سیستەمی تەندروستی مانای چییە؟

هەواڵی / 24/9/2020 180 جار بینراوە

سیستەمی تەندروستی مانای چییە؟

د.ئازاد مەنتک،پسپۆڕی ھەناو و دڵ
زۆر جار، لە میدیا و لە کۆڕ و کۆبوونەوە و دانیشتنەکان باس لە سیستەمی تەندروستی دەکرێت! هەیە، دەڵێت کە: سیستەمی تەندروستی لە کوردستان و عێراق بوونی نییە؟! وە هەشە بێئەوەی مانای سیستەمی تەندروستی بزانێت قسە و باسی لە سەر دەکات. هەشبووە، کە: تەواو دەریبڕیووە و پرسیوویەتی: ئەرێ، سیستەمی تەندروستی مانای چییە؟

ئەگەر سەیری تەندروستی بکەین، وە پێناسەیەکی تەواوی تەندروستی بکەین، ئەوا: باشترین وەسف و پێناسەی تەندروستی هەتا هەنووکە ئەوەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی (WHO)یە، کە دەڵێت: تەندروستی بریتییە لە دروست بوون و پێگەیشتنی جەستە و بیر و ئابووری و لایەنی کۆمەڵایەتی مرۆڤ، نەک تەنها دوور بوون بێت لە نەخۆشی و پەککەوتەیی.

• سیستەمی تەندروستی :(Health Systems) ئەو ئۆرگان و ڕێکخستن و ڕێکخراوەیە، کە پێکدێت لە (خەڵک و دام ودەزگا و داهاتەکان) کە بە ئامانجی پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری تەندروستی کار دەکات، هەتا تەندروستییەکی باش بۆ کۆمەڵە خەڵکێکی دیاری کراو وەدەست بێنێت، وە ئەو کۆمەڵە خەڵکە باشترین جۆری خزمەتگوزای تەندروستییان پێشکەس بکرێت.
لەمەدا، دەردەکەوێت کە: سیستەمی تەندروستی بەتەنیا یەک چین لە کارمەند و فەرمانبەری تەندروستی ناگرێتەوە بەڵکو (خەڵک، پزیشک، کارمەند، فەرمانبەر، دەستی کاری بواری تەندروستی..هتد)، وە دام و دەزگا و دامەزراوە تەندروستییەکان و پەیدا کردنی داهات و تێچوونی بەردەوام بۆ زامن کردنی بەردەوام بوونی هەموو خزمەتگوزارییەکان و خزمەتەکانی کە پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکرێت، هەتا هەم ژینگەیەکی تەندروست دروست ببێت، وە هەم خەڵک بکەونە خۆشی و خۆشگوزەرانی و ژیانێکی تەندروست و ساغیان هەبێت.

• ئامانجەکانی سیستەمی تەندروستی:
ئامانجی هەموو سیستەمێکی تەندروستی و هەر جۆرێک بێت یەکە، وە هەموویان هەر ئەو ئامانجەیە کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی بۆ سیستەمی تەندروستی دیاری کردووە، بەوە کە سیستەمی تەندروستی مەبەستیەتی کە:

أ‌. دابین کردنی تەندروستییەکی باش بۆ هاووڵاتییان، وە فەراهەم کردنی هەموو خزمەتگوزارییەکی تەندروستی و لە ئەوپەڕی باشیدا.

ب‌. بە پیر هیوا و خوازی دانیشتووان بچێت، وە هاووڵاتییانی ووڵات چ لێی داوا دەکەن و چۆن دەوێت ئەو جۆرە خزمەت و کارە و خزمەتگوزراییە پێشکەش بە هاووڵاتییان بکات.

ت‌. دۆزینەوەی سەرچاوە و داهاتی ڕاستەقینە و ڕاست بۆ دابین کردنی تێچوونەکان و پێشکەوتنیان.

ث‌. دڵنیا بوون لە بەردەوام بوونی هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێشکەش کراون بۆ ماوەی دوور و بەردەوام.

