"پۆست لەناو یەکێتیدا وەکو یانسیبە".. ئاراستەیەک لە پارتی نزیک و ئاراستەیەکى تر نەیاریەتى

هەواڵی / 23/12/2020 319 جار بینراوە

یەکێتی ئێستا دوو ئاراستەیە
"پۆست لەناو یەکێتیدا وەکو یانسیبە".. ئاراستەیەکی یه‌كێتی لە پارتی نزیک و ئاراستەیەکى تر نەیاریەتى


شه‌ن پرێس،شارپرێس:
نزیکەی 35 ساڵ پێش ئێستا دلێری سەید مەجید، وتویەتی "وەرگرتنی پۆست لەناو یەکێتیدا وەکو یانسیب وایە، دەستی پێدا دەکەیت، یان سەرکردایەتی یان مەکتەب سیاسیی یان نوقڵ و مزیڵدانت بۆ دەردەچێت"

ئەمە تەعبیرە لە دۆخی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە سەردەمی شۆڕشدا بەڵام زۆرن ئەوانەی کە پێیان وایە یەکێتی لەدوای کۆنگرەی پێنجەمیش کە ساڵێک پێش ئیستا بەسترا، دووچاری هەمان دۆخ بووەتەوە.

مەلا بەختیار یەکێک لە بەرپرسە دیارەکانی یەکێتی، دوای کۆنگرەی حزبەکەی ڕایگەیاند، لەناو کۆنگرەدا کەسانێک کران بە ئەندامی سەرکردایەتی کە پێشتر پاسەوان بوون، کەسانێک کراون بە بەرپرس کە خواخوایان بوو دەرفەت بدەین وێنەیەکمان لەگەڵ بگرن.

بەرپرسانی ئێستای یەکێتیش دەلێن، حزب نوێ بوەتەوەو ئێستا هەموو جومگەکان بەدەست خوێنی گەرم و عەقڵی نوێوەن.لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، ئەنجومەنێکی سەرکردایەتی هەڵبژێردرا کە لە 121 ئەندام پێکدێت.

هەموو کاری کۆنگرە لە هەڵبژاردنی ئەو ئەنجومەنەدا کورت کرایەوە و کارەکانی دواتر سپێردران بەو ئەنجومەنە، بەڵام تا ئێستا بەشێک لە ڕاسپاردەکانی کۆنگرە هێشتا دەستیان بۆ نەبراوە.
لە جیهاندا لە کۆنگرەی حزبەکاندا، کەسی یەکەمی حزب هەڵدەبژێردرێت، پێداچوونەوە بۆ پەیڕەوی ناوخۆ دەکرێت و ئەندامانی دەستە باڵاکانی ناو حزب بە هەڵبژاردن دەستنیشان دەکرێن و لەناو کۆنگرەشدا ڕەخنە لە کارەکانی پێشووی حزب دەگیرێت.

بەڵام کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی زۆرێک لەمانەی تێدا نەبوو نە سەرۆک لەوێ هەڵبژێردرا و نە پەیڕەو و پرۆگرام پەسەند کرا و نە ڕەخنەشیان لە خۆیان گرت، ئەم کارانە هێڵدرایەوە بۆ دوای کۆنگرە، بەڵام وا ساڵێک تێدەپەڕێت ودەوترێت ڕاسپاردە و کارەکانی کۆنگرە کە دەبوو لەماوەیەکی کەمدا بکرێن هەر وەک خۆیانن.

لەسەرو بەندی کۆنگرەدا بەرپرسانی یەکێتی دەیانوت یەکێتی فۆرمێکی نوێ بۆ کۆنگرە پەیڕەو دەکات و جیاوازە لە هەموو ئەو فۆرمانەی کە پێشترکاریان پێکراوە، ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە یەکێتی بە پلان و وەک بەشێک لە ئەجیندای خۆی ئەم فۆرمەی پەیڕەو کرد.

ماوەیەک دوای کۆتاییهاتنی کۆنگرە لە ئەنجومەنی سەرکردایەتییدا، دوو هاوسەرۆک بۆ یەکێتی هەڵبژێردران، ئەمە یەکەم ئەزموونی کوردییە کە دوو هاوسەرۆک لە حزبێکدا هەبن و هەردووکیشیان پیاو بن، چوونکە لە بنەمادا فەلسەفەی هاوسەرۆکی بۆ ئەوەیە ژنێک و پیاوێک لە یەک پێگەدا بن و هاوئاست بن.

دواتر هەر لەناو ئەنجومەنەکەدا مەکتەبی سیاسیی پێکهێنرا پاشانیش ئۆرگانەکانی حزب نوێکرانەوە و بەرپرسی نوێیان بۆ دەستنیشانکرا، بەڵام تا ئێستاش کێشەی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی کۆتایینەهاتووە.

تا ئێستا ئەو بەشەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکە یەکلایینەکراوەتەوە کە دەسەڵات و ئەرکەکانی ئەنجومەنەکە دیاری دەکات.ئەوەش کێشەیەکی گەورەی ناوخۆیی بۆ یەکێتی دروستکردووە، چوونکە تا ئێستاش دیار نییە کە ئایا ئەنجومەنەکە لەسەرو سەرکردایەتییەوەیە یان پابەندی سەرکردایەتی؟ئەم ناکۆکییەش بەتەواوەتی لە بڕیاری سڕکردنی مەلا بەختیاردا وەدەرکەوت، سەرکردایەتی بڕیارەکەی دا و ئەنجومەنی باڵا ڕەتیکردەوە

یەکێکیتر لە تایبەتمەندییەکانی یەکێتی دوای کۆنگرەی پێنجەم بریتییە لە سیاسەتکردن بە دوو ئاراستەی جیاواز، ئاراستەیەک  لەناو حکومەتدا و پۆستە باڵاکانی لایە و لەگەڵ پارتیدا تەبایە
ئاراستەیەکیش کە خۆی وەکو ئۆپۆزسیۆن نمایش دەکات و لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لە ململانێێ تونددایە، ئاراستەی یەکەم تا دێت لە پارتی نزیکتر و ئاراستەی دووەم پێچەوانەکەی.
دەوتریت ئەمە ڕۆڵ دابەشکردنەو هەردوو ئاراستەکە رێککەوتوون بەو جۆرە ڕوبەڕوی هەر پێشهاتێک ببنەوە کە ڕو لە یەکێتی دەکات.

یەکێتیەکان پێیان وایە لە دوای کۆنگرەوە ئەو سڕ بونەی تێپەراند کە بە هۆی نەخۆشکەوتنی مام جەلالی سکرتێری کۆچکردوی حزبەکەوە ڕوی لە یەکێتی کردبوو.

بەشیكی زۆر لە سەرکردە دێرینەکانی یەکێتی لە ماڵەوە دانیشتون و گلەیی لە دۆخی ئێستای حزبەکەیان دەکەن و بەشێک لە جەماوەری یەکێتیش لایان وایە هیچ شتێک نەگۆڕاوە جگە لە دەموچاوەکان.

یەکێتی ئێستا جیاوازە لە یەکێتی پێش کۆنگرەو وەک چاودێران دەڵین لە دوای کۆنگرەوە یەکێتی دەتوانیت هیڵی سور بۆ هێزە ڕکابەرەکانی دابنێت لە ڕوداوەکاندا، بە تایبەت بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان.

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

زۆرترین بینراو