سەنتەرێکی سەر بە حکومەتی ئەمریکا: نوێژی موسڵمانان دەرمانی دەردە .

هەواڵی / 10/1/2021 164 جار بینراوە

سەنتەرێکی سەر بە حکومەتی ئەمریکا: نوێژی موسڵمانان دەرمانی دەردە .

شه‌ن پرێس :
سەنتەری نیشتمانی بۆ زانیاریی بایۆتێکنۆلۆجی کە سەر بە حکومەتی ئەمریکایە، لێکۆڵینەوەیەکی لەبارەی نوێژی موسڵمانان بڵاوکردووەتەوە و باسی لەوە کردووە، نوێژی موسڵمانان هەر تەنیا تیماری کێشەکانی پەیوەست بە تەندروستی ناکات، بەڵکو رێگرە لە کێشە تەندروستییەکان.

لە لێکۆڵینەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، نوێژی موسڵمانان بەشێوەیەکی گشتی بۆ تەندروستی باشە و بەشێوەیەکی تایبەتیش بۆ تەندروستیی دەروونی (کێشە و فشاری دەروونی).
نوێژکردن یەکێک لە بنچینە هەرە سەرەکییەکانی ئیسلامە، پێویستکراوە لەسەر شوێنکەوتووانی ئیسلام رۆژانە پێنج جار نوێژ بەجێبهێنن؛ لێکۆڵینەوەکە دەڵێت "لەوانەیە ئەم کردارە لە خوداپەرستی (نوێژکردن) بە تەنیا بتوانێت چارەسەری زۆربەی کێشە جەسەدی و سایکۆلۆژییەکانی مرۆڤ دابینبکات".

هاوکات باسی هەندێک بابەتی دیکە کراوە کە لای موسڵمانان زانراون، وەکو ئەوەی مانای (الصلاة) چییە و لە قورئاندا چۆن باسکراوە و چەندەم پایەیە لە پایەکانی ئیسلام.

بەپێی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە، نوێژکردن چارەسەرێکی دەروونییە و کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر دەروون هەیە و فشار، دوودڵی و خەمۆکی و کەئابە و مەیلی دژە سۆشیاڵ (دژە کۆمەڵایەتیبوون) کەمدەکاتەوە و رێگریی لێدەکات.

لێکۆڵینەوەکە تیشکی خستووەتە سەر کاریگەریی نوێژ وەکو چارەسەرێک بۆ فشاری دەروونی و دەڵێت "ئەگەر بە پێوانە و شێوەیەکی دروستبکرێت کاریگەریی هەیە". هەروەها لە لێکۆڵینەوەکەدا بەشداری بە کەسانی ناموسڵمان کراوە بەشێوەی فیزیکی، دەرکەوتووە کە کاریگەریی ئەرێنیی لەسەریان هەبووە.
لە بەشی ناساندنی لێکۆڵینەوەکەدا هاتووە "ئیسلام تەنیا هەر دینێک نییە، بەڵکو رێگەیەکی تەواوی ژیانە کە بەرنامەیەکی گشتگیری بۆ کردەوە و چارەسەری کێشە رۆحی، فکری و جەسەدییەکانی مرۆڤایەتی پێیە".
هەر لە لێکۆڵینەوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، پێویستە حاڵیبوونی تەواو بۆ نوێژ و ئەنجامدانی بەشێوەی گونجاو هەبێت، وەکو ئەوەی "لە قورئان و فەرموودەی پەیامبەری ئیسلامدا" هاتووە.

+ دواتر لێکۆڵینەوەکە بە جیا باسی لە هەنگاوەکان بۆ ئەنجامدانی نوێژ کردووە، بەم شێوەیە:

- دەستنوێژ - پاکبوونەوە و ئامادەکاری
لێکۆڵینەوەکە لەبارەی دەستنوێژەوە ئاماژەی بەوە کردووە "شۆردنی دەست و دەموچاو و قاچەکان خۆی لەخۆیدا خوداپەرستییە، پێغەمبەری ئیسلامیش گوتوویەتی کە دەستنوێژ تەنیا جەستەی مرۆڤ پاکناکاتەوە، بەڵکو ئەو تاوانانەیشی دەشواتەوە کە بەو بەشانەی جەستەی کردوونی کە لەکاتی دەستنوێژدا دەیانشۆرێت. نوێژکردن بە جەستە و نێتێکی پاکەوە نوێژخوێن دەباتە حاڵەتێکی گونجاو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ خودا، ئەمەیش رۆژانە لانیکەم پێنج جار لەلایەن موسڵمانانەوە دەکرێت و بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر مێشک ئارامدەکاتەوە و فشار کەمدەکاتەوە و رۆحی مرۆڤ لە نیگەرانی و دوودڵییەکانی دونیا ئازاد دەکات".

- نییەت
لە لێکۆڵینەوەکەدا باسی ئەوە کراوە کە نوێژخوێن بە نێتهێنانی بۆ نوێژ، پابەندبوون و ملکەچبوونی خۆی بۆ دروستکارەکەی رادەگەیێنێت.

- نوێژ (الصلاة)
لەبارەی نوێژەوە لێکۆڵینەوەکە دەڵێ "نوێژخوێن بە نوێژکردن تەنیا رەحم و بەرەکەتی خودای وەک پاداشت دەستناکەوێ، بەڵکو لەهەمانکاتدا سوود بە جەستەی دەگات، کە ئێستا زانست ئەوەی ئاشکراکردووە و پشتڕاستیکردووەتەوە" دواتریش فەرموودەیەکی پێغەمبەری باسکردووە لەبارەی نوێژەوە.