• چۆنیەتی جێبەجێ کردنی کارەکانی سیستەمی تەندروستی:
بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی سیستەمی تەندروستی، ئەوا: زۆر کار و کردەوەکانی سیستەمی تەندروستی بە زۆر ڕێگا و شێواز دەتوانرێت ڕوو بدات، وە کاری لە سەر بکرێت. ئەوانیش:

أ‌. باشتر کردن و بەرەو پێشبردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و هەموو کات خزمەتی تەندروستی کە پێشکەش دەکرێت لە ئەوپەڕی باشی و ستاندارد بێت.

ب‌. پەیدا کردنی بوودجەی تەواو و بەردەوام بۆ سیستەمی تەندروستی، وە بە جۆرێک کە: هەموو تێچوون و بوودجەی تەندروستی هەبێت، وە دەوام بکات.

ت‌. پێدانی پارە، وە تەمویل کردنی بەردەوامی سیستەمی تەندروستی (Financy).

ث‌. چاودێری کردن و بەدوا داچوونی تەواوی هەموو سیستەمە تەندروستییەکە (Stewardship).

• ئاکارەکانی سیستەمی تەندروستی:
زۆر پێناسە و ئاکاری دیاری سیستەمی تەندروستی هەیە، وە زۆر شێوازی دیاری کراو هەیە بۆ تەواو هەڵسەنگاندن و زانینی سەرکەوتنی سیستەمی تەندروستی لە ووڵاتان پی دەناسرێت. کە زۆر لەو هەڵسەنگاندنە لە ووڵاتیکەوە بۆ ووڵاتێکیدی دەگۆڕێت، وە جیاوازە لەوانە:
0. هەیە بە شێوەی کە: جۆریەتی (Quality)، توانا (efficiency)، وە ڕازی بوون و بەقەد هیواکان (acceptability)، وە یەکسانی (equity).

1. وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا: لە وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە پێنچ (C) پێناسەی سیستەمی تەندروستی دەکەن، ئەوانیش: تێچوون (cost)، گرتنەوە (Coverage)، پێکهاتە (Consistancy)، ئاڵۆزی و گرفتەکان (complexity) وە نەخۆشییە درێژخایەنەکان.(Chronic Illness).

