سێکس و نەخۆشی دڵ

هەواڵی / 11/1/2021 504 جار بینراوە

سێکس و نەخۆشی دڵ

د.ئازاد مەنتک
نەخۆشییەکانی دڵ بە شێوەیەکی بەرچاو دەناو کۆمەڵگای کوردەواری بڵاوەی لێکردییە، ھەر لۆیە؛ ھەر کەسێک تەمەنی بوو بە (٣٥) ساڵ نابێت بە بێ ڕاوێژی پزیشکی پسپۆڕ ھیچ وەرزشێک بکات، وە تەنانەت لۆ ژیانی ئاسایی خۆت جارێک پرس بە پزیشکێکی پسپۆڕ بکە، وە پزیشکەکە بڕیارت لۆ بدات، کە؛ ئایا تۆ توانای خۆ ماندوو کردن و وەرزش کردنت ھەیە یان نا. سێکس (گان) کردن بەتایبەت لە نێوان ژن و مێرد (سێکسی شەرعی) بە سووکە وەرزشێک دادەنرێت! ھەر لۆیە، ئەو بابەتە بەس لۆ ئەوانە گرنگ نییە، کە؛ نەخۆشی دڵییان ھەیە بەڵکو لۆ ئەوانەش گرنگە کە ھۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشی دڵییان تێدایە بەڵام درکییان پێ نەکردووە یان نەیان زانیووە یان خۆیان پشت گوێ خستووە. ژمارەی ئەو کەسانەی، کە: دوای سێکس کردن مردوون یان لۆ نەخۆشخانەیان ھێناون و داخیلیان کردوون ھەندە کەم نییە، وە بەتایبەت ئەوانەی لە سەر دەرمانی تەزبوونەوەی خوێنھێنەرەکان و کاتێک حەبی زەوقی (حەبە شینەکە = ڤیاگرا) پێش گان کردن دەخۆن، کە: ئەو دوو بەرەبابی دەرمان کاردانەوە و لێکەوتەیان لەسەر یەکدی ھەیە، وە دەبێتە ھۆی دابەزینی فشاری خوێن.
سێکس یان گان کردن بە وەرزش کردنێکی سووک ئەژمارد دەکرێت، وە بەتایبەت سێکسی شەرعی! وە دەبێتە ھۆی زیاد بوونی پێویستی لۆ ئۆکسجین (ھەوا) بە دوو لۆ پێنج ئەوەندە زێدەتر، وە ئەگەر کەسەکانی نەخۆشیی دڵییان ھەیە و ھیچ زانیاریان لەسەر نەبێت، ئەوا: لەوانەیە ببێتە ھۆی سینگەکوژێ یان جەڵتەی دڵ. ھەر پیاوێک دەگەل گان کردنێ تووشی سینگە کوژێ یان جەڵتەی بوو، ئەوا: مانای ئەوەیە، کە: نەخۆشی دڵەکەی بەتووندییە! ھەرچی لە ژنانە، ئەوا: بەتایبەتی لۆ کۆمەڵگا ئێمە و لە ڕۆژئاواش ھەندەی دەربارەی نازانرێت بەڵام زۆربەی ئەو ژنانەی نەخۆشی دڵییان ھەیە، ئەوا: ھەروەک پیاوان گان کردن ماندوو بوون و نیمچە وەرزشە.
بابەتی ڕۆڵی پیاو یان ژن لە کاتی سێکس کردن لە کۆمەڵگای کوردی زۆر بە شەرمنانە ھەر یەک لە ژن یان لە پیاوەکە باسی لێوەدەکەن، وە زۆر جار لەبەر عەیبە و شەرمە ھەر تووخنیشی ناکەون و باسیشی ناکەن، وە ھەندەک جار لە نۆڕینگەی تایبەتی پزیشک و لای ئەو پزیشکە، کە؛ لە مێژە پزیشکیانە و بەتایبەت لەو ماوەیەی دوایی باسی دەکەن! زۆر جاران پیاوان زۆرتر دەیدرکێنن و باسی دەکەن، بە زمانی عەوام، دەڵێن: (بووەتە پەڕۆک!) یان دەڵێن (دکتۆر، لە ماڵەوە لێم ڕازی نیین!) یان دەڵێت: (دکتۆر، لەگەل خێزانم بووینە بە خووشک و برا!) ھەرچی ژنانن، ئەوا: قەت نایدرکێنن!؟ ئەوەش لۆ خراپی فەرھەنگی کوردەواری دەگەڕێتەوە. ھەر کاتەک ژن یان پیاو بە نیشانەی نادیار ھاتن، وە بەردەوام گلەییان لەو پزیشکەی پێشوو دەکرد، کە: ھیچ سوود و مفایان لێ نەدیووە!؟ یان بەردەوام نەخۆشن و چاک نابنەوە!؟ ئەوا؛ بێ زەحمەت تیلکە چاوێکت لەسەر ئەو باسە بێت.

