#مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز

به‌رهه‌م صاڵح سکاڵاکەی لە دژی رۆژنامەنووس بەهرۆز جەعفەر لە دادگا کشاندەوە

هەواڵی / 24/2/2021 198 جار بینراوە

به‌رهه‌م صاڵح سکاڵاکەی لە دژی رۆژنامەنووس بەهرۆز جەعفەر لە دادگا کشاندەوە


بەهرۆز جەعفەر لە پەیجی تایبەتی خۆی نوسیویەتی:
ئەمڕۆ (٢٤ ی شوباتی ٢٠٢١) لە ڕێگەی پارێزەرەکانمەوە ئاگادارکرامەوە کە؛
لە کاتێکدا دۆسیەکەمان لە دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانییەوە ڕەوانی دادگای جونح کراوە، سەرۆک کۆماری عێراق جەنابی کاک "د. بەرهەم ساڵەح" لە ڕێگەی وەکیلەکەیەوە پاشەکشەی بە داوا یاساییەکەی کردووە کە بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ لە (٢٢ بۆ 29 ی ئەیلولی 2020) بوە هۆی ڕاگرتنی ئێمە لە زیندانی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی.

 بێ گومان دەستهەڵگرتن لەم داوایە لەلایەن سەرۆک کۆمارو داخستنی دۆسیەکە لەلایەن دادگاوە، لە لایەن ئێمەوە کارێکی باشەو پێشوازی لێکراوە.

ئاڕاستەی بیرکردنەوەی جیاواز یان هەر هۆکارێک ناکاتە ئەوەی لەم ڕۆژگارە ئاڵۆزەدا سەنگەری دادگا لە یەک بگرین و سەرقاڵی یەکتری بین. بەڵکو پێویستە سەرقاڵ بین بەوەی هەڕەشەو مەترسییەکان لەسەر میللەتەکەمان دووربخەینەوەو دەرفەتەکان زیاتر بکەین.

لەماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک وتارو بابەتی ڕەخنەیی لە لایەن ئێمەوە بەرانبەر سەرۆک کۆمار نوسراوە، بەشێوەیەکی گشتی ئەمە بۆنەیەکی گونجاوە فورسەتی لێ بهێنم بۆ تەحەددایەک کە؛
نەک تەنها لەو ڕەخنانەی دژی سەرۆک کۆمار نوسیومن، بەڵکو لە هەموو ژیانی نوسین و هەڵوێست و کاری خۆمدا هیچ حیزب و کاراکتەرو فاکتەرێک نەبوە بتوانێت من بجوڵێنێت دژی هیچ حیزب و کاراکتەرو فاکتەرێکی تر، لە ئێستاوە تا سەت ساڵی تر یەک کەس، یەک دامودەزگا، توانی ئەوە بسەلمێنێت کە لە (٣٣) ساڵی تەمەنی مندا، بە قسە یان بە لایەنی ماددیی توانیویەتی ئەوەندەی گەردیلەیەک کاربکاتە سەر بەندە ئەوا هەقی خۆیەتی تۆزقاڵێک ئەم ڕاستگۆییە بلەقێنێت و لە سووچێکەوە وەڵام بداتەوە. من تەنهاو تەنها نوێنەری کەرەستەکانی بیرکردنەوەی خۆمم لە پێناو گەلەکەمدا. ناوەندەکانی بڕیار لە کوردستان و سەدان هەزار خوێنەر و هەرکەسێک ئەگەر یەک تۆزێک ویژدانیان هەبێت ئەزانن من خەریکی چیم و ئەمەوێ چی بکەم.. جگە لەوەش لەکۆی ئەزمونی حیزبی و حکومڕانی کوردیدا یەک دۆلار، یەک دینار، نە ئیمتیاز نە مووچەم هەبوەو نە هەشە. هیچ کاتێک و لە هیچ شوێنێک و لای هیچ حیزبێک بە خودی جەنابی سەرۆک کۆماری عێراقیشەوە داوای هیچ پلەو پایەیەکم نەکردوە. لە کەم خانەوادەو ناوچەی کوردستانیشدا هەیە هێندەی ئێمە لە کۆڕی تێکۆشان و قوربانی و پشودرێژییدا بوبێت.

ڕەخنەم گرتوەو قەناعەتم پێی بوەو، تێگەیشتنم جیاوازە و سکاڵای لەسەر تۆمارکردوم و ڕێگایەکی مەدەنی گرتۆتەبەر و بابەتێکی ئاساییە. هاوارو ڕەخنەکانی دوێنێم و هەشت ڕۆژ زیندانی بونم بۆ ئەوە بو نەگەینە ئەوەی کە ئەمڕۆ لە هەرێم و لە کەرکوک و لە بەغدا بەسەرمان هاتووە.

جارێکی تر سوپاس بۆ کشاندنەوەی ئەم داوایە، سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی ( خۆبەخش) بون بە پارێزەر بەتایبەت کاک جەمال حەمەڕەشیدو پاشان کاک ئاسۆ هاشم. سوپاس بۆ بەشێکی زۆر لە دڵسۆزان و بەرپرسانی باڵای حیزبەکان و حکومەت و کەسایەتیەکان و ناوەندە جیهانی و نوێنەرایەتییەکان کە لە یەکەم ساتەکانەوە بەشێک بون لە بچوککردنەوەی بابەتەکە لەهەموو لایەکەوە و بەردەوامیش لە هەواڵپرسیندا بون.

ئاشتی هۆکارێکە بۆ خزمەتی زیاتر، هەمیشە ئەگەر هۆکارێک هەبێت بۆ نا- تەبایی و دەنگە دەنگ ئەوا دەیان هۆکاری تر هەیە بۆ بەرپرسیارێتی هاوبەش و  تێکۆشانی پێکەوەیی، ئەگەر کەسانێک لە کۆمەڵگەدا ڕۆڵی خراپ ببینن ئەوا کەسانی نەجیب و تێگەیشتووی دیکەش هەن ڕۆڵی ژیرمەندانەو ئاشتی و گفتوگۆ ئەبینن. دووبارە ڕێز.

بەهرۆز جەعفەر
سەرۆکی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی. خوێندکاری دوا قۆناخی دکتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان. ئەندامی فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسانی نێودەوڵەتی

زۆرترین بینراو