#عەلی حەمە سالح

پەرلەمانتارێک: وەزیری ناوخۆ وتی موچەی 12 مانگی 2020ی فەرمانگە فیدڕاڵییەکانی هەرێمیان ناردوە

هەواڵی / 14/1/2021 119 جار بینراوە

بەڵام حکومەتی هەرێم پێی نەداون
پەرلەمانتارێک: وەزیری ناوخۆ وتی موچەی 12 مانگی 2020ی فەرمانگە فیدڕاڵییەکانی هەرێمیان ناردوە

شه‌ن پرێس:
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند،بەدواداچونیان بۆ کێشەی گواستنەوەی نزیکەی 800 کارمەندی گومرگ بۆ سەر پاسەوانی سنور کردوە لەهەرێمی کوردستان، بەڵام وەزیری ناوخۆی عێراق وتی، ئەوان موچەی هەر 12 مانگەکەی ساڵی رابردوی ئەو فەرمانگانەیان ناردوە، بەڵام حکومەتی هەرێم پێی نەداون.

غالب محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە نوسینێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاویکردەوە،  "لەگەڵ هاوڕێم پەرلەمانتار كاوە محەمەد سەردانی عوسمان ئەلغانمی، وەزیری ناوخۆی عیراقمان کرد و باسمان لەکێشەی گواستنەوەی نزیکەی 800 کارمەندی گومرگ بۆ سەر پاسەوانی سنور کرد لەهەرێم، کە وەک پێیانڕاگەیاندوین؛ بەشێکیان بەناحەق و لەسەر بنەمای حزبی کراون".

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزیری ناوخۆی عێراق دەستبەجێ بڕیاریدا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو مەبەستە پێکبهێنرێت، تا رێگە لەوە بگیرێت کە ناهەقی بەرامبەر هەر کارمەندێک بکرێت.

غالب محەمەد ئەوەشی خستەڕو،لە "کۆبونەوەکە هەروەها باسمان لەکێشەی موچەی فەرمانگە فیدڕاڵییەکانی هەرێم رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگە کرد کە ساڵی 2020دا  موچەی مانگەکانی (5، 6، 7، 8، 11، 12)یان وەرنەگرتوە، وەزیری ناوخۆ رایگەیاند، کە ئەوان موچەی هەر 12 مانگەکەی ساڵی پاری ئەو فەرمانگانەیان ناردوە، بەڵام حکومەتی هەرێم پێی نەداون".

رونیشیکردەوە، لە کۆبونەوەکە "پێداگریمان لەسەر چارەسەرێکی ریشەیی ئەو کێشەیە کرد کە بەغدا راستەوخۆ و مانگانە موچەکانیان بداتێ، وتی، ئێمە بۆ ئەو مەبەستە داوامان لەحکومەتی هەرێم کردوە کە لیستی موچەخۆرانی ئەو فەرمانگانەمان بۆ بنێرن، بەڵام تا ئێستا نەیانناردوە.

نوسراوی دروستکردنی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەبارەی کێشەی گواستنەوەی نزیکەی 800 کارمەندی گومرگ بۆ سەر پاسەوانی سنور لەهەرێم

زۆرترین بینراو