بۆچی ھەندێک کەس زۆرتر ھەستیارن بەساردی و وەرزی سەرما؟

هەواڵی / 23/10/2020 134 جار بینراوە

بۆچی ھەندێک کەس زۆرتر ھەستیارن بەساردی و وەرزی سەرما؟

ھەندێک کەس زۆرتر ھەستیارن بەساردی و وەرزی سەرما وەک لە کەسانی ئاسایی و ھەستکردنیان بەساردی تەنیا لەوەرزە ساردەکاندا نییە، بەڵکو لەوانەیە لەڕۆژ و وەرزە گەرمەکانیشدا ھەر ھەست بەسەرما بکەن .
پلەی گەرمی لەش بەچەند شێوازێکی جیاواز لەلەشدا ڕێکدەخرێت؛ بەشێک لەمێشک کەپێی دەگوترێت (hypothalamus) وەکو تێرمۆستاتێکی گەورە کاردەکات بۆ ڕێکخستنی پلەی گەرما، کەلەڕێیەوە سیگناڵ دەنێرێت بۆ بەشەکانی لەش بۆ دروستکردنی گەرمی یاخود ڕێگا بۆ ساردبوونەوەی جەستە. ھەروەھا ئەم بەشەی مێشک کار لە غودەی دەرەقی دەکات بۆ ڕێکخستنی کرداری میتابۆلیزم و ڕاچەنین لە لەشداو دروستکردنی ووزە و سوتەمەنی لەڕێگای تێکشکاندن و ووردکردنی خۆراک . سووڕی خوێن یارمەتی بڵاوبوونەوەی گەرمی دەدات و چەوری ژێر پێست یارمەتی پارێزگاریکردن لە گەرمی دەکات. کەواتە ھەر کێشەیەک لەم سیستمانەدا دەبێتە ھۆی ئەوەی ھەست بەسەرما زیاتر بکەین .
کەواتە بەگشتی ھۆکارەکانی ھەستکردن بەسەرما زیاتر لەکەسێکی ئاسایی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ھۆکارانەی خوارەوە :
---- کەم خوێنی (anemia) : ئەم حاڵەتە ڕوودەدات کە ڕێژەی خرۆکەی سووری خوێن کەمدەبێتەوە .
---- کەم خواردن و نەمانی ئارەزووی خواردن(anorexia) : ئەمە دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی چەوری ژێر پێست بۆیە کەسەکە زووتر ھەست بەسەرما دەکات .
---- غودەی دەرەقی تەمبەڵ (hypothyroidism): کاتێک غودەی دەرەقی کەم ئیشدەکات و ڕێژەی ھۆرمۆنی تایرۆکسین کەمدەبێتەوە لەلەشدا و ئەمەش دەبێتە ھۆی تێکچوونی کرداری ڕاچەنین و میتابۆلیزم لەلەشدا و دروست نەکردنی ووزەی پێویست بۆ گەرمبوونەوە .
---- نەخۆشی بۆری خوێن (raynaud's syndrome) : کەئەمەش بەھۆی تەسکی بۆری خوێنەکان کە دەچن بۆ پەلەکان و دەبنە ھۆی ھەستکردن بەسەرماو ھەندێک جار شینبوونەوە لە پەلەکاندا .
----ھەر کێشەیەک یان نەخۆشییەک لە ناوچەی (hypothalamus) ی مێشکدا کە وەکو تێرمۆمیتەرێکی گەورەی لەش ئیشدەکات دەبێتە ھۆی تێکچوونی پلەی گەرمی لەش .
---فایبرۆمایەڵجیا : کەبریتییە لەحاڵەتێکی دەگمەنی ڕەقبوونی ماسولکەکان و ئازاری بەردەوام ، بینراوە ئەو کەسانەی ئەم حاڵەتەیان ھەیە زۆرتر ھەست بە سەرما دەکەن .
---- نەخۆشی شەکرە : بەھۆی بەرزبونەوەی ڕێژەی شەکری خوێنەوە گورچیلەکان تووشی تێکشکاندن دەبن، کە پێی دەوترێت (diabetic nephropathy)، یەکێک لەنیشانەکانی ئەم حاڵەتە ئەوەیە کەسەکە ھەست بە سەرما دەکات .
----هەندێک برینداری لە پێستدا یاخود پێکان وەکو شکاوی یان برینێکی کۆن ، شوێنەکەی  هەستیار تر دەبێت بە سەرما .
چ کاتێک پێویست بە پزیشک دەکات ؟
ھەندێک لەخەڵک زیاتر ھەستیارن بەرامبەر سەرماو زۆرتر ھەست بەسەرما دەکەن ، مەرج نیە ئەمە مانای نەخۆشی بێت . بەڵام ئەگەر ھەستیاری بەرامبەر سەرما لەپڕ زیادبکات، یان زۆر زۆر بێت لەوانەیە نیشانەی نەخۆشێیەک بێت بۆیە پێویستە ڕای پزیشک وەربگیرێت .
د.هه‌ڤین که‌مال شاه محمد
پسپۆڕی بێھۆشکاری و ئازارشکاندن
ئه‌ندامی پڕۆڤیشناڵی ئه‌کادیمیایی ئه‌مریکی بۆ ئازار شکاندن

زۆرترین بینراو