یوسف کیلابی: پاڵپشتی دابەشکردنی راستەوخۆی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن عێراقەوە دەکەین

هەواڵی / 17/11/2020 203 جار بینراوە

بۆ ئەم مەبەستە 100 پەرلەمانتاری عێراق واژۆیان کۆکردووەتەوە
یوسف کیلابی: پاڵپشتی دابەشکردنی راستەوخۆی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن عێراقەوە دەکەین

شه‌ن پرێش:
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پاڵپشتی دابەشکردنی موچەی فەرمابنەرانی هەرێم دەکەن بە جۆرێک راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێم بێت، دەشڵێت، "لەرێگەی ئاسایشی وزەوە هەوڵدەدەین باڵادەستی سەرکردەکانی کورد بۆ نەوتی هەرێم کۆنتڕۆڵ بکەین."

یوسف کیلابی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا، ئاماژەی بەوەکرد، پاڵپشتی دابەشکردنی موچەی فەرمابنەرانی هەرێم دەکەن بە جۆرێک راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێم بێت و رێگا نادەن فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بێ موچەبن، راشئگەیاند، "لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتوودا راستەوخۆ فەرمانبەرانی هەرێم لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنیەوە موچەی حکومەتی عێراق وەردەگرن بەبێ گەڕانەوە بۆ هەرێم، بۆ ئەم مەبەستە ١٠٠ پەرلەمانتاری عێراق واژۆیان کۆکردووەتەوە هەتا لە پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ جێگیری بکەن."

وتیشی، "پەرلەمانی عێراق موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی نەبڕیووە، حکومەتی هەرێم تەنها هەوڵیداوە لەگەڵ چەند کەسایەتیەکی عێراق رێکبکەوێت و پارە وەربگرێت و هەوڵی نەداوە رێککەوتی جدی لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی نەوتی هەرێمەوە جەختی لەوەشکردەوە، "ئەگەر هەرێم نەوتەکەی رادەستی سۆمۆ نەکات لە ئەنجومەنی ئاسایش سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین، رێگەنادەین هەندێک کەسایەتی و سەرکردەی کورد دەسبگرێت بەسەر داهاتی هەرێمداو لە رێگەی ئاسایشی وزەوە هەوڵدەدەین باڵادەستی سەرکردەکانی کورد بۆ نەوتی هەرێم کۆنتڕۆڵ بکەین."

ئاماژەی بەوەشكرد، "ناکرێت سێ پارێزگای عێراق سەربەخۆ نەوت بفرۆشن پارەی پارێزگاکانی تریشیان بۆ بنێردرێت، پێویستە بزانن داهاتی ناوخۆی هەرێم و داهاتی نەوتەکەی چۆن خەرجدەکرێت، پێویستە هەرێم لەڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە نەوتەکەی بفرۆشێت"، ئەوەشی خستەڕوو، "هەرێم لەگەڵ حکومەت و پەرلەمانی عێڕاقدا راستگۆ نەبوو."

ئەمەش دوای ئەوە دێت، بەرەبەیانی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو، پەرلەمانی عێراق پڕۆژەياسای کورتهێنانی دارایی (یاسای قەرزکردن)ی بەبێ رەزامەندی پەرلەمانتارانی کورد پەسەندکرد و بەپێی پڕۆژەياساکە، هیچ پارەیەکی هاوکاری یان بودجەیەک بۆ هەرێم نایەت تاوەکو پابەند نەبێت بە ناردنی ئەو بڕە نەوتەی کۆمپانيای سۆمۆ دياريدەکات.

زۆرترین بینراو