ئایە دروستە قەبر هەڵبەستن؟

هەواڵی / 7/11/2020 185 جار بینراوە

ئایە دروستە قەبر هەڵبەستن؟
دكتۆر شاخوان سيامنصورى

شه‌ن پرێس :
مەبەست لە هەڵبەستنی گۆڕ، دانانانی کێلی بەردینە یاخود کێلی چیمەنتۆ یان هەر جۆرێکی تر بە هەرچوار دەوری گۆڕی مردوەکەداو بەرزکردنەوە لە ئەرزەوە بەشیوەیەک وەک زیاتر لە نیو مەتر بەرز دەبێتەوە لە سەر زەوی یاخود زیاتر.
جا ئەم بابەتە زۆر جار برایان و خوشکان پرسیاریان کردوە دەربارەی و پێیان وتوم کە بۆچونی شەرع باس بکەم لەسەری، منیش لێرەدا بە پشتیوانی خوای گەورە، بە پوختی ئەو باسە ئەخەمە خزمەتی تۆی خوێنەر بە ئومێدی سود لێ وەرگرتن.
ئەوەی سەرنجم دابێت زانایانی ئیسلام لەسەر هەڵبەستنی گۆڕی مردو، دوو بۆچونیان هەیە:
#یەکەم: هەڵبەستنی گۆڕ نەشیاو ناپەسەندە(المکروه).
ئەم بۆچونە شەرع زانانی مەزهەبی ئیمامی ئەبوو حەنیفەو ئیمامی مالیک و ئیمامی شافعی و ئیمامی ئەحمەدی لەسەرەو کاریان پێ کردوە، بەڵام پێیان وایە هەرکات گۆڕ هەڵبەستن بۆ جیاکاری و خۆ بەگەورە زانین بێت ئەوە حەرامە.
بۆ زانینی زیاتری بۆچونەکانیان تەماشای ئەم کتێبانە بکە(تحفتة الفقهاء: السمرقندي، ١/ ٢٣٦. الذخيرة: المرغيناني، ٢/ ٢٧٨. المجموع: النووي، ٥/ ٢٣٦. المغني: ابن قدامة: ٣/ ٤٣٩).
 #دووەم: گۆڕ هەڵبەستن حەرام و نادروستە.
ئەم بۆچونەش قسەی هەر یەک لە ابن حزمی زاهیری و ئیمامی قورتبی و ئیمامی سەنعانی و ئیمامی شەوکانی و ئیمامی ابن بازو ئیمامی ابن عوسەیمینە، رەحمەتی خوایان لێ بێت.

بەڵگەکانیان
ئەگەر سەرنج بدەین هەردوو لایان هەمان بەڵگەی یەکتریان بەدەستەوەیە، بەڵام تێگەشتنیان بۆیان جیاوازە، بەشێکیان قەدغە کردنی پێغەمبەریان بە حەرام لێکداوەتەوە، بەشێکی تریان بە ناپەسەند(المکروه) لێکیان داوەتەوە.  بەڵام  ئەبێ ئەوە بزانین  لە هیچ کاتدا باش نیە ئەو هەڵبەستنە.
1_ لە سەحیحی موسلمدا هاتوە جابری کوڕی عبداللە ئەفەرموێت( نهى رسولُ الله صلَّى الله عليه وسلَّم أن يُجصَّصَ القبرُ، وأن يُقعَدَ عليه، وأن يُبنَى عليه) واتە: پێغەمبەر درودی خوای لێ بێت قەدەغەی کردوە هەڵبەستنی گۆڕو دانیشتن لەسەری و دروستکردنی خانوو لەسەری.
2_ هەڵبەستنی گۆڕ، هیچ کام لە چەرخە زێڕینەکان نەیان کردوە کە پێشینەی چاکی ئەم گەلەن. بەڵکو لە هەندێکیانەوە پێچەوانەی گێڕدراوەتەوە، وەک ئیمامی شافعی ئەفەرموێت( ولم أر قبور المهاجرين والأنصار مجصصة).
٣_ هەلبەستنی گۆڕ بۆ جوانیە، مردوش هیچ پێویستی بەو جوانیە نیەو بەڵکو بۆی بکرێتە خێر زۆر باشترە.
4_ ئەو هەڵبەستنە بەزایەدانی پارەو سەروەت و سامانە، کە لە ئیسلامدا ڕێگەی لێ گیراوەو نابێ پارە لە شتێکدا خەرج بکەین هیچ سودی نەبێت بۆمان.

پوختەی قسە
ئەوەی سەرنجماندا زانایان دوو بۆچونیان هەبوو، کە بۆچونی زۆریان ئەوە بوو کە ناپەسەندو مەکروهە، هەرچەند بەشێکیان وتویانە ناپەسەندێکەی قەدەغەکراوە( المکروە تحریما). بەڵام بەشێکی تریان فەرمویان بە هەموو شێوەیەک هەڵبەستن حەرامە و ڕێگە پێ نەدراوە، بۆیە پێم وایە هەڵبەستنی گۆڕ خۆی لە بنەڕەتدا کارێکی باش نیە، چونکە نەک سود بەکەس ناگەیەنێت بەڵکو هەندێ جار جێگەی زیاتر ئەگرێت و ئەبێتە بارگرانی بۆ قەبرسانەکان و نوسینی هەندێ دەستەواژەی نادروست لە سەریان، بەڵام خۆ ئەگەر یەکێک کردی نابێ وابزاندرێ ئەمە حەرامێکی زۆر گەورەی کردوەو دەستبەجێ ئەبێ تەوبە بکات و لایبات! کە ئەگونجێ کێشەی لێ دروست بێت کاتێک قەبرێک هەڵبەستراوە و دوای تێکبدرێتەوە.

       شاخوان سيامنصوري

زۆرترین بینراو