ئەگەر منداڵەکەم پلەی گەرمی لەشی بەرز بوو

هەواڵی / 24/9/2020 358 جار بینراوە

ئەگەر منداڵەکەم پلەی گەرمی لەشی بەرز بوو, لە چی کاتێکدا پێویستە سەردانی پزیشک بکەم؟

گەر بە جۆرێکی تر لێی بڕوانیت واتای پرسیارەکەم ئەوەیە کە بۆ هەموو حاڵەتێکی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش پێویست بە چوونە لای پزیشک ناکات! لە نووسینی پێشتردا ئامەژەم بەوەدا کە پێویستە لە هەموو ماڵێکدا گەرمی پێو هەبێت! ئێستا دەزانن بۆچی!
۱- هەموو منداڵێکی خوار تەمەنی سێ مانگی لە کاتی هەبوونی تادا جا هەر پلەیەک بێت, دەبێت ببرێتە لای پزیشک.
۲- منداڵ لەهەر تەمەنێکدابێت و جا هەر پلەیەک بێت بەڵام تایەکەی زۆر کاری لێکردبێت و بە جۆرێک تەنانەت ئەو کاتانەشی کە پلەی گەرمی لەشی ئاساییە بەڵام هەر خەواڵوو بێتاقەت و بێ چالاکی بێت.
۳- گەر منداڵەکەت تەمەنی زیاتر لە سێ مانگە و پلەی گەرمی ۳۸-۳۹سْ بێت؛ جگە لە تا هیچ نیشانەیەکی تری نییە, خەوو خواردن و چالاکی باشە و خۆشی هیچ نەخۆشییەکی دڵ و سی و زگماکی نییە ئەوا دەتوانیت لە ماڵەوە چارەی بکەیت {گەر تایەکەی درێژەی کێشا بۆ زیاتر لە ۲-۳ ڕۆژ یاخوود نیشانەی تری لێ بە دیار کەوت ئەوا دەبێت سەردانی پزیشک بکەیت}.
٤- گەر منداڵەکەت تەمەنی زیاتر لە ۳ مانگە و هەر لە سەرەتاوە پلەی گەرمی زیاترە لە ۳۹ سْ دەبێت ڕاستەوخۆ ببرێتە لای پزیشک.
۵- ئەگەر نیشانەی تری بەهێزی هاوشانی تایەکەی هەبێت وەک تەنگەنەفەسی, سکچوون, گەشکە, ڕشانەوە, لیر و سووربوونەوەی لەشی, سک ئێشەی توند, گۆڕانی ڕەنگی میز, خوێن بەربوون و شین و مۆربوونەوەی جەستە.
پاش چوونە لای پزیشک ئیتر ئەو بڕیار دەدات کێ لە نەخۆشخانە دەخەوێنێت و چ پشکنینێک ئەنجام دەدات و کێ دەنێرێتەوە بۆ ماڵەوە و چی بۆ دەنووسێت, بەڵام تکایە ئەوە بزانە لە کاتی هەبوونی تادا تۆ لە پزیشکەکەت زۆر گرنگتری بۆ منداڵەکەت! پزیشکەکەت تەنها ڕێنمایی چارەسەریت بۆ دەنووسێت بەڵام ئەوە تۆیت دەبێت پێی بدەیت و شەونخوونی بکەیت و پشووت درێژبێت و ڕێنماییەکان جێبەجێ بکەیت.
نووسینی داهاتوو لەسەر ئەو ڕێکارانە دەبێت ک پێویستە لە ماڵەوە بۆ جگەرگۆشەکەتی ئەنجام بدەیت لە کاتی هەبوونی تادا.


د. زانیار هیوا فەریق
پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان