ئاری هه‌رسین : گۆڕان لە بری ڕیفۆرم ،ئەخلاقی ھەندێک لە گەنجەکانی ئێمەی بۆگەناوی کرد .

هەواڵی / 16/10/2020 304 جار بینراوە

ئاری هه‌رسین : گۆڕان لە بری ڕیفۆرم ،ئەخلاقی ھەندێک لە گەنجەکانی ئێمەی بۆگەناوی کرد .

شه‌ن پرێس :
پەرلەمانتارێكی پێشووى پارتى هێرشی توند ده‌كاته‌ سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ده‌ڵێت : سەرچاوەی ئەم کەرامەت ڕوشاندنە بزوتنەوەی گۆڕانە، کە پێی وابوو، بە نەھێشتنی کەرامەتی بەرامبەر ئەتوانێت ڕیفۆرم لە کۆمەڵگەدا بکات. کەچی لە بری ڕیفۆرم ئەخلاقی ھەندێک لە گەنجەکانی ئێمەی بۆگەناوی کرد

ئارى هەرسین - پەرلەمانتارى پێشووى پارتى بابه‌تێكی نوسیووه‌ و له‌ به‌شێكی دا ده‌ڵێت : تەکنۆلۆژیا ئەگەر لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا نەبێت، وەک کاڵایەکی بێ ئەرزش وایە کە لەبری ئەوەی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بکاتە سەروەر، ئەیکاتە کۆیلە. تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، وەک بەرھەمێکی تەکنۆلۆژیایی زانیاری نموونەیەکی ناشرینی ئەم بێ ئەرزش کردنەی ئینسانن.

ئاری هه‌رسێن ده‌ڵێت : بەندە ھەمیشە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانم وەک ڕۆژنامەیەکی شەخسی بەکار ھێناوە، بە مەبەستی دەریچەیەک بۆ دەربڕینی ڕای شەخسی خۆم لەسەر ڕوداوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ھونەریەکانی کوردستان و جیھان. بەڵام پاش ئەو ھەموو سوکایەتیەی کە بە مەھاباد قەرەداخی کرا (ئەویش پاش مردنی)، تێگەیشتم کە ئەگەر تەکنۆلۆژیای ئەتۆم، بۆمبێک ئەھێنێتە بەرھەم و بەسەدان ھەزار و بگرە ملیۆنەھا ئەکوژێت و لە ڕوی جەسەدیەوە سەقەتیان ئەکات، ئەوا ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتیانە لە ھەرێمی کوردستان شتێکی تر لە ئینسان ئەسەنێت کە زۆر لە ژیان گرنگترە، ئەویش کەرامەتە. بۆیە بڕیارم دا کە ھەردوو ئەکاونتی خۆم لە ئینستاگرام و فەیس بووک (پەیجەکەم) دابخەم. بەمەش، جگە لە تویتەر ھیچ پێگەیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە ژێر ناوی بەندەدا تەعبیر لە بۆچونە کانم ناکەن.

له‌ كۆتایدا ده‌ڵێت : سەرچاوەی ئەم کەرامەت ڕوشاندنە بزوتنەوەی گۆڕانە، کە پێی وابوو، بە نەھێشتنی کەرامەتی بەرامبەر ئەتوانێت ڕیفۆرم لە کۆمەڵگەدا بکات. کەچی لە بری ڕیفۆرم ئەخلاقی ھەندێک لە گەنجەکانی ئێمەی بۆگەناوی کرد و، بوە مامۆستای حیزبەکانی تریش کە چاو لە گۆڕان بکەن و بۆ شکاندنی بەرامبەر ھیچ سنورێک نەھێڵنەوە.