#عەلی حەمە سالح

لە پاکستان دەستدرێژیکەرانی سێکسی بە 'خەساندن' سزا دەدرێن

هەواڵی / 3/12/2020 325 جار بینراوە

لە پاکستان دەستدرێژیکەرانی سێکسی بە 'خەساندن' سزا دەدرێن

 

عومران خان، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، رەزامەندی لەسەر یاسای نوێی سزادانی دەستدرێژیکەرانی سێکسی پێشاندا. سزاکە بریتییە لە خەساندنی کیمیایی دەستدرێژیکەرەکان.

رۆژنامەی 'زە سەن'ی بەریتانی بڵاوی کردەوە، سەرۆکوەزیرانی پاکستان رازیبووە بەپێدانی پشتگیری بۆ رێوشوێنەکانی بەدواداچوونی خێرا لە کەیسەکانی دەستدرێژی سێسکی و باشترکردنی پڕۆگرامی پاراستنی شایەتەکان.

پرۆژە یاساکە لە ژێر ناوی 'یاسای قەڵاچۆکردنی دەستدرێژی'، لەلایەن وەزارەتی دادی وڵاتەکەوە خرایە بەردەستی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵات و سەرۆکوەزیرانە تەمەن 68 ساڵییەکە، رەزامەندی لەسەر بڕیارەکە دا.

عومران خان گوتی، هیچ چاوپۆشییەک لە دواخستنی بڕیارەکە ناکەین.. ئێمە پێویستیمان بە دەستەبەری ژینگەیەکی ئارامە بۆ هاووڵاتییەکانمان.

روونیکردەوە یاساکە ئاشکرا و روون دەبێت و بە تووندی جێبەجێدەکرێت، هۆشداری دا لەوەی رزگاربووانی دەستدرێژیی سێکسی، دەتوانن لەمەودوا بەبێ ترس سکاڵا لای حکومەت تۆمار بکەن و حکومەت پابەند دەبێت بە پاراستنی ژیانیان و ئاشکرانەکردنی ناسنامەکانیان.

 رفاندن دایکێک و کچە تەمەن 4 ساڵانەکەی. کە دایکەکە بەڵێنی کاری پێدرابوو، بەڵام ماوەی هەفتەیەک شوێنبزرکران و دەستدرێژیان کرایە سەر. لە نێو رای گشتی پاکستاندا کاردانەوەی لێکەوتەوە.

رووداوی ئەو دایکە، تۆقێنەر هاتە بەرچاو، بەتایبەت کە ئاشکرایکرد سێ پیاو لە نەخۆشخانەیەک بینیویانە و بەڵێنیان پێداوە کاری بدەنێ.

یاسای پاکستان، پێشتر سزای بەندکردنی 25 ساڵ یان لە سێدارەدانی بۆ دەستدرێژیکەران داناوە، بەڵام رۆتینی ناو دادگاکان، زۆرینەی جار دەبێتە هۆی بەلاداخستن و پشتگوێخستنی کەیسەکان.

رووداوەکانی دەستدرێژی سێکسی لە ماوەی رابردوودا، لە پاکستان زۆر دووبارە بوونەوە، لە شاری لاهور، لە نزیک رێگەی سەرەکی شارەکە، ماوەیەک لەمەوبەر ئافرەتێک بەبەرچاوی منداڵە بچووکەکانییەوە  چەند کەسێک بە کۆمەڵ دەستدرێژیان کردەسەر. ئەوەش وایکرد، سەرۆکوەزیرانی وڵات داوای لەسێدارەدانی ئاشکرای دەستدرێژیکەرەکان، یان خەساندنیان بەهۆی نەشتەرگەرییەوە بکات.

ئافرەتەکە لەسەر رێگەی سەرەکیی شارەکە، لەگەڵ منداڵەکانیدابوو کاتێک بەنزین لە ئۆتۆمبێلەکەیدا نەما، ئەوکات دوو پیاو لەبری هاوکاریکردنی، پەلاماریاندا و پاش شکاندنی جامەکانی ئۆتۆمبێلەکەی کە خۆی تێدا قایمکردبوو، ئافرەتەکە و منداڵەکانیان بەزۆر پەلکێشی کێڵگەیەکی نزیک رێگاکە کرد و لەوێ بەکۆمەڵ و بەبەرچاوی منداڵەکانییەوە، دەستدرێژییان کردە سەری.

پێشتریش دادگایەکی پاکستانی کەسێکی دادگایی کرد، کە دەستدر‌ێژی کردبووە سەر 30 منداڵ، کاتێک لە 'رێکخراوی پاراستنی منداڵان' کاریکردبوو، ئەو تۆمەتبارە بە لە سێدارەدان سزادرا.

یاسا نوێیەکەی سزادانی تۆمەتبارانی دەستدرێژیی سێکسی، لە رێگەی پێدانی دەرمان و تێکەڵەی کیمیایی خەساندنەوە، کەسە تۆمەتبارەکان ناچاردەکات لە کاتی بەندکردندا ئەو پێکهاتانە بخۆن، کە بەهۆیەوە توانای منداڵخستنەوەیان نامێنێت و دەخەسێنرێن، وزەی سێکسیشیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەبێتەوە. 

پێشتر چەندین وڵاتی دیکەی وەک ئیندۆنیزیا، چیک، ئۆکراینا، ویلایەتی ئالابامای ئەمریکا، مەغریب و نایجیریا، هەمان یاسایان بۆ سزادانی دەستدرێژیکەرانی سێکسی، بڕیوەتەوە.


زۆرترین بینراو