ھەواڵێکێ خۆش و پێشنیارێک بۆ وەزارەتی تەندروستی و حکومەتی ههرێم
هەواڵی /
9/1/2021
221 جار بینراوە
ھەواڵێکێ خۆش و پێشنیارێک
بۆ وەزارەتی تەندروستی و حکومەتی ههرێم
لە گەل سەرھەلدانی
کۆرۆنای گۆراو بە ھۆی بازدان و بڵاوبوونەوەی ئهو پهتایه بە شێوەیەکی زۆر خێرا لە
وولاتی بەریتانیا، دوو دلی و دلەراوکێی لای
خەلک و بەشێکی ناوەندە زانستیەکانی گرتهوه، پرسیاری گرنگ دهربارهی کاریگەری ڤاسینەکان
لەسەر کۆرۆنای گۆراو وروژێنرا، بۆیه ئهو بابهته خرایه بواری لێکۆلینەوە . ئەمڕۆ
لێکۆلینەوەیەک بلاوکراوەتەوە و نیشانیداوە، کە ڤاکسین کاریگەری بەسهر ئەو شەریتە
نوێیەی کۆرۆنا، کە لە وولاتی بەریتانیا و ئەو جۆرەی لە ئەفریقای باشوور سهریههڵداوه
ههیه . ههرچهنده تا ئێستا لێکۆلینەوەکە لەسەر ژمارەیەکی كهمی نەخۆش کراوه،
لهچەند ھەفتەی داھاتوودا زانیاری زیاتر لەسەر ئەو باسە بلاودەکرێتەوە و رێژەی بەرگری
ڤاکسینەکان بەرامبەر کۆرانای گۆراو بە تەواوی دەردەکەوێت .
لە ماوەی چەند
ھەفتەی رابردوو ژمارەیەکی زۆری خهڵك له بهریتانیا تووشی کۆرۆنا بووینە ، ژمارەی
ئەو کەسانەی تووشی ئەو پەتایە بووینەو ڤاکسینیان
وەرگرتوە یەکجار کەمە، ئاشكرایه لە چەند
رۆژی سهرهتایی دوای وهرگرتنی ڤاکسین، جهستهی نهخۆش دژهتهن دروست دهكات ،
ھەموو لێکدانەوەکان بەو ئاڕاستەیەن، کە دوو ھەفتە دوای وەرگرتنی جورعەی یەکەمی ڤاکسین
، کەسەکە رێژەیەکی زۆر باش لە دژە تەن درووست دەکات و بەرگری بەرامبەر ڤایرۆسەکە پەیدا
دەکات.
دیارە دۆخی
کوردستان لە ئێستادا لهرووی ژمارهی تووشبوون به پهتای كۆڕۆنا، بە بەراورد لە گەل
وولاتانی ئەوروپا و گەلێک شوێنی تر زۆر باشە ، ئاشكرایه ژمارەی ئەو نەخۆشخانەی پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە ههیە یەکجار
کەمیکردووە ، بەلام دەبێت ئەوە بزانین، کە ئەو ڤایرۆسە ھێشتا کۆتایی نەھاتووە و ئەو
شەریتە نوێیەی ڤایرۆسەکە ، کە لە بەریتانیا سەریھەلداوه لە زۆر وولات بلاوبۆتەوە
، بۆیە وەزارەتی تەندروستی و ھاوولاتیان دەبێت بەردەوام بن لە ھۆکارەکانی خۆپاراستن
و ھێشتا ئەگەری شەپۆلێکی تری ئەو پەتایە لەئارادایە.