نیشانەکان:

١. کیر مردی یان تەواو ڕەپ نەبوون (Erectile dysfunction): کەسەکە، دەڵێت؛ (دکتۆر، ھەر ڕەپ نابێت!؟) یان (تەواو ڕەپ نابێت یان ڕەپ بوونەکە زۆر نامێنێتەوە). ئەمە یەکێکە لە باووترین نیشانەکان، کە لە کەسێک دەبینرێت؛ کە: نەخۆشی دڵی ھەبێت. خۆ لە نەخۆشی تەسکبوونی شاخوێنبەر (Leriche syndrome)؛ ئەوە ھەر تاکە نیشانەیە و نەخۆشەکە بەس ئەو نیشانەی دەبێت. ئەوجا کیرمردی، لەوانەیە: سەرەتایی بێت، کە دوای تووشبوون بە نەخۆشی دڵ کەسەکە تووشی ھات بێت؛ وە یان لەوانەیە دەگەل نەخۆشی دڵەکە وێکڕا بە ھۆی ئەو ھۆکارانەوە بێت کە دەبێتە ھۆی نەخۆشی دڵ، وەک: بەرزبوونەوەی فشاری خوێن (زەخت)؛ سووکەری، جگەرەکێشان، زیاد بوونی چەوری ناو خوێن.
٢. گێژبوون یان بوورانەوە دوای سێکس و گان کردن.
٣. سینگ ئێشان لە کاتی سێکس کردن و بە بن ئاو و ئارەقە کردن.
٤. دابەزینی فشاری خوێن و دڵە کووتەی زۆر دەگەل سێکس کردن.

- کەینێ کەسەکە لە خەستەخانە داخیل دەکرێت!؟

ا. ھەر کەسێک لە سەر گان کردن تووشی سینگە کوژێ یان جەڵتەی دڵ بێت. لۆیە، نەکەیت ئەگەر لە کاتی سێکس کردن سینگ ئێشانت ھەبوو،بیشاریتەوە؟! بڕۆ بۆ لای دکتۆری خۆت و چارەسەری بکە.

ب. بوورانەوە دەگەل سێکس کردن یان دوای سێکس کردن.

ج. دابەزینی فشاری خوێن بە بەردەوام دوای سێکس کردن.

- کەینێ ڕێگا بدرێت، کە: کەسێک نەخۆشی دڵی ھەبێت سێکس بکات؟

 سێکس کردن بەگوێرەی حالەتی نەخۆشی دڵەکە دەگۆڕێت! بەشێوەیەکی گشتی؛ ئەگەر لە پشکنینی (ھێلکاری دڵ بە ماندوو بوون = پایسکلەکە = exercize ecg) نێگەتیڤ بوو، ئەوا: ئەو کەسە با بەکەیفی خۆی گان و سێکس بکات. بەس لێرەدا، دەبێت ھەموو ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵییان ھەیە بەتایبەت ئەوانەی دەرمانی تەزبوونەوە و فشبوونەوەی خوێنھێنەرەکان (نایترێت)؛ ئەوا: بێ ڕاوێژی پزیشک (حەبی ڤیاگرا) وەرنەگرن و مقەیەت بن.

- چارەسەر:

ا. خواردنی خۆراکی دروست و دوور بوون لە خۆراکی چەور.

ب. لەو کەسانەی کە لە سەر سێکس کردن تووشی نەخۆشی دڵ (سینگە کوژێ) دەبن، ئەوا: ئەگەر حەبە شینەکەیان بەکار نەبرد بێت، ئەوا: دەتوانن حەبی بن زمان بەکار بێنن.

ج. ھەندێک دەرمانی چارەسەر لۆ زەخت یان پەککەوتنی دڵ دەبێتە ھۆی کیر مردی، لۆیە؛ ئەگەر ئەو دەرمانانە لۆ بەرەباب و جۆریتر بگۆڕدرێت، ئەوا: لەوانەیە کەسەکە کیرمردی  نەمێنێت.

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

زۆرترین بینراو