گێڕانەوەکانی منداڵەکەت نادیدە مەگرە!
هەواڵی /
7/1/2021
536 جار بینراوە
گێڕانەوەکانی منداڵەکەت
نادیدە مەگرە!
ئەو کچەی زڕباوکەکەی
دەستدرێژی کردبوە سەر
کچێکی تازەپێگەیشتوو
هات بۆ پشکنین بۆ دڵنیابوون لە پەردەی کچێنی و ئایا دەستدرێژی کراوەتە سەر یان نا؟
پشکنینمان بۆی کرد
و پشتڕاستمان کردەوە، بەڵێ بەڵگە هەیە بۆ بانگەشەکانی و دەتوانێت بەو ڕاپۆرتەی ئێمە
لە پزیشکیی دادوەری بۆمان نووسیوە، بچێتە ناو دادگا و داوای مافی خۆی بکات.
سەرەتا من لە کچەکەم
پرسی بۆ هاتووی بۆ پشکنین؟ دەستی کرد بە گریان و گووتی: نازانم! سەرەتا نەیدەویست
قسە بکات و شەرمی دەکرد.
دوای هێورکردنەوە،
باسی ئەو ڕووداوەی کرد کە بەهۆیەوە هاتبوو بۆ پشکنین. کەوتە قسەکردن و گووتی دایکم
شووی کردووەتەوە، هەموو خوشک و براکانم هاوسەرگیرییان کردووە و لە ماڵی خۆیاندان، تەنها من ماوم لای دایک و زڕباوکەکەم.
کچەکە گوتیشی زڕباوکم
دەستدرێژی دەکاتە سەرم بە دەستلێدان و ڕەفتاری ناشرینی تر.
وەکوو کچەکە باسیکرد:
بە دایکمم گووت لەبارەی ڕەفتارەکانی زڕباوکەکەم، پێمی گوت تۆ منداڵی و نازانی ئەو
شتانە چییە، دەنگ مەکە هەرچی بکات.
کچەکە گووتیشی: جارێک
دایکم بەسەردا هات و کردیە دەنگە دەنگ و ماڵی بەجێهیشت و دواتر گەرایەوە.
لە درێژەی گێرانەوەکانیدا
گووتی: دواجار برا گەورەکەم هاتبوو بۆ ماڵمان، بەسەردا هات و گوێی لێ بوو زڕباوکم پێم دەڵێ لەگەڵم وەرە ژووری سەرەوە! براکەم یەکسەر
ڕاپێچمی کرد و چووینە دادگا و سکاڵای لەسەر زڕباوکم تۆمار کرد و وا ئیستا هاتووم بۆ
پشکنین!
ئەمە بۆ ئێمە وەکو
پزیشکانی دادوەری رووداوێکی دەگمەن نییە و زۆر حالەتی لەو جۆرەمان بینیوە.
لێرەدا دوو وانەی
گرنگ هەیە بۆ کۆمەڵگە:
1- گرنگە بە وردی گوێ
بۆ گێرانەوەی منداڵ بگیرێت و ئەو شتانەی باسیان دەکات بە هەند وەربگیرێن، نەک تەنیا
بڵێین تۆ نازانیت ئەو کارانە چین و ئەو ڕووداوە دڵتەزێنانە پەردەپۆش بکەین!
2- ئەو خانمانەی دوای جیابوونەوە بڕیاری هاوسەرگیری
دەدەن، دەبێ پلانیان تەنها بۆ ژیانی تایبەتی خۆیان و پەیداکردنی هاوبەشی ژیان نەبێ،
بەڵکو ئاییندەی مندالەکانیشیان لەبەرچاوبگرن.
__________________________
دکتۆرە دیلمان
ئازاد حەسەن
پسپۆری پزیشکیی
دادوەری
مامۆستا لە کۆلێژی
پزیشکی