لە باسی نوێژەکاندا، باسی لە چۆنێتی پەناگرتن بە خودا لە شەیتان، دووبارە وزەبەخشینەوە بە جەستە و رۆحی نوێژخوێنان کردووە، بە نمونە نوێژی بەیانی سەرەتای رۆژێکی نوێیە و تیایدا نوێژخوێن داوا لە خودا دەکات کە لە شەیتان و کردەوەکانی بیپارێزێت، نوێژی نیوەڕۆ نیوەی رۆژە و تیایدا دەرفەتێکە بۆ نوێژخوێن کە بگەڕێتەوە بۆلای خودا و داوای رێنوێنی ژیانێکی درووستی لێبکات، نوێژی عەسر و نوێژی مەغریب دوای ماندووبوونی نوێژخوێنانە و دووبارە وزە بە جەستە دەبەخشنەوە، نوێژی عیشایش کاتی دووبارە داوای لێخۆشبوونە لە هەموو گوناهەکان. لێکۆڵینەوەکە دەڵێت، دابەشکردنی نوێژەکان پێمان دەڵێن کە یادی بەردەوامی خودا چەندە کاریگەرە. هەروەها لێکۆڵینەوەکە باسی لە گرنگیی ناوبەناو وەستانێکی چەند خولەکی و دوورکەوتنەوە لە دونیای ماددی و ملکەچبوون بۆ خودای کردووە، تاوەکو لەو وەستانە چەند خولەکیانە و دوورکەوتنەوە لەو دونیا مادییەدا سوپاسی خودا بکات؛ هاوکات لە لێکۆڵینەوەکەدا جارێکیتر جەخت لەوە کراوەتەوە کە نوێژ فشار (دەروونی و جەستەیی)، دوودڵی و لایەنی نەرێنی دەڕەوێنێتەوە.

- نوێژی بەکۆمەڵ
لەبارەی نوێژی بەکۆمەڵ (جەماعەت)ەوە، لە لێکۆڵینەوەکە هاتووە، مەبەست لە نوێژی بەکۆمەڵ بۆ یەکگرتوویی و یەکگرتنی موسڵمانانە، کاتێک موسڵمانێک پێدەنێتە ناو مزگەوتەوە هەموو بێڕێزی و بڕیاری پێشوەختەدانی پشتگوێدەخات و وەلادەنێت، لەڕێگەی یەکتربینینی موسڵمانان لە مزگەوت بۆ چەند جارێک و زانینی پێویستی و کێشەکانی یەکتری، موسڵمانان مۆدێلێکی باشی کۆمەڵایەتی دروستدەکەن. هەروەها باسی لەوەش کردووە، لەڕێگەی نوێژی بەکۆمەڵەوە ئاڵۆزییە سایکۆلۆژی و نیگەرانی و فشارەکان لە مێشک دەردەچن و جۆر و هەستێک لە پارێزراوی و ئەمن لای تاک دروستدەبێت.

دەربارەی نوێژی ئافرەتانی موسڵمان باسی لەوە کردووە، ژنانی موسڵمان داوایان لێ کراوە کە نوێژەکانیان لە شوێنێکی سەلامەتی وەکو ماڵەوەدا ئەنجامبدەن و بە شەرم و حەیا بن و ژینگەیەکی گونجاو لە ماڵەکانیاندا بئافرێنن، کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر منداڵەکانیان هەبێت کردەوە راستەکانی خوداپەرستییان پێ ئاشناکەن.

لەبارەی نوێژکردنەوە لێکۆڵینەوەکە دەڵێ، لە یەک رکات نوێژدا سێ جووڵە هەیە، یەکێکیان سوجدەیە و دەربارەی سوجدەش دەڵێ، سوجدە نەک هەر لوتبەرزی و ئەنانیەت ناهێڵێ، بەڵکو فشار و دوودڵییەکانی ژیانیش دەڕەوێنێتەوە.

ئەو کاتەی کە لە نوێژدا تەحیات دەخوێندرێت لە لێکۆڵینەوەکەدا وەکو "رەحمەتێک لە خوداوە" ناوبراوە و دەڵێ "ئەم کاتە چەند خولەکێکی بڕوادار دەبات، بەڵام دەستکەوتە رۆحی، دەروونی، جەستەیی و کۆمەڵایەتییەکانی بێشوومارن، بەڕاستی رەحمەتێکە لە خوداوە".

- سوودە تەندروستییەکانی نوێژ
لێکۆڵینەوەکە دەربارەی سوودەکانی نوێژ لەڕووی فیزیکی و فیسیۆلۆژییەوە دەڵێ، ماسولکەکانی جەستە و جومگەکان لەکاتی نوێژدا وەرزش و راهێنان دەکەن، تیایدا پەلەکان، پشت و حەوز بەردەوام راهێنان دەکەن. بەپێی لێکۆڵینەوەکە، ئەو کەسانەی بە رێکوپێکی بەردەوام نوێژ دەکەن بە دەگمەن تووشی ملئێشە و پشتئێشە دەبن. سوجدە تاکە جوڵەیە کە تێیدا سەر لە ئاستی دڵ نزمترە، هەربۆیە خوێنێکی زیاتر وەردەگرێت، ئەمەش بۆ یادگەی مرۆڤ، تەرکیز، رۆح و تواناکانی دیکەی پێزانینی ئەرێنی و بەسوودە، هەروەها لەکاتی سوجدەدا هەست بە ئارامی و حەسانەوە دەکرێت.
س : لێنز

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

زۆرترین بینراو