ئایە نوێژکردن لە گۆڕستان دروستە؟

هەواڵی / 2/1/2021 168 جار بینراوە

ئایە نوێژکردن لە گۆڕستان دروستە؟

دكتۆر شاخوان سيامنصوری - مامۆستای ئاینی

چەند جارێک ئەم پرسیارەم ئاراستە کراوە لە لایەن برایان و خوشکانەوە، بەڵکو هەندێ جار ئەم بابەتە بوتە کێشە لە نێوان موسڵماناندا کاتێک لە گەڵ مردویەکدا ڕۆشتون و ویستویانە نوێژی مردو ئەنجام بدەن، بەڵام کەسانێک ڕێگریان لێ کردوون و پێیان وتون ئەم کارە نادروستە، بۆیە من لێرە بە ئومێدی خوای گەورە ئەو بابەتە ڕوون دەکەمەوە بەو شێوەی لە ئیسلامدا هاتوە.
زانایان و شەرع زانانی ئیسلام لەسەر ئەم بابەتە سێ بۆچونیان هەیە کە بەم شێوەیە:
#یەکەم: دروستە نوێژ کردن لە گۆڕستاندا بە مەرجێ پاک بێت جێگەکە.
ئەم بۆچونە بەشێکی زۆری زانایان لە هاوەڵان و پاش ئەوانیشی لەسەر بوە، لەوانە( ئەبوو هورەیرە، عبداللەی کوڕی عومەر، حەسەنی بەسری، وەهەر هەرسێ مەزهەبی ئیمامی ئەبووحەنیفەو ئیمامی مالیک و ئیمامی شافعی، ڕیوایەتێکیشە لە مەزهەنی ئیمامی ئەحمەد.


          #بەڵگەکانیان
١) لە سەحیحی بوخاریدا هاتوە، ئەبو زەڕ فەرموویەتی: ئەی پێغەمبەری ﷺ خوا یەکەم مزگەوت کە دروست کرا لەسەر زەوی چ مزگەوتێ بوو؟ فەرمووی"المسجد الحرام" فەرمووی: پاشان چ مزگەوتێ بوو؟ فەرمووی:" المسجد الأقصى" فەرمووی: جەند ساڵ لە نێوانیاندا بوو؟ فەرمووی:" أربعون سنة، ثم أينما أدركت الصلاة بعدُ فصلِّه، فإن الفضل فيه" واتە: چل ساڵیان لە نێواندا بوو، پاشان لە هەرکوێدا بویت و کاتی نوێژ بوو نوێژی جۆت ئەنجام بدە، چونکە نوێژ کردن لە کاتی خۆیدا خێری باشترە.
٢) لە سەحیحی ئیمامی بوخاریدا هاتوە، جابری کوڕی عبداللە بۆمان ئەگێڕێتەوە کە پێغەمبەرﷺ ئەفەرموێت" أُعطِيت خمسًا لم يُعطَهن أحدٌ قبلي:..... وجُعِلت لي الأرض مسجدًا وطَهورًا، فأيُّما رجل أدركَتْه الصلاة فليُصلِّ" واتە: پێنج شتم پێ دراوە بە هیچ کەس نەدراوە پێش من، _ یەکێک لەو پێنج شتە_ زەویم بۆ کراوە بە مزگەوت خاکەکەشی پاکە، لە هەرکوێ کاتی نوێژ بوو ئەنجامی بدەن.
٣) سەر گوڕستان هەر وەک هەموو پارەچەکی تری سەر زەوی پاکەو نوێژ کردن لەسەری دروستە.
#دووەم:  ئەگەر جێگاکە لە سێ گۆڕ زیاتری تێدا بوو، نوێژ کردن تێیدا دروست نیە، بەڵام گەر کەمتر بوو دروستە.
ئەم بۆچونە مەزهەبی ئیمامی ئەحمەدی کوڕی حەنبەلە.


