاتیانى ڕواندا لەبوارى کشتوکاڵى کاردەکەن و مانگا یەکێکە لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانى ئابوورى و کۆمەڵگاى ڕواندا.

"کاتێک هیوای باشە بۆ کەسێک دەخوازی، پێی دەڵێت -ئـەماشیۆ- واتە بەو هیوایەی هەزاران مانگات هەبێ"

لە ڕواندا کاتێک هیواى باشە بۆ کەسێک دەخوازیت پێى دەڵێیت "گیرا ئینکا" واتە بەو هیوایەى مانگایەکت هەبێ، یان دەڵێیت "ئەماشیۆ" بەو هیوایەى هەزاران مانگات هەبێ، لەوەڵامدا پێت دەوترێتەوە "ئەماشۆنگۆرێ" واتە هەزاران مانگاى مێیینەت هەبێ.

 

نێرومێ لەکیگالی هاتوچۆی باڕی شیر ئەکەن

ئەگەر بتەوێ ڕێزێکى زۆر بۆ کەسێک بنوێنیت ئەوە پێى دەڵێیت "نگوهایێ ئینکا" واتە مانگایەکت پێدەدەم.
زۆرێک لە سەما تەقلیدییەکانى ڕواندا ڕەنگدانەوەى کاریگەرییانە بە مانگاکان، لە سەماى ئوموشایایۆ کە تاڕادەیەکى زۆر بالێتى ڕواندایە، ئافرەتان هاوشێوەى مانگاکان دەجوڵێنەوە بۆ ئەوەى جوانى خۆیان پیشان بدەن، هەروەها لەزۆرێک لە سەماکانى دیکەدا پیاوان و ئافرەتان دەستەکانیان درێژدەکەنەوە بۆ سەرەوە بۆئەوەى هاوشێوەى شاخى گا و مانگا خۆیان بنوێنن.

تەنانەت زۆرێک لە ناوە بەربڵاوەکان لە ڕواندا لەئێستادا ئەو ناوانەن کە بەماناى مانگا یان ماناگانیان واتە: مانگایەکى باش، شیرداربیت و هاوشێوەکانى ناوى بەربڵاون لەو وڵاتەدا.

مۆریس موگبابۆواگا هوندێ کە مێژووناس و توێژەرە باس لەوە دەکات کە لەڕووى مێژوویى و کلتورییەوە مانگا پێگەیەکى تایبەتى هەیە لە ڕواندا بەشێوەیەک کە تەنانەت وەکو مارەیى لە هاوسەرگیریدا بەخشراوە.

ئەم بابەتە بەشێک بوو لە ڕاپۆرتێک کە لەلایەن گلۆرى ئیریباگیزا ئامادەکراوە بۆ BBC:

زۆرترین بینراو