#مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز

م.عه‌لی باپیر بۆ جاری چواره‌م به‌كۆی ده‌نگ به‌ كه‌سی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵ هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌

هەواڵی / 18/2/2021 126 جار بینراوە

مامۆستا عه‌لی باپیر بۆ جاری چواره‌م به‌كۆی ده‌نگ به‌ كه‌سی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵی ئیسلامی هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌
شه‌ن پرێس:
پاش ئه‌وه‌ی ده‌رگای خۆ پاڵاوتن بۆ كه‌سی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵی ئیسلامی كرایه‌وه‌و ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی مامۆستا عه‌لی باپیر ـیان بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندیدكرد، به‌ده‌نگدانی ئاشكراو به‌ ده‌نگی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ مامۆستا عه‌لی باپیر بۆ ئه‌و پۆسته‌ هه‌ڵبژێدرا.
رۆژی پێنج شه‌ممه،18ـی شوباتی 2021‌ كاتژمێر 10ـی سه‌ر له‌به‌یانی له‌ شاری سلێمانی و له‌ پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی له‌ تاسڵوجه‌ به‌به‌شداری 892 ئه‌ندام چواره‌مین كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌ستی به‌كاره‌كانی خۆی كرد كه‌ ماوه‌ی دوو ڕۆژ ده‌خایه‌نێت.

له‌ كۆنگره‌دا گفتوگۆی چڕ له‌سه‌ر په‌یڕه‌و و پرۆگرامی حزب ده‌كرێت و كه‌سی یه‌كه‌می حزب و ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵده‌بژێردرێن.

له‌م كۆنگره‌یه‌دا 71 كه‌س خۆیان بۆ سه‌ركردایه‌تی ئاینده‌ی كۆمه‌ڵ كاندید كردووه‌ به‌م شێوه‌یه‌:

- له‌و ژماره‌یه‌ 51 كاندید كێبڕكێ ده‌كه‌ن كه‌ 20 كه‌سیان ده‌رده‌چن بۆ سه‌ركردایه‌تی داهاتووی كۆمه‌ڵ و له‌و 20 كه‌سه‌ش 9 كه‌س ده‌بنه‌ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سیاسی و 11 ئه‌ندامه‌كه‌ی تری سه‌ركردایه‌تیش به‌رپرسیارێتی ناوه‌نده‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی وه‌رده‌گرن.

-هاوكات 20 كاندیده‌كه‌ی تر كێبڕكێ ده‌كه‌ن بۆ وه‌رگرتنی 6 پۆستی ئه‌نجومه‌نی چاودێری و لێپرسینه‌وه‌.

-پێشریش له‌ كۆنفڕانسه‌ ناوچه‌یه‌كان 12 كه‌س وه‌كو ئه‌ندامی خولی ئاینده‌ی سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵبژێراون و ده‌بنه‌ به‌رپرسی مه‌ڵبه‌نده‌كان كه‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی خاوه‌نی 12 مه‌ڵبه‌نده‌.

-به‌پێی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی خراوه‌ته‌ به‌رده‌م ئه‌ندامانی كۆنگره‌ ئه‌گه‌ر بێت و گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌ێت ئه‌وا‌ خولی ئاینده‌ی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌سه‌رۆك و 32 ئه‌ندام پێك دێت.

كۆمه‌ڵی ئیسلامی یه‌كێكه‌ له‌ حیزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پڕۆسه‌ی سیاسی له‌عێراق و هه‌رێمی كوردستان و له‌په‌رله‌مانه‌كانی كوردستان و عێراق و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی خاوه‌نی ئه‌ندامه‌ و له‌ ئیستاشدا خاوه‌نی گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆنه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ خاوەنی 7 کورسییە.

كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ 31ـی ئایاری 2001 راگه‌یه‌نراوه‌،تائێستا‌ 3 كۆنگره‌ی به‌ستووه‌و به‌م گۆنكره‌ی ئێستاش ده‌بێته‌ چواره‌م،ئه‌گه‌ر چی له‌ رووی زه‌مه‌نییه‌وه‌ بۆ هه‌ر 5 ساڵ جارێك كۆنگره‌یه‌كی به‌رده‌كه‌وێت،ئه‌مه‌ش هۆكاری بابه‌تیی خۆی هه‌بووه‌،چونكه‌ كۆمه‌ڵ بارودۆخی ناله‌باری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی بۆ هاتوه‌ته‌ پێشه‌وه‌،كه‌ پرۆسه‌ی كاری كۆنگره‌یان خاوكردوه‌ته‌وه‌.
لە سەرجەم کۆنگرەکانیش مامۆستا عەلی باپیر بە ئەمیر هەڵبژێردراوە و لەم کۆنگرەیەشدا به‌سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی ئیسلامی هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌.

زۆرترین بینراو