            #بەڵگەکانیان
١) ئیمامی ئەحمەدو جگە لەویش ئەیگێڕنەوە، لە ئەبوو سەعیدی خودریەوە کە پێغەمبەرﷺ فەرموویەتی" الأرض كلها مسجد إلا الحمام والمقبرة" واتە: زەوی هەمووی مزگەوتە بۆ نوێژ کردن، جگە لە حەمام و گۆڕستان نەبێت.
ئەم فەرموودە لەگەل ئەوەی ئیمامی ابن حبان و ئیمامی حاکمی نەیسابوری و زەهەبی و شێخی ئەلبانی جگە لەوانیش بە سەحیحیان داناوە، بەڵام بەشێکی تر لە زانایان ئەفەرموو لە سەنەدەکەیدا کێشە هەیەو ئالۆزە(المضطرب)، وە ئەگەر سەحیحیش بێت نەسخ بوەتەوە بە حەدیسی( جعلت لي الأرض مسجد وطهورا).
٢) لە سەحیحی ئیمامی بوخاریدا هاتوە کە عبداللەی کوڕی ئیمامی عومەر ئەفەرموێت: پێغەمبەری ئازیز ﷺ ئەفەرموێت" اجعلوا من صلاتكم في بيوتكم، ولا تتخذوها قبورا) واتە: هەندێک لە نوێژەکانتان_سوننەتەکان_ لە ماڵەوە بکەن، با ماڵەکانتان نەبێت بە گۆڕستان.
٣) لە سەحیحی موسلمدا هاتوە جوندوبی کوڕی عبداللە ئەفەرموێت پێنج ڕۆژ پێش مردنی پێغەمبەر  ﷺ گۆیم لێ بوو فەرمووی:"..... من كان قبلكم كانوا يتخذون قبور أنبيائهم وصالحهم مساجد، ألا فلا تتخذوا القبور مساجد، إني أنهاكم عن ذلك" واتە: لە پێش ئێوەدا گۆڕی پێغەمبەران و پیاوچاکانیان ئەکرد بە مزگەوت و نوێژگە، وریابن گۆڕەکان نەکەن بە مزگەوت چونکە من ئەوکارەم لێ قەدغەکردوون.
٤) هەر جێگەیەک کەمتر لە سێ گۆڕی تێدا بێت، پێی ناوترێ گوڕستان، بەڵام گەر زیاتر بوو گۆڕستانەو نوێژی تێدا دروست نیە.
بەڵام ئەم بەڵگانە گشتین و دیاری کردنی ژمارەی گوڕەکان بۆ دروستی و نادروستی ئەو کارە، تەنها قسەی زانایانەو هیچ فەرمایشتێکی سەروەرمانﷺ لەسەر ئەوە نەهاتوە کە کەم و زیادی ژمارەی گۆڕەکان جیاواز بن.
#سێهەم: دروست نیە نوێژ کردن لە گۆڕستان بە هیچ جۆرێک، تەنانەت ئەگەر یەک گۆڕیشی تێدا بوو.
ئەم بۆچونە بەشێک لە هاوەڵانی پێغەمبەر و  زانایان لەسەری بوون، لەوانە( ئیمامی عەلی، عبداللەی کوڕی عەباس، عبداللەی کوڕی عەمر، عطا، النخعي، إسحاق، أبي ثور، قسەیەکی ئیمامی ئەحمەدو ئیمامی ئینو تەیمیەو بەشێکی تر لە زانایان.


            #بەڵگەکانیان
هەموو ئەو بەڵگانەی زانایانی بۆچونی دووەم هێناویانەتەوە ئەم زانایانەش کاریان پێ کردوە، بەڵام ئەمان پێیان وایە جیاوازی نیە لە نێوان ژمارەی گۆڕەکانداو هەمووی هەر نادروستە نوێژ کردن تێیدا، گەر یەک گۆڕی تێدا بێت یان زیاتر.


          #پوختەی_قسە
ئەوەی باسمان کرد بۆچونی زانایان بوو لەسەر دروستی و نادروستی نوێژ کردن لەسەر گۆڕستان، کە بەگشتی سێ بۆچون بوو، بۆچونی زۆربەی زانایان لەسەر ئەوە بوو دروستە نوێژ کردن لە گۆڕستاندا، وە ئەو فەرمودانەی باسی نادروستی نوێژ کردن ئەکەن لەو جێگەدا، بۆ کاتێکە ئەو کارە سەر بکێشێ بۆ بتپەرستی و بە گەورە گرتنی گۆڕستان و تایبەت کردنی بە جێگەی نوێژ، یاخوا دروست کردنی خانوو یاخود ژور لەسەر گۆڕ و پاشان کردنی بە جێگەی نوێژ، بۆیە ئەوەی بۆمان ڕوون ئەبێتەوە ئەوەیە دروستە نوێژ کردن لەسەر گۆڕستان جا چ نوێژی مردوو بێت، یاخود هەر نوێژێکی تر کە مرۆڤ ناچار بێت لەوێدا بیکات.
    ✍️شاخوان سيامنصوري

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

زۆرترین بینراو