#كۆمه‌ڵ # چواره‌مین كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵ #دەستگیركراوانی بادینان

هێلین چۆن لەسەر ’ناوزڕاندنى کەریم کابان’ کەوتە زیندان؟

هەواڵی / 17/1/2021 507 جار بینراوە

هێلین چۆن لەسەر ’ناوزڕاندنى کەریم کابان’ کەوتە زیندان؟

 

داواى لێبوردنەکەى لە بنەماڵە و هەودارانى کەریم کابانى هونەرمەند، هێلین ئاواتى کچە راگەیاندنکارى رزگارنەکرد و دواجار کەوتە ئەودیوى شیشى زیندان.  

قسەیەکى هێلینى تەمەن 22 ساڵان لەبارەى هونەرمەند کەریم کابانەوە لەچەند رۆژى رابردوودا تەواوى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى تەنى و دەنگدانەوەیەکى زۆرى دروستکرد و بنەماڵەى ئەو هونەرمەندە و سەندیکاى هونەرمەندانى بەدەنگ هێنا.  

دواى کاردانەوەکان هێلین لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا داواى لێبوردنى لە بنەماڵەى ئەو هونەرمەندە کرد، بەڵام سەندیکاى هونەرمەندان سوربوو لەسەر تۆمارکردنى سکاڵا لەسەرى بەتۆمەتى "ناوزڕاندن" تا بەپێی یاسا مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت.  

نەقیب سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى لە لێدوانێکیدا بۆ "ناس کورد" (17ى کانوونى دووەمى 2021) رایگەیاند، لەسەر سکاڵاى سەندیکاى هونەرمەندان، ئەو کچە لەلایەن بنکەى پۆلیسى سەراوە ئەمڕۆ یەکشەممە دەستگیرکراوە.  

وتیشى "دەستگیرکردنى بەپێی فەرمانى دادوەر بووە و ئێستا لە زینداندایە و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەى بەردەوامە".  

سکاڵاکە بەپێی یاساى خراپ بەکارهێنانى ئامێرەکانى پەیوەندى لەسەر ئەو کچە تۆمارکراوە، کە سەرەڕاى ئەوەى خۆى بە راگەیاندنکار دەناسێنێت، لە هەژمارە فەرمییەکانیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک کچە مۆدێلێک دەردەکەوێت، هەرچەندە خۆى رەتیدەکاتەوە کە کارى مۆدێل بکات.  


  
هێلین لەگرتەیەکى ڤیدیۆییدا کە پێش دەستگیرکردنى بڵاویکردووەتەوە و "ناس کورد" بینویەتى جەختدەکاتەوە کە ئەو مەبەستى لە سوکایەتیکردن نەبووە بەو هونەرمەندە و دەڵێت ڤیدیۆکەى بەو شێوەیە نەکردووە کە بڵاوبووەتەوە.  

"ئەو کچە لە پۆلیس وتەى لێوەرگیراوە و دەڵێت بەمەبەستى تەشهیر ئەوەى نەوتووە و قسەیەک بووە و وتویەتى" سەرکەوت ئەحمەد وایوت.  

ئەو یاسایەى کە ئەو کچەى پێ دەستگیرکراوە سزاى جیاجیاى داناوە بۆ تۆمەتى "ناوزڕاندن" لە رێگەى ئینتەرنێت و ئامێرەکانى پەیوەندییەوە، لە پێبژاردنەوە تا دەگاتە 15 ساڵ، بەڵام دیار نییە چ سزایەک چاوەڕوانى هێلین دەکات.  

وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى دەڵێت "دادگا دەزانێت سزاکەى چى دەبێت، ئەگەر تەنازول بکرێت دۆسیەکە دادەخرێت، بەپێی خراپ بەکارهێنانى ئامێرەکانى پەیوەندى گیراوە کە تا 15 ساڵ زیندانى تێدایە، بەڵام ئەگەر تەنازول هەبێت رەنگە دادگا دایبخات، بەڵام ئەوە ئیشى دادگایە نەک پۆلیس".  

دەشڵێت رەنگە داواکارى مافى گشتى و کەسوکارى کەریم کابان بانگهێشت بکرێن و دادگا رێوشوێنەکان لەو بارەیەوە دیاریدەکات.  

سەرەڕاى کاردانەوەى سەندیکاى هونەرمەندان و خانەوادەى هونەرمەند کەریم کابان، ژمارەیەک هونەرمەند کەمپینێکى کۆکردنەوەى واژۆیان دەستپێکرد و ئاڕاستەى داواکارى گشتیان کرد بۆ ئەوەى لە رێگەى دادگاوە رێگرى بکرێت لەو کارانە.  

جەزاى ساز بە نوێنەرایەتى ئەو هونەرمەندانە ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا کە "ناس کورد" بینیویەتى، کۆتایی هاتنى هەڵمەتەکەى راگەیاند و جەختیکردەوە کە ئەوان دەیانەوێت یاسا رۆڵى خۆى بگێڕێت.  

خـێـزان

زیانه‌كانی‌ به‌كارهێنانی‌ ده‌رمانه‌ سێكسیه‌كان

هه‌ندێكن له‌ زیانه‌كان و كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی‌

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

شەش ڕێگای سروشتی بۆ ڕزگاربوون لە پەڵەی سەر ددان

جگە لە ددان شوشتن بە فلچە و هەویر