• سیستەمی تەندروستی و بوونی سیستەمی تەندروستی لە کوردستان:
سیستەمی تەندروستی هەر بەتەنیا چارەسەر کردنی نەخۆش ناگرێتەوە! بەڵکو لەوە زۆر گەورەترە، وە فراوانترە کە تەنیا بەشێکی کەمی سیستەمی تەندروستی چارەسەر کردنی نەخۆشی و نەخۆشەکانە بەڵکو کار و ئەرکی سیستەمی تەندروستی لەو زۆرترە و گەورەترە. سیستەمی تەندروستی لە هووندڕی ئەو ماڵە دەست پێدەکات، کە: دایکێک هیچ خویندەوارییەکی نییە بەڵام ئەرکی چاودێری کردنی منداڵەکەی پێ سپێردراوە و چارەسەری پێدەدات، واتە: زیاد کردنی هۆشیاری دروستی ناو ماڵ و تاک و گەڕەک و شار و کۆمەڵگا.
وە هەروەها کەرتی تایبەت و کۆمپانیایەکانی دڵنیایی تەندروستی (Health Insurance Organizations)، تەندروستی شوێنی کار (occupationa health)، وە سەلامەتی شوێنی کاردکردن .(safety legislation) هەر لەبەر ئەوە، بۆ بوونی سیستەمێکی تەندروستی باش پێویستی بە هەماهەنگی هەموو سێکتەر و کەرەتەکان هەیە بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی و چەسپاندنی سیستەمی تەندروستی لە ووڵاتدا، بۆ نموونە: بوونی پەیوەندی تۆکمە لە نێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی پەروەردە، وە بەجۆرێک کە پڕۆگرامەکانی خوێندن بۆ باشتر کردن و بەرەو پێشبردنی سیستەمی تەندروستی تەرخان بکرێت، وە پەروەردە هاوبەش هەبێت، بۆ نموونە: لە پڕۆگرامەکانی خوێندن ئاساییە کە بەرنامە و پڕۆگرام لە سەر تەندروستی ئافرەتان یان تەندروستی منداڵ یان ..هتد هەبێت، وە هەموو کەرت و وەزارەت و بەشەکان هەماهەنگ بن لە زیاتر بە سیستەم بوون و دیاری کردنی هەبوونی سیستەمی تەندروستی.
ووڵاتی عێراقی فیدڕاڵ، وە کوردستان وەکو بەشێک لەم ووڵاتە هەر لە ساڵانی حەفتایەکانی سەدەی ڕابردوو سیستەمێکی ناوەندی تەندروستی هەبوو، بەوەی کە هەموو نەخۆش ڕەوانە (ئیحالە)ی ناوەندی تەندروستی دەکرا، وە لەوێ چارەسەریان بۆ دەکرا و نەخۆشی بنبڕ دەکرا. هەتا ڕادەک ئەو سیستەمە لە سەرەتای دامەزاراندی و هەتا ساڵانی پێش شەڕی (ئازاد کردنی عێراق) سەرکەوتوو بوو، وە تەنانەت لە سەرەتای حەفتایەکان سیستەمی ووڵاتی عێراقی فیدڕاڵ یەکێک بوو لە سیستەمە سەرکەوتووەکانی تەندروستی بە بەراورد بە سیستەمی ووڵاتانی درواسێی عێراق و ناوچەکە، وە لە هەموویان پێشکەوتووتر بوو. هەرچەند هەنووکە و دوای ساڵی (٢٠٠٣ز) گۆڕانکاری زۆر بە سەر ووڵات و کەسەکان داهاتووە، وە زۆر پێشکەوتن و گۆڕانکاری بە سەر شێوازی ژیان و فەرهەنگی ووڵات و کوردستان داهاتووە بەڵام لەگەل ئەوە سیستەمە کۆنەکە هەر بە نیوە چڵی یان بە تەواوی جێبەجێ ناکرێت، وە زۆر جار کەموکورتی تێدا دەبینرێت. ئەگەر سەیری دوا ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ بکەین، کە: لە ساڵی (٢٠٠٥ز) دەرچووە، دەردەکەوێت کە: نەخۆشییەکانی گرانەتا، وە کۆلێرا، مەلاریا، وە نەخۆشی سیل لە عێراقدا بەشێوەی بەرچاوتر و زۆرتر هەبوو بە بەراورد بەووڵاتێکی هاوشێوە و ئاستی خۆی! واتە: ڕێژەکەیان زیاتر و زۆرتر بووە. هەر لە ساڵی (٢٠٠٥ز) ئەگەر سەیری ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ بکەین، دەبینین: بۆ هەر (١٠٠٠٠) کەس لە دانیشتووان تەنیا (١٥) قەرەوێڵە و جێگا هەبووە، وە تەنیا (٦.٣) پزیشک بۆ ئەو ژمارە زۆرە لە نەخۆش هەبووە، وە تەنیا (١١) کارمەندی تەندروستی بۆ هەمان ژمارەی دانیشتووان هەبووە.

• چاودێریکردنی سیستەمی تەندروستی: بە دانانی ڕێسا و یاسای تایبەت بە سیستەمی تەندروستی و بوونی پلان بۆ بەڕێوە بردن و پێشکەوتنی سیستەمی تەندروستی، کە: هەموو لایەنەکانی سیستەمی تەندروستی بگرێتەوە، وەک:
0. کەرتی تایبەت :(Private Sector)

1. تەندروستی و دروستی تاک و دابین کردنی بوودجە و داهات بۆی.

2. دەرمان و پێداویستییەکانی دەرمان.

3. دابین کردنی دەستی کار و داهاتە مرۆییەکان بۆ کەرتی تەندروستی.

4. تەندروستی گشتی (Public Health): تەندروستی گشتی و تەندروستی کۆمەڵ، زۆر لایەنی تەندروستی دەگرێتەوە، لەوانە: ڕوودانی نەخۆشییەکان (epidemiology)، وە ئامارەکان (Biostatics) و خزمەتگوزاری تەندروستی، وە ژینگە و کۆمەڵ، خوو ڕەوشت و ڕەفتارەکان، وە تەندروستی شوێنی کارکردن .(Behavioral & Occupational Health).