هاوسەرگیریی پیاوە ئێزدیه‌ 51 ساڵەکە و کچە 14 ساڵەکە هەڵوەشایەوە .

هەواڵی / 27/11/2020 355 جار بینراوە

هاوسەرگیریی پیاوە ئێزدیه‌ 51 ساڵەکە و کچە 14 ساڵەکە هەڵوەشایەوە .

جێگری میری کوردانی ئێزدی بۆ پەیوەندییەکان رایگەیاند، پرۆسەی هاوژینیی پیاوە 51 ساڵانەکە و کچە بچووکەکەی شنگال هەڵوەشایەوە.
 
جەهوەر عەلی بەگ، جێگری میری کوردانی ئێزدی بۆ پەیوەندییەکان بە رووداوی راگەیاند "دوای ئەوەی هەواڵی مارەبڕینی شێخ جووقی سەلۆ، تەمەن 51 ساڵان لەگەڵ کچێکی بچووکی شنگال بەناوی ئەلیس بڵاوبووەوە، پەیوەندیمان بە جووقی سەلۆوە کرد، ئەویش پێی راگەیاندین کە هەڵەیەکی کردووە و پەشیمانە و جارێکی دیکە کاری وا دووبارە ناکاتەوە، پرۆسەی هاوسەرگیرییەکە هەڵوەشایەوە".
 
جێگری میری کوردانی ئێزدی بۆ پەیوەندییەکان وتیشی "جووقی کچەکەی نەگواستووەتەوە، بەڵکو تەنها مارەی بڕیبوو. سەبارەت بە رێکارەکان، دۆسیەکە دەبرێتە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان بۆ داخستنی و کۆتاییهێنان بەو کارە".
 
هەواڵی هاوسەرگیریی پیاوێکی 51 ساڵانی ئێزدی لەگەڵ کچێکی بچووک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی لێکەوتەوە.
 
پیاوەکە ناوی شێخ جووقی سەلۆ تەحسینە و تەمەنی 51 ساڵانە، دانیشتووی کۆمەڵگەی دۆمیزە لە سنووری پارێزگای دهۆک، ناوبراو رایگەیاندبوو، هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی تەمەن 18 ساڵ کردووە بەناوی "ئەلیس"، کچەکە دانیشتووی کۆمەڵگەی "خانکێ"یە.
 
پێشتر خەیری بۆزانی، نوێنەری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە رووداوی راگەیاند، راستە شێخ جووقی و ئەو کچە هاوسەرگیرییان کردووە و کچەکە تەمەنی 14 ساڵە، بەڵام دینی ئێزدی رێگە بە هاوسەرگیریی ناکامڵ نادات، واتە خوار 18 ساڵ.
 
خەیری بۆزانی باسی لەوەش کرد "ئەوەی کراوە کارێکی کۆمەڵایەتییە و پەیوەندیی بە حکومەتەوە نییە، تەنانەت شێخی ئێزدیش مارەی ناکات".

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

زۆرترین بینراو