ئەوەی دەمەوێت
لەو پۆستەدا باسی بکەم ، مەسەلەی دابینکردنی ڤاکسینی دژ بە کۆڕۆنایە ، دیارە کۆمەلێک
ڤاکسین لە ئارادان ، بەلام سیان لەو ڤاکسینانە توێژینەوەی گەورەیان لە سەرکراوە و
روون بۆتەوە، کە سەلامەتن و زۆر کاریگەرن .ئەوانیش ڤاکسینەکانی فایزەر—بایۆنتێک، مۆدێرناو
ئۆکسفۆرد-ئەسترا زێنیکا. حکومەتی عێراق بەشێکی کەمی لە ڤاکسینی فایزەری کڕیوەو بڕیار
وایه بەشێک لهو ڤاكسینانه بۆ کوردستان رەوانە بكات. بهڵام پێویسته حكومهتی
ههرێم بهو بڕه نهوهستێت و بڕێكی زیاتر لهو ڤاكسینانه ئاماده بكات و بهلایەنی
کەم بۆ كهسانهی دابین بكات، كه بە تەمەنن
و ئەو کەسانەی نەخۆشی تریان ھەیە و ئەگەری ئەوەیان زیاترە بە توندی تووشی ئەو پەتایە
ببن . لە ھەمان کات دەبێت ھەموو کارمەندانی تەندرووستی بە تایبەت ئەوانەی لە ریزی
پێشەوەی ئەو شەڕەدان بە زووترین کات بکوترێن . لێرەدا من ڤاکسینەکەی ئۆسفۆرد- ئەسترا زێنیکا لەبەر زۆر ھۆکار بۆ كوردستان
بە گونجاو دەزانم :
1-دهتوانرێت ئەو ڤاکسینە لە ساردکەرەوەی ئاسایی ھەلگیرێت ، ئەمەش
لە رووی لۆجستیەوە زۆر ئاسان ترە لە ڤاکسینەکانی تر .
2- ڤاکسینی ئۆکسفۆرد
لە ناوەندێکی زانستی زۆر باوەڕپێکراو و بەرھەمھێنراوە و دەرکەوتوە بهكارهێنانی سەلامەتە.
جگە لەم دوو خالە
گرنگە کۆمپانیای ئەسترا زێنیکا بڕیاریداوه ھیچ قازانجێک لەو ڤاکسینە وەرنهگرێت و
نرخی ھەر ڤاکسینێک لە سێ پاوەند زیاتر نیە . من ههرگیز لەگەل بەکارھێنانی ڤاکسینی
چینی نیم ، نەک تەنھا لەبەر نەبوونی لێکۆلینەوەی زانستی باوەڕپێکراو، بەلکو لەبەر ئەوەی
بەشێکی زۆری خەڵکی كوردستان باوەڕیان بە بهرههمهكانی چینی نیەو ئهمه خەلک
سارد دەكاتهوهو ئامادهیی نابێت ڤاكسینهكه بهكاربێنێت.
وەزارەتی تەندرووستی
و حکومەتی کوردستان بە چوار ملیۆن دۆلار ئەتوانن یەک ملیۆن ڤاکسین مسۆگەر بکەن . ئەگەر
وەزارەت و حکومەت ئەو توانەیان نەبێت دەبێت کۆشش بکرێت سندوقێکی خێرخوازی بۆ كڕینی
ئهو ڤاكسینه ئاماده بكهن، دلنیام له كوردستان کەسانی خێرخواز زۆر ھەیهو ئامادهیی
تهواویان بۆ ئهم كاره ههیه.
نابێت پرۆژەی دابینکردنی ڤاکسین بههیچ شێوهیهك بدرێته
کەرتی تایبەت ، چونکە ئەو ھەنگاوە دەبێتە بازرگانی کردن بە ڤاکسین و کارەساتی گهورهی
لێدەکەوێتەوە.
پێویسته وەزارەتی تەندرووستی ھەنگاوی ھەنوکەیی بنێت و خۆ
ئامادەبکات بۆ دیاریکردنی لیستی ئەو کەسانەی، کە دەبێت ڤاکسین وەرگرن ، بۆئهمهش
دهكرێت زۆر شوێن لە ھەموو شارو شارۆچکەکان ئامادهبكهن و راھێنان به کادیری تەندروستی بكهن، بۆئهوهی پرۆسهی کوتان لە ماوەیەکی کەمدا بۆ ژمارهیهكی زۆری خهڵك ئهنجام بدرێت لە ئەگەری
گەیشتنی ڤاکسین.
دەزانم بەڕێز وەزیری
تەندروستی پۆستەکانی من دەخوێنێتەوەو لە رابردوو ژمارەیەک پۆستەکانی منی لە لاپەرەی
خۆی شێر کردووە بۆ خەلکانی کوردستان ، بۆیە بەو ھیوایەم، کە ئەو پێشنیارە بە ھەند
وەرگیرێت . بە ھیوای ئەوەی مرۆڤایەتی لە ئایندەیەکی نزیک لەو ڤایرۆسە نەگریسە دەربازی
بێت .
دکتۆر عارف گۆران
پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی
ھەناو
لەندەن