نێچیرڤان بارزانی لەنێوان بەرداشی باوک و کوڕدا !.. بۆچی نێچیرڤان بارزانی بە پیاوی (نیوەی ڕێ)ناو ده‌برێت؟

هەواڵی / 23/10/2020 510 جار بینراوە

کادیرانی پارتی، بەنهێنی یا ئاشکرا؛ ھۆکاری سەرەکی ئەم باڵ باڵێنە ئەگێڕنەوە بۆ مەسعود بارزانی
پێدەچێ کۆنگرەی داھاتوو بۆ نێچیرڤان بارزانی کۆتا کۆنگرەبێ ئەگەر ھەڵوەستەیەک نەکات.
نەکردنی کۆنگرە لە کاتی خۆیدا ھۆکاری سەرەکی بوونی باڵ باڵێنە لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور
نێچیرڤان بارزانی لەنێوان بەرداشی باوک و کوڕدا !.. بۆچی نێچیرڤان بارزانی بە پیاوی (نیوەی ڕێ)ناو ده‌برێت؟

ڕۆژنامەنووس بەدران محێدین

پشتبەستن بە مێژووی پارتی و خودی بنەماڵەی بارزانی لە کۆنگرەی داھاتوو ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە ئاخۆ مەسعود بارزانی وەک بارزانی باوک ھاوسەنگی ھێز لەنێوان کوڕ و بارزاکەی دابەش دەکات یا بە لایەکدا قوڵپی دەکاتەوە؟
 ئەیوب بارزانی دەڵێت: لە کۆنگرەی 8ی ساڵی 1970 لە ناوپردان؛ بارزانی باوک بۆ راگرتنی باڵانسی ھێز لەنێوان ھەردووک کوڕەکەی؛ ئیدریس و مەسعود توانی بە 450 دەنگ بۆ ھەریەکەیان هاوسەنگیی دەسەڵات رابگرێت، بەڵام وەک زۆربەی سەرکردە سیاسییەکان باسی دەکەن; ئەو ساختەکاریە لە کۆنگرەی 8 نەیتوانی ببێتە ھەوێنی تەبایی نێوان براکان بۆ دەسەڵاتی پشتاوپشتی پارتی دیموکراتی کوردستان.
بڕیارە پارتی کۆنگرەی 14 لە ساڵی ئایندەدا بکات، لەکاتێکدا 10 ساڵ بەسەر کۆنگرەی پێشوودا تێپەڕیوە و وەک ئەزانین نەکردنی کۆنگرە لە کاتی خۆیدا ھۆکاری سەرەکی بوونی باڵ باڵێنە لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی ئەوەش  بۆتە کێشەیەکی سەرەکی و زەقی بەرچاو لای بەرپرس و کادیرانی پارتی بەڕادەییەک بنەماڵەی بارزانی و سەرکردایەتی حزبەکەشیان ناتوانن نکوڵی لێبکەن یا بیشارنەوە، ئەمەش مەترسی دروستکردووە لە لەیەک ترازانی سەرانی ناو بنەماڵە.
وەک زۆر لە سەران و کادیرانی پارتی، بەنهێنی یا ئاشکرا؛ ھۆکاری سەرەکی ئەم باڵ باڵێنە ئەگێڕنەوە بۆ مەسعود بارزانی و هەر ئەوەشە زیاتر بۆتە هۆی دواخستنی کۆنگرە، تا بتوانێت بە تەواوی دەسەڵاتەکان بداتەوە دەست کوڕە گەورەکەی.
ھۆکاری کەمبوونەوە دەسەڵاتەکانی نێچیرڤان بارزانی لە ناو بنەماڵە و حزبدا دەرئەنجامی ھەڵەیەکی سیاسی خۆی بوو لە کۆنگرەی رابڕدوو، کاتێک لە پێناو پۆستی جێگری پارتی پشتی لە ھاوڕێکانی کرد ئەمەش بووە یەکەم هەنگاوی پوکانەوەی باڵەکەی چونکە دوای کۆنگرە مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی تەنانەت کادیرەکانی خوارەوەش ترسی ئەوەیان ھەبوو جارێکی تر نێچیرڤان بارزانی ئەوان بکات بە قوربانی پلە و پۆستی خۆی، هەر بۆیەش نێچیروان بارزانی بە پیاوی (نیوەی ڕێ)ناوئەبەن، واتە تا نیوەی ڕێ لەگەڵمانە یا لەگەڵ خۆی ئەمانبا، کاتێک ئەزانێ بەرژەوەندی لە ڕێگاکەی ترە، ئێمە لە نیوەی ڕێ جێ ئەهێڵێ و پشتمان تێدەکا، بۆیە ستەمە جارێکی تر بتوانین پشتی پێ ببەستین.
دوای دەسەڵاتی بەهێزی مەسرور لەناو حزب، پێدەچێ کۆنگرەی داھاتوو بۆ نێچیرڤان بارزانی کۆتا کۆنگرەبێ ئەگەر ھەلوەستەیەک نەکات.
 مەسرور بارزانیش دەیەوێت لەو کۆنگرەیە بە تەواوی دەستبگرێت بەسەر دەسەڵاتەکانی باوکیدا و کەسی یەکەمی بڕیاربەدەستبێ دەسەڵاتی ڕەهای هەبێ لەناو حزب.
لە ئێستادا مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی دەیانەوێت چۆن نێچیرڤان بارزانیان لە حزب و حکومەت پوکاندەوە بەو شێوەیەش لە کوردستان دووری بخەنەوە، ئەمەش لە رێگای کاندیدکردنیان بۆ سەرۆک کۆماری عێراق، کە لای پارتی ئەو پۆستە لەدوای ڕەوانشاد مام جەلالەوە، تەنها وەک پۆستێکی لاوەکیی و تەشرفیی حسابی بۆ کراوە و ئەکرێ.
 نێچیرڤان بارزانی خۆشی ھەستی بەو مەترسیە کردووە چونکە باش دەزانێت؛ بوونی بە سەرۆک کۆمار ئەستەمە بە تەواوی لە حزب و حکومەت و ھەرێمیش دور دەخرێتەوە، ئیتر ئەبێ پارتیەکان بزانن؛ ئەو کۆنگرەیە بۆ بنەماڵەی بارزانی و پارتیەکان ئاسان نابێت، ئێمەش چاوەرێی کات دەبین تا بزانین نێچیرڤان بارزانی خۆی ئەخاتە نێوان بەرداشی باوک و كوڕ و ورد و خاش دەبێت یا زوو فریای خۆی ئەکەوێ و خۆی بەلایەکدا شۆڕئەکاتەوە تا دووربێ لە بەرداشەکە و بەھێزەوە دەگەرێتەوە ناو یاریەکە.!

زۆرترین بینراو