#ڤایرۆسی کۆرۆنا

پەرلەمانی عێراق: قۆرغکاری کۆمپانیا مۆبایلە حزبییەکان نامێنێت .. کۆنتڕۆڵی دەزگا سیخورییەکان نامێنێت

هەواڵی / 24/9/2020 236 جار بینراوە

کۆنتڕۆڵی دەزگا سیخورییەکانی حزب بەسەر ئەم کۆمپانیا حزبیانەوە نامێنێت
بەشداربوانی تۆڕەکانیش ناڕەزایی لە گرانی کارتی پەیوەندیکردن دەردەبڕن
پەرلەمانی عێراق: قۆرغکاری کۆمپانیا مۆبایلە حزبییەکان نامێنێت .. کۆنتڕۆڵی دەزگا سیخورییەکان نامێنێت

شه‌ن پرێس:

دو ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنن، پەرلەمان بڕیارێکی گرنگیدا بە ناچارکردنی حکومەتی عێراق بۆ دامەزراندنی کۆمپانیای نیشتیمانی پەیوەندیەکان (کۆمپانیاکانی مۆبایل) بەوەش "قۆرغکاری کۆمپانیا مۆبایلە حزبییەکان نامێنێت".

هەریەکە لە پەرلەمانتاران غالب محەمەد و سەرکەوت شەمسەدین لە بەیاننامەیەکدا هاوبەشدا بڵاویانکردەوە، "ئەمڕۆ 24ی ئەیلول ی 2020 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بریارێکی گرنگیدا بە ناچارکردنی حکومەتی عێراق بۆ دامەزراندنی کۆمپانیای نیشتیمانی پەیوەندیەکان (کۆمپانیاکانی مۆبایل)".

ئاماژەی بەوەشکردوە، بڕیارەکەی ئەمڕۆ دوای بڕیاری دادگای کەرخ بە راگرتنی مۆڵەتی کۆمپانیا حزبییەکانی بواری مۆبایل، هەنگاوێکی گرنگە بۆ دەرهێنانی بواری پەیوەندییەکان لە دەستی کۆمپانیا حزبییەکان و گێڕانەوەی بەشێک لە داهاتەکەی بۆ خەزێنەی دەوڵەت لەبری خەزێنەی حزب.

ئەو دو پەرلەمانتارە دەشڵێن، بڕیارەکە دەبێت هۆی ئەوەش "کۆنتڕۆڵی دەزگا سیخورییەکانی حزب بەسەر ئەم کۆمپانیا حزبیانەوە نەمێنێت و بەڵکو دەوڵەت و پەرلەمان دەتوانێت چاودێری کارەکانی بکات و فشارەکانیشیان بەردەوام دەبێت تا بە واقعکردنی ئەم بریارە".

لەئێستادا لەسەر ئاستی عێراق چەند كۆمپانیایەكی ئەهلی مۆبایل هەن، بەشداربوانی تۆڕەکانیش ناڕەزایی لە گرانی کارتی پەیوەندیکردن دەردەبڕن، بەجۆرێک کارتێکی پێنج هەزار باڵانسی بەرامبەرە بە شەش هەزار دینار، کارتێکی 10 هەزار باڵانسی بەرامبەرە بە 12 هەزار دینار، بە دروستكردنی كۆمپانیای حكومی چاوەڕوان دەكرێت نرخەكانی قسەكردن و نرخی خزمەتگوزارییەكانی دیكەی مۆبایل دابەزێنرێت.

زۆرترین بینراو