لەبارەی فرەژنی،ئەوەی دەبێ قسە بکات بێدەنگە...!!

هەواڵی / 23/10/2020 241 جار بینراوە

لەبارەی فرەژنی،ئەوەی دەبێ قسە بکات بێدەنگە...!!
مەلا یاسین وەرتی

هەر کات بەهۆی لێدوانی کەسێک یان بڕیارێکی حکومەتەوە باسی فرەژنی دێتەگۆڕێ، لە فەیسبوک و ڕاگەیاندنەکانەوە دووبەرەی دژبەیەک دەکەونە قسە، ئەو دوو بەرەیە لایەکیان (پیاوی ژندار)ن کە سەرسەختانە بەرگری لە فرەژنی دەکەن، لایەکەی تر (ژنی بەمێرد)ن، ئەوانیش سەرسەختانە دژی فرەژنی دەوەستنەوە.

لەولاوە چینێکی تر هەن کە لەهەمووان زیاتر پەیوەندیدارن بەو باسەوەو بەحساب شەڕەکە لەسەر ئەوانە کەچی قسەیان نیەو بێدەنگن ئەوانیش (ژن و کچی بێ مێرد)ن، بەتایبەت گەورەکچان و ئەوانەی لە هاوسەرەکانیان جیابوونەتەوە یان هاوسەرەکانیان لەدەست داوە.

 بە بۆچوونی من لە مەسەلەی فرەژنی دا (کە ئیسلام ڕێی داوە پیاو لەیەک کاتدا تا چوار ژنی هەبێ) چینی یەکەم و دووەم ئامانج نین و لایەنی سەرەکی بابەتەکە نین، بۆیە پێداگیری زۆربەی ئەو ژن و پیاوانە بەرژەوەندی خوازانەیە نەک دڵسۆزانە.

بۆ نموونە:
زۆربەی ئەو پیاوی ژندارانەی بەرگری لە فرەژنی دەکەن بەناوی ئەوەی بێوەژن و کچی قەیرە زۆرە، هاندەری سەرەکیان حەزی سێکسی خۆیانە، بەتایبەت ئەو پیاوانەی پابەندی دینن و خۆیان لە پەیوەندی حەرام دەپارێزن دەیانەوێ لەو ڕێگەیەوە دەرگایەکیان بە ڕوودا بکرێتەوە.

(ژنانی مێرددار)یش لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان کە بەناوی مافی ئافرەتەوە دژایەتی فرەژنی دەکەن و خۆیان کردۆتە نوێنەری هەموو ژنان، ئەوانیش لە بانگەشەکەیاندا ڕاست ناکەن، تەنها بەرگری لە بەرژەوەندی خۆپەرستانەی خۆیان دەکەن و، هیچ بیرێک لەو ئافرەتانەی تر ناکەنەوە کە بێبەشن لە هاوسەری ژیان، کورد گوتەنی: جێی خۆیان گەرمەو هەقی ئەوانی تریشیان نیە.

بەڕای من ئەوەی لە ئێستادا دەبێ بەدەنگی بەرز قسە لەسەر  فرەژنی بکات و ڕای وەربگیرێ و بهێنرێتە قسە چینی سێیەمی کۆمەڵگان (ئافرەتانی بێ مێرد: گەورە کچان و ئەو ژنانەی جیابوونەتەوە یان هاوسەرەکانیان لەژیاندا نەماوە) ، ئایا ئەوان ڕایان چیە؟ داواکاریان چیە؟ ئامادەن ببنە هاوسەری دووەم و سێیەمی پیاوێکی ژندار؟ لەسەدا چەندیان ئەو جۆرە زەواجە پەسەند دەکەن و چەندیان ڕەتی دەکەنەوە؟

بەداخەوە ئەو چینە تا ئێستا کەمترین قسەو بەشداریان هەبووە لە گفتوگۆکانی فرەژنی دا، بۆیە دوو چینەکەی تر خۆیان کردووە بە دەمڕاستیان و بەناوی ئەوانەوە شەڕی حەزو بەرژەوەندیەکانیان دەکەن .

هیوادارم لەمەودوا خۆیان بێنە دەنگ و قسەی ناخی خۆیان لەوبارەوە بکەن، بەبێ ترس و شەرم تەعبیر لە واقعی ژیانی خۆیان بکەن، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیش بەشێوەی مەیدانی بچنە ناو کۆمەڵگاو لەڕێی ڕاپرسی و ڕووپێوی کۆمەڵایەتیەوە زانیاری دروست لەسەر ئەو بەشە بێبەشەی کۆمەڵگا بخەنە ڕوو.

زۆرترین بینراو