كۆمه‌ڵ بۆ په‌كه‌كه ‌و پارتی: به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك شه‌ڕی نێوان كورد - كورد ئیدانه‌ ده‌كه‌ین و ره‌تیده‌كه‌ینه‌وه‌

هەواڵی / 31/10/2020 89 جار بینراوە

به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌
كۆمه‌ڵ بۆ په‌كه‌كه ‌و پارتی: به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك شه‌ڕی نێوان كورد - كورد ئیدانه‌ ده‌كه‌ین و ره‌تیده‌كه‌ینه‌وه‌

شه‌ن پرێس:
ئه‌نجومه‌نی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌باره‌ی گرژییه‌كانی نێوان په‌كه‌كه‌و پارتی به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك شه‌ڕی نێوان كورد - كورد ئیدانه‌ ده‌كه‌ین و ره‌تیده‌كه‌ینه‌وه‌.

داواش له‌ سه‌رجه‌م لایه‌ن و چین و توێژه‌كان ده‌كات خۆیان له‌م جۆره‌‌ باسكردنه‌ بپارێزن چونكه‌ هه‌ر باسكردنی بۆ خۆی زه‌مینه‌ سازییه‌ بۆ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ.

به‌ پێویستیشی ده‌زانێت پارتی و یه‌كێتی و به‌ تایبه‌تی پارتی كه وه‌ك لایه‌نێكی شه‌ڕه‌كه‌ ناوی ده‌هێنرێت،‌ شه‌ڕی كورد و كورد قه‌ده‌غه‌ بكه‌ن و دژی بوه‌ستن، چونكه‌ دواجار به‌ زه‌ره‌ری هه‌موو كورد ده‌شكێته‌وه‌.

داواش له‌ په‌كه‌كه‌ ده‌كات باری خراپی سیاسی و ئابوری خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رچاو بگرێت و رێز له‌ دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كان بگرێت.

ئه‌نجومه‌نی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی باسی له‌وه‌شكردووه‌: "گه‌ر راست بێت ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی په‌كه‌كه‌ی له‌ پشت بێت ئه‌وه‌ كارێكی خراپه‌و دژ به‌ خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌ ئه‌نجامدراوه‌".

هه‌روه‌ك داواش له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆری نه‌وت نه‌كاته‌ پاساوی دواخستن و دابه‌شنه‌كردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.

له‌ كۆتایدا به‌یاننامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی سیاسی كۆمه‌ڵدا جه‌خت له‌وه‌كراوه‌ته‌وه‌  "داواكارین له‌ هه‌موو لایه‌ك خۆ له‌ گرژی و ئاڵۆزی و زه‌مینه‌ی شه‌ڕ بپارێزن".

دەقی ڕاگەیەنراوەکه"
بسم الله الرحمن الرحیم
جه‌ماوه‌رى كوردستان
حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان

وێڕاى خراپی دۆخى هه‌موو پارچه‌كانى كوردستان، لێره‌و له‌وێ باس له‌ هه‌ڵگیرساندنى شه‌ڕ ده‌كرێت له‌نێوان دوو لایه‌نى كوردى، ئێمه‌ بۆ مێژوو هه‌موو شه‌ڕێكى )كورد – كورد( ئیدانه‌ ده‌كه‌ین و ڕه‌تیده‌كه‌ینه‌وه‌، وه‌ داوا له‌ سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ خۆیان له‌م باسكردنانه‌ بپارێزن، چونكه‌ هه‌ر باس كردنی، بۆخۆى زه‌مینه‌سازییه‌ بۆ هه‌ڵگیرساندنى شه‌ڕ.

وه‌ لێره‌شه‌وه‌ به‌ هه‌ردوو هێزى چه‌كدارى باشوور (یه‌كێتى و پارتى)، به‌تایبه‌ت (پارتى) (كه‌ ئێستا ناوى ده‌هێنرێت وه‌كو لایه‌نێكى شه‌ڕه‌كه‌) ده‌ڵێین؛ كه‌ شه‌ڕى كورد و كورد قه‌ده‌غه‌ بكه‌ن و دژى بوه‌ستن، چونكه‌ دواجار به‌ زه‌ره‌رى هه‌موو كورده‌.
وه‌ داواش له‌ (په‌كه‌كه‌) ده‌كه‌ین، كه‌ بارى خراپى سیاسیی و ئابوورى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان له‌به‌رچاو بگرێت و ڕێز له‌ دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كان بگرێت. گه‌ر ڕاست بێت ته‌قاندنه‌وه‌ى بۆرى نه‌وت ده‌ستى ئه‌وانى له‌پشت بێت، ئه‌وا كارێكى خراپه‌و دژ به‌ خه‌ڵكى هه‌رێم ئه‌نجامدراوه‌، ئه‌م میلله‌ته‌ به‌ش مه‌ینه‌ته‌ كه‌ به‌ دوو مانگ جارێك به‌شه‌ مووچه‌یه‌ك وه‌رده‌گرێت، به‌رگه‌ى شه‌ڕى كورد كوژى ناگرێت و داواش له‌ حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كه‌ین ئه‌مه‌ش نه‌كاته‌ پاساوى زیاتر بۆ بارگرانكردنى ژیان و گوزه‌رانى هاووڵاتیان و دواخستنى زیاترى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران.

له‌ كۆتاییدا داواكارین هه‌موو لایه‌ك خۆ له‌ گرژیى و ئاڵۆزى و زه‌مینه‌ى شه‌ڕ بپارێزن و به‌زه‌ییه‌كیان به‌ حاڵى میلله‌تى كورددا بێته‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نى سیاسیى/
كۆمه‌ڵى ئیسلامیى كوردستان
31/10/2020

زۆرترین بینراو